مەزڵوم عەبدی
2025-01-28
147 جار خوێنراوەتەوە
مەزڵوم عەبدی: لە سوریا تەنها گوێ بەوتەكانی ئەحمەد شەرع دەدەین
ناوەندی هەواڵ
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی
گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، داواكارییەكانیان گەیاندوونەتە
دیمەشق و چاوەڕێی وەڵامن و لەڕووی سەربازیشەوە لەگەڵ دەستەی تەحریری شام لە هەماهەنگیدان.
لەبارەی دوا پێشهاتەكانی
ڕۆژئاوای كوردستان و سوریا، دانوستانی نێوان هەسەدە و هەتەشە، هێرشەكانی توركیا بۆ
سەر بەنداوی تشرین، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە چاوپێكەوتنەیدا
لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی هاوارنیوز، زانیاریی
و پێشهاتی نوێ دەخاتەڕوو.
لە چاوپێكەوتنەكەدا، مەزڵوم
عەبدی ئاماژەی بەوەدا، دوای ڕوخاندنی ڕژێم نەخشەڕێگایەك بۆ ڕێكخستنەوەی ژیانی سورییەكان
بەدی ناكرێت، بەڵام دۆخەكە بۆ پێش ئەو سەردەمە ناگەڕێتەوە و دەڵێت: "ئێستا بۆشایی
ئەمنی لە سوریا هەیە، لە چەندین شوێن پێشێلكاری ئەنجام دراوە و ئەمەیش سەقامگیری تێك
دەدات. دۆخی ئابوری تا دێت بەرەو خراپتر دەچێت. گەمارۆ ئابورییەكان لەسەر سوریا هەڵنەگیراون.
ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هێشتا شێوازێكی حوكمڕانی نوێ بەدی نەهاتووە باوەڕ بە وڵاتان
بهێنێت گەمارۆكانیان هەڵبگرن".
عەبدی دەڵێت" بۆ ئەوەی
توركیا و گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا هێرشەكانیان بۆ سەر بەنداوی تشرین ڕابگرن،
چەندین پێشنیازیان خستوونەتە ڕوو و بەردەوام دەبن لە هەوڵەكانیان لەگەڵ ئەمەریكییەكان
بۆ ئەو مەبەستە".
فەرماندەی گشتی هەسەدە،
بە پێویستی دەزانێت ئیدارەی نوێی سوریا ئەركی سەرشانی خۆی جێبەجێ بكات بۆ ڕاگرتنی
هێرشەكان و دەڵێت: " ئیدارەی نوێ خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر تەواوی
سوریا و لەگەڵمان لە گفتوگۆدایە بۆ بونیادنانی داهاتووی سوریا، بۆیە ئەركی ئەوە كۆتایی
بە هێرشەكانی سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ بهێنێت".
فەرماندەی هەسەدە ئاشكرای
دەكات، بۆ ڕاگرتنی هێرشەكان و كۆتایی هێنان بە شەڕ هێزەكانیان لە مەنبج كشاندەوە،
دەڵێت: "بەڵام لەبری كۆتایی هێنان بە شەڕ، گروپەكانی سەر بە توركیا دەیانەوێت
بپەڕنەوە بۆ بەری خۆرهەڵاتی فورات و بەردەوامن لە هێرشەكانیان. لە كاتێكدا بەپێی ڕێككەوتن
سنور بۆ هێرشی گروپەكان داندراوە. بەڵام ئەوان دەیانەوێت بپەڕنەوە ئەوبەری فورات و
كۆبانێش گەمارۆ بدەن. كەچی ڕووبەڕووی خۆڕاگری گەلەكەمان بوونەوە و لەوەدا سەرنەكەوتوون".
