3   کاتژمێر پێش ئێستا 50 جار خوێنراوەتەوە

نەخشەی نوێی ئەمنی و سیاسیی دۆسیەی کورد؛ لە پاشەکشەی سەربازی و ڕێککەوتنی دیمەشقەوە تا هەڵوێستی ڕەسمیی بەغدا

لە سایەی فشارە گەورە و بەردەوامەکانی ئەنقەرە، تاران و دیمەشق بۆ سەر هێز و قەوارە کوردییەکان، پرسی کورد لە سێ پارچەی کوردستان ڕووبەڕووی گۆڕانکاری و وەرچەرخانی ڕیشەیی بووەتەوە. ئەم هاوکێشە نوێیە هاوکاتە لەگەڵ خێرابوونی هەماهەنگییە ئەمنییەکانی بەغدا لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەکەکە و پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمەش وایکردووە داهاتووی هێزە سەربازی و سیاسییە کوردییەکان بکەوێتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی هەستیار.

هەڵوێستی بەغدا؛ هەماهەنگی لەگەڵ دراوسێکان

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی پەکەکە و پێویستە ئەندامانی پەکەکە خاکی عێراق جێبهێڵن. لەگەڵ ئێرانیشدا کار بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکرێت.

ڕەتکردنەوەی ڕادەستکردنەوە: سەرەڕای بانگەشەی باڵیۆزی ئێران سەبارەت بە ڕێککەوتنی تاران و بەغدا بۆ ڕادەستکردنەوەی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵات، پێش لێدوانەکەی عەبودی سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ڕاوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەنگۆکەی بە توندی ڕەتکردەوە و جەختی کردەوە هیچ بڕیار و ڕێککەوتنێک بۆ ڕادەستکردنەوەی ئەو گرووپانە نییە و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە عێراقن.

هێرشی هاژەکی: پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) ڕایگەیاند کە ئێران لە ڕێگەی چوار هاژەکی بالستییەوە هێرشی کردووەتە سەر بارەگایەکی پێشمەرگەکانی لە دەڤەری هەریر-بالیسان، بەڵام بەهۆی چۆڵکردنی پێشوەختە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

لەلایەکی ترەوە، مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران (حدكا) جەختی لەوە کردەوە کە لاوازیی کۆماری ئیسلامی لە ململانێکانیدا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، دەرفەتێک بۆ کوردی ڕۆژهەڵات دەڕەخسێنێت. ناوبراو ڕەتیکردەوە هیچ مۆدێل و پرۆسەیەکی هاوشێوەی پارچەکانی تر بەسەر ڕۆژهەڵاتدا بسەپێنرێت و جەختی لەسەر دەستەبەركردنی مافی چارەی خۆنووسین لە چوارچێوەی "ئێرانێکی ئازاد، دیموکرات و فیدراڵ"دا کردەوە.

ڕۆژئاوا؛ هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و تێکەڵبوونیان لە سوپای سوریا

لەلایەکی ترەوە، لە پێشهاتێکی نوێدا، مەزڵوم عەبدی، ڕاوێژکار لە سەرۆکایەتی کۆماری سوریا و فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە دیدارێکدا لە عامودا ڕایگەیاند، هەسەدە بە فەرمی تێکەڵی دامەزراوە سەربازییەکان و سوپای سوریا کراوە.۱۷۰۰ ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەبنە پاسەوانی سنوور. هاوکات یەکەکانی کۆماندۆ، YAT (دژە تیرۆر)، و پۆلیسی سەربازی دوای خولێکی کورتی مەشقکردن لە دیمەشق و ئەلنەبک دەگەڕێنەوە سەر ئەرکەکانیان.

وتیشی، دەزگای هەواڵگری هەسەدە دەچێتە ناو بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری دیمەشق و لیوای سەربازیی تایبەت بۆ ناوچەکانی (دێرێک، قامیشلۆ، حەسەکە، کۆبانی، و عەفرین) پێکدەهێنرێن بە مەرجێک کارمەندەکانیان تەنها لە ناوچەی خۆیاندا بمێننەوە.

هەڵوێستی تورکیا؛ مانەوەی سەربازی و هەماهەنگی لەگەڵ دیمەشق

سەرەڕای دڵنییایەکانی عێراق و هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و پەکەکە، یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، تورکیا هێزەکانی لە عێراق و سوریا دەهێڵێتەوە تا ئەو کاتەی بە تەواوی ئاسایشی سنوورەکانی گەرەنتی دەکرێت.

وتیشی، لە دوای ڕووخانی ئەسەدەوە، ئەنقەرە هەماهەنگییەکی نزیکی لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریادا هەیە بۆ بەهێزکردنی تواناکانی سوپای سوریا.

سەرەڕای ئەوەی پەکەکە لە باکوور خۆی هەڵوەشاندووەتەوە تورکیا هێشتا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی سەیریان دەکات و یەشار گولەر دەڵێت "پێداچوونەوە بە بنکەکانیان تەنها لە کاتی لەناوبردنی تەواوەتی هەڕەشەکاندا دەکرێت".

  • قەیرانی زستان و نەوتی سپی لە هەرێم؛ پرسیار لەبارەی چارەنووسی ١.٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی پاڵاوگەکان دەکرێت

  • ئاڵۆزییەکانی کەنداو دەگاتە لووتکە؛ ئەمریکا و ئیسرائیل پلانی هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران دادەڕێژن

  • نەخشەی نوێی ئەمنی و سیاسیی دۆسیەی کورد؛ لە پاشەکشەی سەربازی و ڕێککەوتنی دیمەشقەوە تا هەڵوێستی ڕەسمیی بەغدا

  • دەیان فرۆكەی ئیسرائیلی بە ئاسمانی سوریا و عێراقدا چوونەتە سنوری ئێران

  • کڕینی خانوو و شوقە لەلایەن هاووڵاتییانی عەرەب و بیانی لە سلێمانی؛ یاسا و دەستوور چی دەڵێت؟

  • پەیامی ڕوونی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ بارزانی؛ هاوبەشیی ستراتیژی لە ناوەڕاستی بەستەڵەکی پەرلەمان و حکومەتدا

  • سەڕەرای نەمانی پاساوەکانی؛ تورکیا ئامادە نییە لە عێراق و سوریا بکشێتەوە

  • هەرێمی کوردستان بە شکاندنی ژمارەی پێوانەیی پێش بەلجیکا و عێراق کەوتووە

  • مەزڵوم عەبدی: هێزەکانی هەسەدە دەچنە ناو سوپای سوریا، بەڵام لە ناوچەکانی خۆیان دەمێننەوە

سەرەکی