کێڵگەیەکی نەوتی هەرێم کە دوای ڕووداوەکانی 2017 عێراق دەستیبەسەرداگرتووە
2025-01-13
58 جار خوێنراوەتەوە
هەرێم مەسەلەی نەوت بۆ پەردەپۆشكردنی قەرزەكانی لەلای عێراق دەهێنێتە پێشەوە
ناوەندی هەواڵ
جارێكی دیكە ناكۆكییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەسەر نەوت و دەروازە سنورییەكان و داهات سەرهەڵدەداتەوە.
هەرچەندە هەوڵەكان بۆچارەسەری ئەو كێشانەی نێوان هەولێر و بەغداد بەردەوامن، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی "ئیرادە میدیا" هەرێمی كوردستان ڕەتیكردووەتەوە داهاتی نەوت و دەروازە سنورییەكان بداتە بەغداد، حكومەتی عێراقیش داوا دەكات بەپێی دەستور هەرێمی كوردستان ئەو داهاتانەی ڕادەست بكات.
لەبەرامبەردا هەرێمی كوردستان، داوا لە عێراق دەكات مووچەی فەرمانبەرانی مانگانە لەكاتی خۆیدا بنێرێت، دەڵێت ئەوە مافێكی ڕەوایە و دەبێت جیابكرێتەوە لە ململانێكان، لەكاتێكدا ڕاستەوخۆ كێشەكان بەهۆی ڕادەست نەكردنی داهاتی نەوت و دەروازە سنورییەكانەوە سەریهەڵداوە.
وەزارەتی دارایی عێراق شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیان لە ساڵی 2024 بۆ فەرمانبەرانی هەرێم ناردووە و ئەوان بەرپرسیار نین لە دابەش نەكردنی.
باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند:"حكومەتی عێراق پابەندییە داراییەكانی بەرامبەر هەرێم جێبەجێ كردووە و حكومەتی هەرێم داهاتی نەوت و نانەوتی ڕادەست ناكات وەك ئەوەی یاسای بودجە بۆی دیاریكردووە".
بەوتەی باسم عەوادی ئەو پارەیەی دراوەتە هەرێمی كوردستان سێ هێندەی پشكی هەرێمە بەپێی خەرجی ڕاستەقینە، بەڵام حكومەتی عێراق بڕیاریدا قەرز بە هەرێم بدات تا كێشە داراییەكانی چارەسەر دەبێت و هاوڵاتییانی لە هەرێم جیا بكاتەوە لەو كێشانەی حكومەتەكەی هەیەتی و پابەند نییە بە ڕادەستكردنی داهات".
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێك لە داهاتی ناوخۆی ساڵی 2024 ی بۆ بەغداد نەناردووە، وەزیری دارایی عێراقیش جگە لەو داهاتە داوای پارەی نەوتی بە قاچاغ فرۆشراوی هەرێمی كوردستانیش دەكات، ئەمەش هۆكارە بۆ نەناردنی پارەی دیكە بۆ مووچەی مانگی 12 ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
خەڵكی كوردستان ئێستا لەنێوان هەولێر و بەغداد تیاماون كە ئایا كامیان هۆكارن بۆ ئەو كێشانەی ساڵانە ڕوبەڕووی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەبیچتەوە، ئەو 440 ملیار دینارەی وەزارەتی دارایی عێراق ناردوویەتی بۆ مووچەی مانگی 12ی هەرێمی كوردستان بووە، بڕی 800 ملیار دیناری پارەی مووچەی ساڵی 2024 بە هەڵپەسێردراوی لەنێوان هەولێر و بەغدا ماوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان ، دووی كانوونی دووەمی 2025 وەزارەتی دارایی عێراق ئاگادارینامەی خەرجكردنی 441 ملیار دیناری ناردووە، رۆژی پێنجی كانوونی دووەمیش وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان پارەكەی لە بانك راكێشاوە، بەڵام حكومەتی هەرێم دەڵێت بۆ مانگی 11 خەرجی دەكات.
پارەكە وەكو مووچەی مانگی كانوونی یەكەمی 2024 لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە هەژمار كراوە، ناردنی بە دوو گوژمە و نووسراوی جیاواز بووە.یەكەم گوژمەیان 264 ملیار و 698 ملیۆن و 348 هەزار و 312 دینار بووە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی و خانەنشین؛ گوژمەی دووەمیش بڕی 176 ملیار و 795 ملیۆن و 250 هەزار و 669 دینار بووە، كە وەكو مووچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی هەرێمی كوردستان نێردراوە.
ئەو 441 ملیار دینارەی نێردراوە، لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كورتهێنانی مووچەی مانگی تشرینی دووەمی 2024ی پێ چارەسەر كراوە (وەك خۆیان دەڵێن) لە كاتێكدا بڕیار بوو بەغدا بە گواستنەوەی 450 ملیار دیناری دیكە بۆ سەر پشكی هەرێمی كوردستان كورتهێنانی مووچەی بۆ مانگەكانی تشرینی یەكەم و دووەمی ساڵی رابردوو چارەسەر بكات.
بەگوێرەی خشتەی خەرجیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، تاوەكو تشرینی یەكەمی 2024 بڕی 10 تریلیۆن و 901 ملیار و 261 ملیۆن دیناری بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە، كە نۆ تریلیۆن و 661 ملیار و 113 ملیۆن دیناری بۆ مووچە بووە.
لە سێ مانگی رابردوودا بەغدا زیاتر لە یەك تریلیۆن و 72 ملیار دیناری دیكەی بۆ مووچەی مانگەكانی تشرینی دووەم و كانوونی یەكەم ناردووە، كە پێكەوە زیاتر لە 10 تریلیۆن و 732 ملیار دیناری بۆ مووچە ناردووە.بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكان، نەناردنی تەواوی پشكی مووچەی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی كانوونی یەكەمی 2024 و پڕنەكردنەوەی كورتهێنانی مووچەی مانگەكانی تشرینی یەكەم و دووەم لەلایەن بەغداوە، بەستراوەتەوە بە نەمانی پارەی پێویست لە پشكی هەرێمی كوردستان و رادەستنەكردنی تەواوی داهاتی نانەوتی.
تێكڕای پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی 2024 دەگاتە زیاتر لە 20 تریلیۆن دینار. ئەوەی پەیوەندیدارە بە مووچەوە، 11.5 تریلیۆن دینارە، لە خشتەی بودجەی 2024دا 1.1 تریلیۆن دیناری وەك قەرزە، كە دەبێت هەرێمی كوردستان بیداتەوە، 4.9 تریلیۆن دیناری پشكی بودجەی سەرمایەداری، تەنیا 86 ملیار دیناری لێ نێردراوە.
هەرێمی كوردستان بە پێنج گوژمە بڕی 399 ملیار دیناری وەك داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغدا كردووە، كە مانگانە تێكڕا لەنێوان 70 بۆ 90 ملیار دینار بووە. ئەو 800 ملیار دینارەی بەغدا نەیناردووە لەسەر داهاتی ناخۆ هەژمار كراوە، كە مانگانە نزیكەی 115 ملیار دینار دەكات.
|