"لە هەماهەنگی سەربازیداین لەگەڵ هەتەشە"
مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوە
دا كە دەسپێكی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكەدا هەتەشە قسەیان لەگەڵدا كردووە و ئاماژەیان
بەوە داوە ئامانجی ئەوان ڕوخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەدە، نەك شەڕ لەگەڵ هەسەدە و دەڵێت:
"هەماهەنگی سەربازیمان لەگەڵ (هیزەكانی تەحریری شام) هەتەشەدا هەیە لە ڕەقە،
دێرەزۆر و حەلەب. زۆر كەس باس لەوە دەكات وایە پێكدادان لە نێوان ئێمە و ئەواندا هەیە،
بەڵام ئەوە ڕاست نییە. بەم جۆرە قسانە هەوڵ دەدرێت پێكدادان لە نێوان ئێمە و ئەوان
ڕوو بدات و سەقامگیری ناوچەكە تێك بچێت. بەڵام ئێمە و هەتەشەش دەزانین مەرامی ئەوان
چییە و پێی ناگەن".
" لایەنگەلێك دەیانەوێت شەڕ لە نێوان هەسەدە و
هەتەشەدا ڕوو بدات، بەڵام هەردوولا و هێزە نێودەوڵەتییەكانیش لەگەڵ دیالۆگ و
دانوستاندان و شەڕ و پێكدادان لە بەرژەوەندی كەسدا نییە". مەزڵوم عەبدی وای
وت.
"لەگەڵ هەتەشە خاڵی هاوبەشمان زۆرە"
فەرماندەی گشتیی هەسەدە
ئاماژەی بەوە دا لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ ئیدارەی هەتەشە و ئەحمەد شەرع تێڕوانینی ئەوانیان
زانیوە و بۆچوونی خۆشیان پێیان گەیاندووە، دەڵێت: "لەسەر چەند خاڵێك هاوڕا
بووین. تاوتوێی داهاتوو و دۆخی هەسەدەمان
كرد لەنێو سوپای نوێی سوریا، هاوڕابووین لەسەر پاراستنی یەكپارچەیی خاكی سوریا و
دابەشبوونیمان ڕەت كردەوە و لەگەڵ ئەوەدابووین كێشەكان بە ڕێگاچارەی سیاسی و گفتوگۆ
چارەسەر بكرێن".
مەزڵوم عەبدی جارێكی دیكە
جەختی لەوە كردەوە كە مەیلی جوداخوازی و جیابوونەوەیان نییە لە سوریا و لەگەڵ سوریایەكی
یەكگرتوودان، دەڵێت: "كەسانێك بانگەشەی ئەوە دەكەن كە گوایە ئێمە دەمانەوێت لە
سوریا دوو سوپا هەبێت و دەوڵەت لەنێو دەوڵەت دروست بكەین. بەڵام بە هیچ جۆرێك ئێمە
بە نیازی ئەوە نین".
"ڕێككەوتین لەسەر ئەوەی یەك سوپا هەبێت"
مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوە
دا لەگەڵ هەتەشە ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی لە سوریا یەك سوپا هەبێت و دەڵێت: "بەڵام
كۆبوونەوەكان بەردەوامن لەسەر ئەوەی میكانیزمەكە چۆن چۆنی بێت و كارەكان چۆن ئەنجام
بدرێن. 10ساڵە هەسەدە هەیە و هێزێكە لە تەواوی خەڵكی باكور و خۆرهەڵاتی سوریا پێكهاتووە،
بە پەلە جموجۆڵكردن، كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەر گفتوگۆكان".
فەرماندەی گشتی هەسەدە بە
پێویستی دەزانێت ڕوون ببێتەوە شێوەی حوكمڕانی نوێ لە سوریا چۆن چۆنی دەبێت و چۆن دەتوانن
بەشداری تێدا بكەن و دەشڵێت: "چەند ڕۆژێك لەمەوبەر جارێكی دیكە لەگەڵ هەتەشە
كۆبووینەوە، داواكارییەكانی خۆیان بۆ خستینە ڕوو، ئێمەش داواكارییەكانی خۆمانمان پێ
وتن. پێموایە وەڵاممان دەدەنەوە و چاوەڕێی وەڵامین. نامەوێت باسی داواكارییەكان بكەم
چونكە بابەتی مشتومڕ هەڵگرن".
لەبارەی لێدوانی جیاوازی
بەرپرسانی حكومەتی كاتی سوریا، مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوە دا كە ئەوان تەنیا گرنگی
بە لێدوانەكانی ئەحمەد شەرع دەدەن و گفتۆگاكانی نێوان هەسەدە و هەتەشە بە شێوەی ڕاستەوخۆ
ئەنجام دەدرێن.
|