12   کاتژمێر پێش ئێستا 63 جار خوێنراوەتەوە

حكومەتی هەرێم و عێراق لەسەر هێرشە درۆنییەكان وەڵامی یەكتر دەدەنەوە

ناوەندی هەواڵ

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، ئەوەی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەرچووە سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی دامەزراوەیەکی ئەمنی فەرمی عێراقی، کارێکە رەتکراوە و سەرکۆنەکراوە و بە هیچ بیانوویەک رێگەپێدراو نییە.

ئەمڕۆ شەممە 5ی تەمموزی 2025، سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایدەگەیەنێت، ئەو تۆمەتەی كە لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە ئاڕاستەی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمی عێراق كراوە، كارێكی رەتكراوە و ئیدانەكراوە و بەهیچ بیانوویەک قبوڵکراو نییە، بەتایبەتی کە بە غیابی بەڵگە دەرچووە، داوا دەکەن ئەگەر هەبێت بخرێتە بەردەم دەزگا فەرمییەکانی حکومەت.

ئاماژەی بەوەش كردووە، حکومەتی فیدراڵی بە دامەزراوە ئەمنییەکانەوە لە زیاتر لە بۆنەیەکدا دووپاتیکردەوە، کە سازشی نەکردووە و سازشی لە حیسابی رۆڵەكانی گەلی عێراق و ئاسایشیان ناكات، هەروەها کەمتەرخەمی ناکات لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر لایەنێک کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری یان تێکدانی ئاسایش لە سەرتاسەری عێراق بدات.

ئەوەشی خستۆتەروو، ئاڵنگارییەكانی ئێستا پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی هەیە لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە، نەک پەنا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن ببەن بە راپۆرت و بەیاننامە کە دەرفەت بەوانە دەدات لە بۆسەدان بۆ دەرفەتێك بۆ زیانگەیاندن بە دامەزراوەكانی عێراق كە عێراق دەپارێزن و بەرگری دەکەن و ئاسایشەکەی دەپارێزن، هەروەها پاساو بۆ لایەنە دوژمنکارەکان دەڕەخسێنێت بۆ تێکدانی سەقامگیری عێراق.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم وەڵامی ڕاگەیەنراوەكەی وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكان دەداتەوە و دەڵێت، بە دەیان جار هەرێم بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت و دەشڵێت، لیژنەی هاوبەش هەبووە و بەڵگەش لەبەردەست بووە، بەڵام ئەنجامەكان ئاشكرانەكران و كەسیش سزا نەدرا.

دەقی ڕونکردنەوەکەی هەرم
ڕوونكردنەوەیەك لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە


ئەو چاوەڕوانییە لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ هەیە كە لە كاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان یان هەر ناوچەیەكی تری عێراق، لەپێناو دەركەوتنی ڕاستییەكان و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی هەڕەشەكان و سزادانی ئەنجامدەران، ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر، بەڵام بە داخەوە هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن.

لە ساڵانی ڕابردووش كە بە دەیان جار هەرێم بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت، هەرچەندە ئاراستە و سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیار بوون و چەندین جار بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ دروست بوون، بەڵام دیسان بەداخەوە نە دەرئەنجامی لێكۆلینەوەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەكران و نە لەسەر ئەو تاوانە ئاشكرا و كردەوە نایاساییانە كەس سزا دەدرا و هیچ ڕێوشوێنێكیش لەبەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر.

ئەمە لە حاڵێكدا بوو كە لە بەرزترین ئاستی نێوان هەردوولا هەماهەنگی هەبووە و بەڵگەی ڕوون و ئاشكراش لەبەر دەست بوونە.

لێرەدا ڕایدەگەیەنین كەشوهەوای سیاسی و بیروڕای سیاسیی لایەنەكان بەهەر بارێكدا بێت، پاراستنی ئاسایشی وڵات و ڕێگەگرتن لە بە ئامانجگرتنی ژیانی هاووڵاتییان و سەروەری و سەقامگیریی وڵات ئەركی لەپێشینەی دامودەزگە فەرمییەكانی هەردوو حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

  • حكومەتی هەرێم و عێراق لەسەر هێرشە درۆنییەكان وەڵامی یەكتر دەدەنەوە

  • ئەمریكا.. لە تەکساس لافاوە و لە كالیفۆرنیاش ئاگر

  • سوپاسالاری ئێران: ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتەوە، ئەمجارە ئەمەریکاش ناتوانێت ناتانیاهۆ ڕزگار بکات

  • زاگرۆس هیوا: یەکەم گروپی گەریلا لە 10 بۆ 12 ئەم مانگە لە سلێمانی چەکەکانیان دادەنێن

  • ئەلمۆنیتۆر: نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سوریا لەگەڵ مەزلوم عەبدی و مەسرور بارزانی کۆ دەبێتەوە

  • زۆرترین کەس لە تاران و کرماشان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون

  • بەشی زۆری ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکەی سلێمانی دەستگیر کراون

  • چۆن دەزگای هەواڵگری مۆساد دزەی کردە ناو ئێران و سیستمە بەرگریییەکانی لەناو برد؟

  • ئێران وەڵامی ‌هێرشەکانی ئیسرائیلی دایەوە و سەدان موشەک و درۆنی ئاڕاستەکرد

سەرەکی