×

خۆپیشاندان بۆ ئازادی ئۆجەلان لە ئەوروپا
2025-01-04 261 جار خوێنراوەتەوە

گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان؛ ڕای گشتیی توركیای بەسەر دوو بەرەدا دابەش كردووە

ناوەندی هەواڵ

ڕای گشتیی لە توركیا، لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و گفتوگۆكردن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، بەشێك بەتەواوەتی دژایەتی دەكەن، بەشێكیش پشتگیری دەكەن بەڵام گومانیان لە نیەتی ئەردۆغان و باخچەلی هەیە.

دابەشبوونەكە چۆنە؟

ڕای گشتیی لە توركیا بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، بەشێكیان گومانیان لەنیەتی  ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بۆ ئاشتی و چارەسەری پرسی كورد هەیە، بەشێكیش گومانیان هەیە كە عەبدوڵا ئۆجەلان ڕیبەری زیندانیكراوی پەكەكە كاریگەری لەسەر پەكەكە مابێت و چەكیان پێدابنێت، وەك ئەوەی بەرپرسانی توركیا داوای دەكەن.

سەرهەڵدانەوەی پرۆسەی ئاشتی

ساڵی ڕابردوو جارێكی دیكە پرسی ئاشتی و چارەسەری ئاشتیانەی پرسی كورد لەتوركیا سەریهەڵدایەوە، دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا "مەهەپە" داوایكرد ئۆجەلان بچێتە پەرلەمانی توركیا و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە ڕابگەیەنێت، ئەوانیش ئازادی دەكەن.

دواین دیداری ئۆجەلان

 دوای دواین دیداری عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵیییەوە كە زیاتر لە 25 ساڵە تێیدا بەندە، كە هەریەك لە سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان سەردانیان كرد و ئۆجەلان ئامادەیی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی بە چەند مەرجێك ڕاگەیاند، جارێكی دیكە ڕای گشتیی توركیا لەوبارەیەوە بووەتە دووبەش، بەشێكیش لە ڕەگەزپەرستە توركەكان دژی ئەوەن گفتوگۆی لەگەڵ بكرێت.

هەوڵەكانی پێشوو شكستیان هێناوە

 پێشتر دووجار هەوڵی پرۆسەی ئاشتی لەتوركیا و چارەسەری پرسی كورد بە ڕێگەی ئاشتییانە دراوە، هەوڵەكانیش لە 2013 تا 2015 ئاگربەستی تاكلایەنەی پەكەكەی لێكەوتەوە.
بەڵام دانوستانەكان ڕاگیران كاتێك ئەردۆغان لە كۆشكی دۆڵمە باخچەوە ڕایگەیاند "كێشەی كورد لە توركیا بوونی نییە".

هێشتا بەشێك لەتوركیا تائێستا گفتوگۆ ڕەتدەكەنەوە

ئومیت ئۆزداغ، سەرۆكی پارتی "سەركەوتنی نەتەوەیی توركیا" كە پارتێكی ئۆپۆزسیۆنە هێرشێكی بەرفراوانی بۆسەر هاوپەیمانی گەل دەستپێكردووە كە هاوپەیمانیەكەی نێوان ئاكپارتی و مەهەپەیە، بە سەرۆكایەتی ئەردۆغان و باخچەلی، ئەو هاوپەیمانێتییە بە "شەرمەزارانە" بۆ گەلی توركیا ناودەبات.

ئۆزداغ ڕووە و ئەردۆغان دەڵێت "بانگەشەی ئەوە دەكەیت كە لە سوریا سەركەوتنت بەدەست هێناوە و رۆڵی ئەوە دەبینیت كە دیمەشقت فەتح كردووە، ئەی بۆچی پێویستت بەوەیە دانوستان لەگەڵ تاوانبارێك بكەی كە پێش 25 ساڵ دەستگیرتان كردووە و بەرپرسە لە كوشتنی 40 هەزار كەس".

"ئێستا ڕوو لە ئۆجەلان دەكەن تا ببێتە هاوبەشتان لەو دەوڵەتەی دەتانەوێت، تا بتوانن دەستور بە پشتیوانی دەم پارتی بگۆڕن". ئومیت ئۆزداغ وا دەڵێت.

ئەو ڕەگەزپەرستە توركە هاوكات ڕەخنە لە پارتی گەلی كۆماری توركیا كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە دەگرێت، دەڵێت "ناتوانی بەرگریی لەو نمونەیە بكەیت كە ئەتاتورك بنیاتی نا بە گفتوگۆكردن لەگەڵ تیرۆر، پەرلەمانیش بەكاربهێنیت وەك ناونیشانێك بۆ دانوستانەكە، ناكرێت ببیتە هاوبەشی ئەردۆغان و باخچەلی و ئۆجەلان".

