1     کاتژمێر پێش ئێستا 332 جار خوێنراوەتەوە

د. هێرش عەبدولڕەحمان: کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق بە مانای تەسلیمبوون بە ئێران نایەت

ڕاوێژکاری هەواڵگری لە واشنتۆن بۆ ئیرادە: دوای کشانەوەی ئەمریکا، بەغدا بەبێ سڵەمینەوە دەسەڵاتە ئیدارییەکان لە هەولێر دەسێنێتەوە

هێرش عەبدولڕەحمان ڕاوێژکاری باڵای هەواڵگری و داتا لە واشنتۆن دی سی، لەگفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئیرادە میدیا، سەبارەت بە کاریگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەدوێت.ئەو دەڵێت کشانەوەی ئەمریکا بە مانای تەسلیمبوون بە ئێران نایەت، ئەمریکا بڕیاریداوە لە شوێنی تەقەکردن لە مەیداندا، لە ڕێگەی هیزی ئاسمانی و دەریایی و ڕاگرتنی دۆلار لە بانکی ناوەندی و سزادانی ئابوورییەوە ڕووبەڕووی هەژموونی ئێران ببێتەوە.

هێرش عەبدولڕەحمان ڕاویژکاری باڵای هەواڵگری و داتایە لە واشنتۆن دی سی و شارەزای سیاسەت و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە؛ جگە لەوەی پێشتر لە بەشی دیپلۆماسی و پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا کاری کردووە.

ئیرادە: ئایا ئەمریکا بەتەواوی دەکشێتەوە، یان تەنیا وەک هاوپەیمانی دژی داعش؟

د.هێرش عەبدولرەحمان: ئەمریکا بەتەواوی عێراق بەجێ ناهێڵیت و پەیوەندییەکانی ناپچڕێنێت. ئەوەی کۆتایی پێدێت تەنیا ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە؛ واتە ئەو هاوکارییە سەربازییە بەکۆمەڵەی کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بۆ شەڕی داعش دروستبوو. دوای ئەمە، سەربازە جەنگییەکان کەم دەبنەوە، بەڵام ئەمریکا لە ڕێگەی باڵیۆزخانە و ڕاوێژکارەکانییەوە لە عێراق و هەرێم دەمێنێتەوە. پەیوەندییەکە لە شەڕی مەیدانییەوە دەگۆڕێت بۆ هاوکاریی ئاسایی دیپلۆماسی، ئابووری و سەربازیی سنووردار، ڕێک وەک ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ وڵاتانی تردا هەیەتی.

ئیرادە: بۆچی دەکشێنەوە، ئەرکیان تەواو بوو یان لە ترسی ئێران و گروپە چەکدارەکانە؟

د.هێرش عەبدوڕەحمان: هۆکارەکە تێکەڵەیەکە لە هەردووکیان. لەلایەک ئەمریکا و حکومەتی عێراق دەڵێن داعش تێکشکاوە و چیتر ناتوانێت شارەکان داگیر بکارێتەوە، بۆیە پێویست بە هێزی جەنگی بیانی ناکات. لەلایەکی ترەوە، دوای زۆربوونی هێرشی درۆن و مووشەکی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا، واشنتن بینی مانەوەی سەربازەکانی لەو سەربازگانەدا خەرجی و مەترسییەکەی زۆر زیاترە لە سوودەکەی. بەڵام ئەمە بە مانای تەسلیمبوون بە ئێران نایەت؛ ئەمریکا بڕیاریداوە لە شوێنی تەقەکردن لە مەیداندا، لە ڕێگەی هیزی ئاسمانی و دەریایی و ڕاگرتنی دۆلار لە بانکی ناوەندی و سزادانی ئابوورییەوە ڕووبەڕووی هەژموونی ئێران ببێتەوە.

ئیرادە: کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان چی دەبێت لەڕووی ئیداریی و سەربازییەوە؟

د.هێرش عەبدڕەحمان : لە ڕووی سەربازییەوە زیانێکی گەورە بەر هەرێم دەکەوێت، چونکە پێشمەرگە ئەو ڕادارو پشتیوانی ئاسمانی و زانیارییە هەواڵگرییانەی ئەمریکا لەدەستدەدات کە دەوری بەرگرییان دەبینی. لەگەڵ ئەوەشدا هاوکارییە داراییەکانی پێنتاگۆن بۆ مووچەی پێشمەرگە نامێنێت. لە ڕووی ئیداری و سیاسییەوە، بەغدا زۆر بەهێزتر دەبێت؛ پێشتر ئەمریکا ڕێگر بوو لەوەی بەغدا بەتەواوی زۆر لە هەولێر بکات، بەڵام دوای کشانەوەکە بەغدا بەبێ سڵەمینەوە دەسەڵاتە ئیدارییەکان لە هەولێر دەسێنێتەوە و سەربەخۆیی بڕیاردانی هەرێم لاوازتر دەکات.

