هودا
3   کاتژمێر پێش ئێستا 59 جار خوێنراوەتەوە

هانا مرد!

ناوەندی هەواڵ

سەرەتای خۆناسینم بوو هەشت نۆ ساڵێك ئیتر بە تەواوەتی چواردەورت ئەناسی، زۆربەی كات نەمەهێشت نەنكم و ئەوان بزانن هەموو شەوێك ئەگریام، لە خەوما باوكم پێی دەوتم ئیتر نامەوێت بەدوای ژیانی منەوەبیت.

ئەمە چیرۆكی هودا نەسرەدین محەمەدە كە خاوەنی چوار شەهیدی پلەیەكە.

هودا چیرۆكی 16-3-1988 بۆ ئیرادە میدیا دەگێڕێتەوە، دەڵێت كاتێك دەستكرا بە بۆردومان چووینە ناو چاڵی توتن، تا لای ئێوارە لەنێو ئەو چاڵانەدا بووین، ئیتر خەریك بوو دنیا تاریكی دەكرد، ئێمەش تەسكەرە و كۆمەڵێك ئاڵتونی خوشكە دەستگیراندارەكەمان برد، ئۆتۆمبێلێكمان هەبوو بە حسابی ئەوەی راكەین، خۆمان چوار خوشك و سێ برا بووین لەگەڵ دایكم و باوكما.

ماڵێكی دراوسێمان وتیان دوو ئافرەتی دووگیانمان هەیە بۆمان بگەیەنن، بەڵام لە رێگا رزگاریان نەبوو، كە گەیشتینە عەنەب كیمیایی لێی دابوو، گەیشتینە سەر كانییەك، باوكم دابەزی چەند جارێك تا خاولییەكان تەڕبكات، ئیتر دۆخی باوكم تێكچوو، تەقریبەن بۆنی سێو بوو چۆن سێوێك لەت دەكەیت بۆنێكی كاڵی هەیە، لەسەر كانیەكە ماینەوە، سەرمان خستبووە سەر پشتی باوكم، ئاگام لێبوو دایكم لەگەڵ باوكما وتی هەنا مرد، باوكم وتی قەزاو بەڵای مردبێت، سەیری دارەكانم ئەكرد وردە وردە بێهۆش كەوتم، چاوم كردەوە لە نەخۆشخانە بووم، هاوارم كرد كوا دایك و باوكم، ئیتر گوێم لە هاوارێك بوو، باوكم بوو، ویستم بچم بۆلای ئەكەوتم، تا ماوەیەكی زۆر وابوو، دواتر بە پاس گواستینیانەوە بۆ نەخۆشخانەیەكی تر لە تاران، ئافرەتێك دانیشتنبوو، وتی تۆ ناوت چییە، وتی كوا دایك و باوكت وتم نازانم، وتی ئەمناسی وتم نەخێر، وتی لەیلای خوشكتم، ئیتر لە نەخۆشخانەكەی تر چاوم كردەوە، ئیتر سێ خوشكەكە لە تاران یەكمان گرتەوە، دوو براكەم كە لەگەڵ ئەو ماڵە رۆشتبوون بێسەروشوێن بوون، پێشتریش برایەك و خوشكێكم گیانیان لەدەستدا.
رەنگە باوكم كە لەگەڵ ئێمە بە برینداری هێنرابێت بۆ تاران گیانی لەدەستدابێت، بەڵام دایكم هەر لە هەڵەبجە گیانی لەدەستدا، براكانم مابوون لەگەڵ ماڵی مامێكم بوون لە كامیاران، لە ئۆردوگای سەرای سەقز نیشتەجێبووین.

ئیتر ئێمە لەگەڵ ماڵی نەنكم و ماممدا ئەژیاین، دواتر كە رۆشتینە سەقز هاوڕێیەكی باوكم مردنی باوكمی بە پورەكانم وتبوو، ئیتر لە بە هەشتی زەهرایە گۆڕەكەی.

لە 2014 حكومەتی هەرێم ئێمەیان برد و لەوێ رێورەسمێكی بچوكیان بۆ كردین و تاجەگوڵینەمان بۆ كردن، هەموو ساڵێك لەگەڵ هاوسەرەكەم ئەچووم سەردانی گۆڕەكەیم ئەكرد، بەڵام چەند ساڵێكە ئەو دەرفەتەشم نەماوە.

كە زانیم ئیتر لە نازی دایك وباوكم بێبەش بووم دەستم كرد بە وێنەكێشان، ئیتر لە نەشیدەكانی شاری هەڵەبجە بەشداریم دەكرد، كارەساتەكان دەتكات بە هونەرمەند یان چیرۆكنوس یان هەركەسێك لە رێگەی تابلۆكانمەوە ئەوەی دەمەوێت دەیگەیەنم، لە هەشت نۆ ساڵییا كە چواردەورت ئەناسی هەموو شەوێك بە گریان رۆژم ئەكردەوە، بەتایبەت كە ساڵیادی كیمیاباران ئەهات، باوكم لە خەوما پێی ئەوتم بڕۆ بەلای ژیانی خۆتەوە، كەمتر دایكم ئەهاتە خەوم.

ئەوەی بەردەوام لە مێشكی منا مابێتەوە و ناڕەحەتی كردبێتم ئەوەیە كە بۆ دواجار دەستم نەكردە ملی باوكم پێش مردنی، دكتۆرەكان وتیان دۆخی خراپ نەبوو بەس لە دیقی نەبینینی مناڵەكانی مرد.

زەحمەتییەكانی ژیانمم یاداشت كردووە، خوێندنم چۆن بە زەحمەت تەواو كرد و ناسنامەم نەبوو، بتوانم بیكەمە كتێبێك رۆژێك سودی هەبێت، وەك كتێبەكەی ساكینە جانسز، زۆر ناڕەحەت بووم كە ئەیانوت داڕشتن لەسەر دایك بنوسە چونكە نەمبینی بوو نەمەزانی چۆنە، كە نمرەی بەرزم ئەهێنا نەمەزانی بڕۆمەوە ماڵەوە بەكێ بڵێم سوپاس بۆخوا كە توانیم هیواكانی دایكم بەدیبێنم.

  • هانا مرد!

  • بۆچى ئێران به‌شداریى لوتكه‌ى ئاشتى شه‌رم شێخ نه‌كرد؟

  • دوای 127 ساڵ لە دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بۆچی نابین بە خاوەن میدیای نیشتیمانی ؟

  • ڕاپەڕینی ساڵی 1991لە شاری سلێمانی چۆن دەستیپێکرد؟

  • هاوسەرۆكی كەجەكە: لە بارودۆخی گۆشەگیرییدا چۆن چاوەڕوانی بانگەوازییەك لە ڕێبەر ئاپۆ دەكرێت؟

  • مەزڵوم عەبدی: لە سوریا تەنها گوێ بەوتەكانی ئەحمەد شەرع دەدەین

  • جەمیل بایك: ئەردۆغان لە پرۆسەی ئاشتیدا جددی نییە

  • بایك: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیزاین دەكرێتەوە و بەدڵی توركیا و ئێرانیش نابێت

  • وته‌بێژى كه‌جه‌كه‌: ئه‌وه‌ى له‌ توركیا هه‌یه‌ پرسه‌ى ئاشتییه‌ نه‌ك پرۆسه‌ى ئاشتى

سەرەکی