ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا
2025-04-17 103 جار خوێنراوەتەوە

ئیلهام ئەحمەد: گەلانی سوریا سیستەمی لامەرکەزیی بە چارەسەر دەزانن

ناوەندی هەواڵ

ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دیداری سلێمانی دا وتارێكی سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان و سوریا پێشكەش كرد.

ئیلهام ئەحمەد لە سەرەتای قسەكانیدا ڕایگەیاند، مەحاڵە بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی پێش ساڵی 2011، چونكە سیستەمی ناوەندگەرایی كێشەكان چارەسەر ناكات، جەختی لە پێویستی ڕێزگرتن لە فرەچەشنی سوریا و دەستەبەركردنی مافەكانی كورد و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی كۆمەڵگا لە دەستووردا كردەوە.

زۆربەی گەلانی سوریا سیستەمێكی مەركەزییان ناوێت

هاوسەرۆكی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاماژەی بەوەشكرد، زۆرینەی گەلانی سوریا سیستەمێكی مەركەزییان ناوێت، گەلانی سوریا پێشتر داوای لامەركەزییان كردووە، ئێستا ڕەتكردنەوەی نامەركەزی كێشەی نوێ درووست دەكات، بۆیە نامەركەزی چارەسەری قەیرانی ئێستایە، سوریا پێویستی بە چارەسەری نوێیە بۆ رزگار بوون لە قەیرانەکانی ئێستا.

ئیلهام ئەحمەد ڕوونیشیكردەوە، گرنگە هەموو لایەنەكانی بەشداربن لە داڕشتنی دەستوور و ئیدارەی سوریا، بۆ بەشداریكردن لە بنیاتنانی وڵاتێکی دیموكراتیک، دەمانەوێت بەشداری لە داڕشتنەوەی دەستوور و ئیدارەی نوێدا بكەین، گەلانی سوریاش بڕیاریانداوە لە پێناو ئازادیی و كەرامەتی خۆیاندا پاشەكشە نەكەن.

ئێمە بەدوای ڕێككەوتنی قووڵتردا دەگەڕێین سەبارەت بە پرۆسەی دەستووری و سیاسی

ئیلهام ئەحمەد سەبارەت بە ڕێككەوتنەكانی نێوان حكومەتی دیمەشق و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی وتی: "بەدوای ڕێككەوتنی قووڵتردا دەگەڕێن سەبارەت بە پرۆسەی دەستووری و سیاسی و ئاوەدانكردنەوەی سوریا.

ڕێككەوتنی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع تۆمەتەكانی هەوڵی جیابوونەوەیان پووچەڵكردەوە.

ئیلهام ئەحمەد، باسی لە ڕێككەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكراتیک و ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتی دیمەشق كرد و ڕایگەیاند "ئەم ڕێككەوتنە بۆ چارەنووسی كورد و پێكهاتەكانی تری سوریا گرنگە و ئەو تۆمەتانەی پووچەڵكردەوە، كە گوایە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بە دوای جیابوونەوەدایە."

سەبارەت بە هێرشەكانی سەر باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئیلهام ئەحمەد وتی: "ئەو تێکۆشانەی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامی دەدەن، تێكۆشانە لەپێناو ئازادیی و شكۆی گەلانی ناوچەكە، هەروەها تێكۆشان ڕاناوەستێت، تا ئامانجەكانی بەدی دەهێنێت."

ئاماژەی بەوەشکرد، شۆڕش لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەوڵێكە بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی دیموكراتیک و فرە كەلتووری و ئومێدێكە بۆ گەلانی سوریا بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی باشتر.

سەبارەت بە ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باسی لەوەکرد "ئەم ئاڵنگارییانە بەو مانایە نییە، كە پاشەكشە بكەین، بەڵكو ئیرادەمان بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانمان زیادتر دەكات.

هاوسەرۆكی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەكۆتایدا ڕایگەیاند: "ئەزموونی ناوچەكە لە مێژووی كورد و ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین گرنگە، هەروەها دووپاتیكردەوە، بارودۆخی هەرێمی كوردستان و بارودۆخی جیۆپۆلەتیكی لە سوریا بە گشتیی جیاوازە بە پشت بەستن بەم ئەزموونەوە پێویستە جیاوازییەکان لەبەرچاو بگیرێن.

  • ئیلهام ئەحمەد: گەلانی سوریا سیستەمی لامەرکەزیی بە چارەسەر دەزانن

  • كۆمسیۆن دوا مۆڵەت بە بزوتنەوەى گۆڕان دەدات

  • شاندێکى هەرێم سەردانى بەغدا دەکات

  • دەستەى ژینگەى هەرێم بانگەوازێک لە هاوڵاتییان دەکات

  • نێچیرڤان بارزانی داوای كاراكردنی په‌رله‌مان و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت ده‌كات

  • نۆیەمین دیداری سلێمانی بەڕێوەدەچێت

  • خانەنشینانی سەربازی دژی خەرجنەکردنی دەرماڵەکانیان گردبونەوە

  • كۆبونه‌وه‌ى پارتى‌و یه‌كێتیى كۆتاییهات ‌و ڕاگه‌یه‌نراوێكى هاوبه‌ش بڵاوكرایه‌وه‌

  • نوخشە ناسیح: بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بەرهەمی یەكگرتوویی لایەنە كوردییەكانە

سەرەکی