ئیرادە: بەرپرسانی هەرێم لە عێراق دەترسن یان لە گروپە چەکدارەکان؟

د.هێرش عەبدوڕەحمان: مەترسییەکە لە هەردووکیاندایە و کارەکانیان تەواوکەری یەکترە. گرووپە چەکدارەکان بە درۆن و مووشەک هێرش دەکەنە سەر کێڵگە گازی و نەوتییەکان و فڕۆکەخانەکانی هەرێم تا کۆمپانیا بیانییەکان لە ترسدا ڕابکەن و ئابووری هەرێم پەک بخەن. لە هەمان کاتدا، حکومەتی بەغدا لە ڕێگەی دادگای فیدراڵی، بڕینی مووچە و بڕیاری یاساییەوە هەوڵدەدات دەسەڵاتەکانی هەرێم نەهێڵێت. واتە گرووپە چەکدارەکان لە ڕووی ئەمنییەوە کیشە بۆ هەرێم دروست دەکەن، عێراقیش لە ڕووی یاسایی و داراییەوە دەسەڵاتەکانی کەمدەکاتەوە.

ئیرادە: بۆچی هەرێم تا ئێستا نەبووەتە خاوەن سوپایەکی سەربەخۆ و بەهێز؟

د.هێرش عەبدوڕەحمان: لەلایەک لە ناوخۆدا پارتی و یەکێتی ئامادە نەبوون هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ بە ڕاستەقینە بێننە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، چونکە هەردوولا هێزی چەکداریان وەک پارێزەری دەسەڵاتی حزبیی خۆیان بینیوە و ترسیاون لەوەی ئەگەر سوپاکە سەربەخۆ بێت، لە دەستیان دەربچێت. لەلایەکی ترەوە لە دەرەوە، حکومەتی عێراق، ئێران و تورکیا بە هەموو شێوەیەک ڕێگرییان کردووە لەوەی هەرێمی کوردستان چەکی قورس، فڕۆکە، یان سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دەستبکەوێت، تاوەکو هەرێم هەمیشە لە ڕووی سەربازییەوە محتاج و لاواز بمێنێتەوە.

ئیرادە: پێشبینی بۆ دوای کشانەوە چییە و مەترسییە گەورەکان چین؟

د.هێرش عەبدوڕەحمان: بەغدا هەوڵەکانی چڕتر دەکاتەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی دەروازە سنوورییەکان و داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم، تاوەکو کۆنترۆڵی تەواوی دارایی بکات. لە ناوچە جێناکۆکەکانیشدا (کەرکووک و شەنگال) ڕۆڵی پێشمەرگە بەتەواوی کەم دەکرێتەوە. مەترسییە گەورەکە ئەوە نییە بەغدا بەیەکجاری بەڕەسمی هەرێم هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵکو ئەوەیە هەرێمێک دەهێڵێتەوە کە تەنیا ناوەکەی هەیە، بەڵام هیچی لەدەستدا نییە نە دەتوانێت نەوت بفرۆشێت، نە پارەی مووچەی لەدەستدا دەبێت، نە دەشتوانێت بەبێ ڕەزامەندی بەغدا بڕیارێکی سەربازی یان سیاسی بدات.

 

  • د. هێرش عەبدولڕەحمان: کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق بە مانای تەسلیمبوون بە ئێران نایەت

  • بڕیارەکەی دادگا کۆڕەک لە دانەوەی قەرزەکان نابەخشێت و مۆڵەتەکەشی بۆ نوێ ناکاتەوە

  • هانا مرد!

  • بۆچى ئێران به‌شداریى لوتكه‌ى ئاشتى شه‌رم شێخ نه‌كرد؟

  • دوای 127 ساڵ لە دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بۆچی نابین بە خاوەن میدیای نیشتیمانی ؟

  • ڕاپەڕینی ساڵی 1991لە شاری سلێمانی چۆن دەستیپێکرد؟

  • هاوسەرۆكی كەجەكە: لە بارودۆخی گۆشەگیرییدا چۆن چاوەڕوانی بانگەوازییەك لە ڕێبەر ئاپۆ دەكرێت؟

  • مەزڵوم عەبدی: لە سوریا تەنها گوێ بەوتەكانی ئەحمەد شەرع دەدەین

  • جەمیل بایك: ئەردۆغان لە پرۆسەی ئاشتیدا جددی نییە

سەرەکی