سەربازییەكانیش ڕەخنە دەگرن

بەشێك لە كەسانی سەربازی لە توركیا ڕەخنە لە دەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان دەگرن، جیهاد یایجی یەكێكە لە جەنەراڵە خانەنشینەكانی توركیا و دەڵێت "ئەوەی ئێستا حكومەت دەیكات عەقڵ پێشوازی لێناكات، دانوستان لەگەڵ ئۆجەلان سودی نییە، كە 25 ساڵە زیندانی كراوە، پێتان وایە ئەو ئێستاش كۆنترۆڵی پەكەكەی لەدەستدایە؟"

ئەو جەنەراڵە خانەنشینەی توركیا دەشڵێت "چیتر سەرمان سوڕنامێنێت ئەگەر حكومەت و ئۆپۆزسیۆن ئۆجەلان لە سەركردەی تیرۆرەوە بگۆڕن بۆ پیاوی ئاشتی و دانوستانی لەگەڵ بكەن بۆ چارەسەری كێشەكانی وڵات".

ڕایەكی پێچەوانەش هەیە

ئیدریس بالوكەن، ئەندامی پێشووی وەفدی ئیمراڵی لەوبارەیەوە دەڵێت "هێشتا زووە باس لە پرۆسەی چارەسەری نوێ لە توركیا بكەین".

بالوكەن كە خۆی لەنێوان ساڵانی 2016 تا 2023 لە زیندانی توركیا بوو بە تۆمەتی ئەندامیەتی "رێكخراوی تیرۆریستی" دەشڵێت "ئۆجەلان جەختی لەسەر ئاشتی و برایەتی و دیموكراتی كردووەتەوە، هاوكات شەفافیەتی ڕۆڵی پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆن بۆ پرۆسەی چارەسەر كە ئەمەش نمونەیەكی نوێیە و زۆر گرنگە".

ئەو ئەندامەی پێشووی وەفدی ئیمراڵی كە هاوكات پەرلەمانتاریش بووە دەڵێت "بنەمای یاسایی و شەرعی كە لەپەرلەمانەوە نەبووە هاوكات دودڵی حكومەت لە بەشداریپێكردنی ئۆپۆزسیۆن لە ڕابردوودا، كێشەی بەردەم چارەسەری پرسی كورد بوون".

میدیاكانی نزیك لە حكومەت گومان دەوروژێنن

هەر لەوبارەیەوە، عەبدولقادر سیلڤی، نوسەری تورك لە وتارێكدا لە ڕۆژنامەی حوریەتی نزیك لە حكومەت نوسیویەتی "سەركردەكانی پەكەكە لە قەندیل هەوڵدەدەن گومان بخەنەسەر گفتوگۆكان لەگەڵ ئۆجەلان، هەرچەندە ڕایانگەیاندووە پابەندن بە بڕیارەكانیەوە".

ئەو نوسەرە توركە دەشڵێت "بەرپرسانی قەندیل داوای فراوانكردنی بەرگریی دەكەن بۆ بەهێزكردنی دەستی ئۆجەلان لە دانوستاندا، ئەوان ئێستا لەدۆخی جوداخوازیدا دەژین و دوورن لەو واقیعەی لە ناوچەكە هەیە، لەكۆتایی ئەم پرۆسەیەدا هیچ دانوستانێك ناكرێت، چونكە ئەم پرۆسەیە وەرگرتن و بەخشین نییە، ئامانجەكە چەكداماڵینی پەكەكەیە، هیچ ڕێگە و ئەنجامێكی دیكەی نییە".

 

  • 104 ساڵە دامەزراوە؛ سوپای عێراق لە ڕیزبەندی پێنجەمەوە بۆ 28 ەم

  • داهاتی ناوخۆ كێشەكەی دروستكردووە؛ بەغداد بۆچی ئامادەنییە پارەی مانگی 12 بنێرێت؟

  • سودانی بۆچی دەچێتە ئێران؟

  • بەهۆی نەوتی هەرێمەوە؛ بودجەی عێراق ڕەوانەی پەرلەمان نەكراوە

  • شەڕی سەخت لەدەوروبەری بەنداوی تشرین بەڕێوەدەچێت؛ نزیكەی 90 چەكداری سەر بە توركیا كوژراون

  • یەكێتی پشتڕاستیدەكاتەوە: تەحریر شام دەست بەسەر سێ بارەگای یەكێتیدا دەگرێت

  • كێشەی ڕێكخەری گشتیی لەناو گۆڕان سەرهەڵدەداتەوە

  • گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان؛ ڕای گشتیی توركیای بەسەر دوو بەرەدا دابەش كردووە

  • بۆچی توركیا دەیەوێت بەنداوی تشرین داگیر بكات؟

سەرەکی