×

ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی دانا ئەحمەد مەجید وەک ڕێکخەری گۆڕان
2025-01-05 129 جار خوێنراوەتەوە

كێشەی ڕێكخەری گشتیی لەناو گۆڕان سەرهەڵدەداتەوە

ناوەندی هەواڵ

دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا عومەری سەید عەلی دەستبەرداری پۆستی ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بوو بۆ دانا ئەحمەد مەجید لەڕێگەی وەكالەت نامەیەكەوە، كە ئەوەش ناڕەزایی بەشێك لە هەڵسوڕاوانی گۆڕانی لێكەوتەوە، جارێكی دیكە كێشەكە سەریهەڵدایەوە.
بەپێی نوێترین نوسراوی كۆمسیۆن باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، دانا ئەحمەد مەجید شاسوار تەنیا رێگەپێدراو (مخول)ـە بەشێوەی كاتی بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕان، نەك رێكخەری گشتی.
بەگوێرەی ئەم نوسراوە عومەری سەید عەلی تائێستا رێكخەری گشتییەو ئەندامانی خانەی راپەڕاندنیش دەسەڵاتی تەواویان هەیە.
هەر بەپێی ئەو بەڵگەیە، عومەری سەید عەلی فێڵی لە دانا ئەحمەد مەجید و هەموو بزوتنەوەی گۆڕان كردووە.
دانای داوا لێكراو لە یاسا، سزای (٦) ساڵ زیندانیشی هەیە و حكومەتی هەرێم لێبوردنی بۆ دەركردووە.
لەوبارەیەوە سەرچاوەیەكی نزیك لە كوڕانی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری پێشووی كۆچكردووی گۆڕان بە "ئیرادە میدیا" ی وت:" دانا ئەحمەد مەجید تەنیا رێگەپێدراو (مخول)ە نەك رێكخەری گشتی، بەگوێرەی ئەم نووسراوە عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتیە و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەسەڵاتی تەواویان هەیە".
وتیشی:"دەركەوت عومەری سەید عەلی فێڵی لە دانا ئەحمەد مەجید و هەموو بزوتنەوەی گۆڕان كردووە".
ڕۆژی 28-9-2024 لەرێوڕەسمێكدا عومەر سەید عەلی دەسەڵاتەكانی ڕادەستی دانا ئەحمەد مەجید كردو ناوبراو وەك رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان دەستنیشانكرا، بەهۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، مەراسیمەكە لەمەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە لەگردی زەرگەتە ئەنجامنەدرا، بەڵكو (لەهۆڵی یانەی كۆمەڵایەتی لەپاركی ئازادی شاری سلێمانی).
دواتر دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند: "هەر كەسێك هۆكاری داخستنی دەرگای مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان بێت بەڕوی هاوڕێكانی نەوشیروان مستەفا، بڕیارێكی هەڵەی داوە، چونكە ئەو شوێنە، شوێنێكی گشتییە، نەئەمڕۆو نەهیچ كات نابێتە موڵكی تایبەتی، ئێمە چاومان لەئاكارو ڕەفتارو خزمەتكردنی بزوتنەوەی گۆڕانەو چاومان نەبڕیوەتە موڵكی نەوشیروان مستەفا، بەڵكو چاومان لەڕوانگەی نەوشیروان مستەفایە بۆ خزمەتكردنی بزوتنەوەی گۆڕان."
وتیشی:" ئەو گۆڕانكارییانەی كراون بۆ بەهێزكردنەوەی بزوتنەوەی گۆڕانەو بەئایدۆلۆجیایەكی نوێوە دەگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسی، "ڕاستە بزوتنەوەی گۆڕان هەڵەی‌ كردووە، بەڵام خیانەتی نەكردووە".
سەبارەت بەمیكانیزمی هەڵبژاردنی ڕێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان، دلێر عەبدولخالق وتی:"كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بەنوسراوی فەرمی ئەو دەرفەتەی بە بزووتنەوەی گۆڕاندا كە كەسی یەكەمی بزوتنەوەكە، عومەری سەید عەلی بەوەكالەتنامەیەك متمانە ببەخشێت بەكەسێكی جێگەی متمانە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەركەكانی ڕێكخەری گشتی، بۆ ئەوەی گۆڕان بتوانێت بەشداری هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بكات، دووەمیش ئەو كەسەی متمانەی پێدەدرێت بەرپرسە لە بەستنی سێیەمین كۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان، خاڵی سێیەمیش ئەوەی دەبێت لە سێیەمین كۆنفرانسی گۆڕان، دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەكە بەشێوەیەك دابڕێژرێتەوە كە لەگەڵ یاسا كار پێكراوەكانی عێراق یەكانگیر بێت".
سەبارەت بەداخستنی دەرگای مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لەگردی زەرگەتە، وتەبێژی بزووتنەوەكە وتی‌:" گۆڕان هەر لەسەنتەری شاری سلێمانی چەند باڵەخانەیەكی دیكەی شیاوی هەیە بۆ كاری ڕێكخراوەیی".
ڕۆژی هەینی 27-9-2024 ، دوای داخستنی دەرگای مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لەگردی زەرگەتەی سەنتەری سلێمانی، كوڕانی نەوشیروان مستەفا لەڕاگەیەندراوێكدا سەبارەت بەیەكلاییكردنەوەی پۆستی ڕێكخەری گشتی ڕایانگەیاند" بەپێویستی دەزانن یەكلاییكردنەوەی ئەو پرسە لە ناو جڤاتی نیشتمانی بێت نەك لەدەرەوەی ئەو جڤاتە".

 



  • 104 ساڵە دامەزراوە؛ سوپای عێراق لە ڕیزبەندی پێنجەمەوە بۆ 28 ەم

  • داهاتی ناوخۆ كێشەكەی دروستكردووە؛ بەغداد بۆچی ئامادەنییە پارەی مانگی 12 بنێرێت؟

  • سودانی بۆچی دەچێتە ئێران؟

  • بەهۆی نەوتی هەرێمەوە؛ بودجەی عێراق ڕەوانەی پەرلەمان نەكراوە

  • شەڕی سەخت لەدەوروبەری بەنداوی تشرین بەڕێوەدەچێت؛ نزیكەی 90 چەكداری سەر بە توركیا كوژراون

  • یەكێتی پشتڕاستیدەكاتەوە: تەحریر شام دەست بەسەر سێ بارەگای یەكێتیدا دەگرێت

  • كێشەی ڕێكخەری گشتیی لەناو گۆڕان سەرهەڵدەداتەوە

  • گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان؛ ڕای گشتیی توركیای بەسەر دوو بەرەدا دابەش كردووە

  • بۆچی توركیا دەیەوێت بەنداوی تشرین داگیر بكات؟

سەرەکی