×

ماڵەکەی مام جەلال لە دیمەشق
2025-01-05 216 جار خوێنراوەتەوە

یەكێتی پشتڕاستیدەكاتەوە: تەحریر شام دەست بەسەر سێ بارەگای یەكێتیدا دەگرێت

ناوەندی هەواڵ

هێزە ئەمنیەكانی سەربە ژوری ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە دیمەشقی پایتەختی سوریا ، دەستیانگرتووە بە سەر سێ‌ بارەگای یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا لە ناوەڕاستی دیمەشق.
پێگەی "عەرەبیە نێت"، لە زاری سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی عێراقییەوە بڵاویكردەوە: "هێزە ئەمنییەكانی سەر بە ئیدارەی نوێی سوریا چوونەتە ناو سێ‌ پێگەی نێردە دیپلۆماسیەكانی عێراق لە دیمەشق، كە ئەوانیش بارەگای یەكێتی نیشتمانی كوردستان و شوێنی مانەوەی نوێنەرەكەی و بارەگای سێیەمیش خاوەندارێتیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری كۆچكردووی پێشووتری عێراق".
سەرچاوەكە راشیگەیاندووە: "لە دەرەنگانێكی شەوی هەینی رابردووەوە دەستگیراوە بەسەر ئەو بارەگایانەدا، بەڵام رایاننەگەیاندووە بە ئومێدی ئەوەی بگەنە چارەسەر بۆ گێڕانەوەیان".
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە:" یەكێتی چاوەڕوانی وەڵامی داراكارییەكەی بووە بۆ گێڕانەوە دوو بارەگای، كە بە موڵكی خاوەندارێتی دەكات، بەڵام ئیدارەی نوێ وەڵامی نەداوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی فەرمانبەرەكانی ئەو حزبەو باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ بەرپرسی ئەو ناوچەیەی كە ئەو سێ‌ بارەگایەی لێیە".  
بارەگای یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەوێتە شەقامی بەغداد لە دیمەشق، ماڵی تاڵەبانیش لەگەڕەكی "مەزرعە"یە، بارەگای سێیەمیش كە ماڵی نوێنەری یەكێتیە، دەكەوێتە شەقامی "شەلال".
لەوبارەیەوە بەهرۆز گەڵاڵی یەكێك لە سەركردەكانی یەكێتی و نوێنەری پێشووی یەكێتی لە توركیا دەلێت:"تیرۆریستان ئەمڕۆ دەتوانن دەرگای شوقه كەی مام لە شام دابخەن! بەڵام هەرگیز ناتوانن مێژووی پڕ لە سەروەری و خەبات و تیكۆشانە شەست ساڵییەكەی بسڕنەوەو هەتا دونیا ماوە ئەو شەمشەمەكوێرانە ناتوانن چرای روناكی كوردو كوردستان كە بەشێكی گەورەی بەر سەرۆك مام دەكەوێت و مام هەڵیكرد، بكوژێننەوە".
بەهرۆز گەڵاڵی دەڵێت:"دەگەڕێمەوە بۆ چونیەتی مێژووی كڕینی ئەو شوقەیە، بەڵێ جەنابی مام ناسراوە بە دڵ میهرەبانی و سەخاوەت و هاوكاریكارێكی سەرسەختی هەموو دۆست و برادەرەكانی بووە، بەگوێرەی توانای خۆی هەرچی هەیبوبێت، بەشی كردووە لەگەڵ هەڤاڵ و دۆست و ناسیاوەكانی لە كاتی كە پێویستیان بە یارمەتی مام هەبوەوە یان هەبوبێ" .
"كاتی خۆی لە شەستەكان هاوڕێیەكی زۆر خۆشەویستی مام كە ناوی (عەبدولئیلا نەسراوی) بو كە بە داخەوە پێش دووساڵ كۆچی دوایی كرد، خوالیخۆشبو پێویستی بە یارمەتی دەبێ، ئەویش وەك مام موعارەزەی ڕژێم بوو ئەوكات هەردووكیان لە شام كاریان لە دژی رژێمی سەدام دەكرد، لە كاتێكدا ئەو گروپە توندڕەو قاتیلانەی ئەمڕۆ كە تینوون بە خوێنی كورد، هیشتا نەهاتبوونە سەر دونیا، مام ئەوكات دوو هەزار دیناری دەبێ و هەردوو هەزار دینارەكەی بەقەرز دەداتە كاك عەبدولئیلا نەسراوی هاوڕێی". بەهرۆز گەڵاڵی وای نوسیوە.
دەشڵێت:"ماوەیەكی پێدەچێ كاك عەبدولئیلا دەیەوێ پارەكە بۆ مام بگەڕێنتەوە، بەڵام مام لێی وەرناگرێتەوە، زۆر هەوڵدەدات بیداتەوە. مام هەرگیز لێی وەرناگرێتەوە، هەوڵدەدات بیداتەوە هێرۆخان، ئەویش لێی وەرناگرێتەوە، لەو سەرو بەندەدا مام سەفەرێك دەكات بۆ ئەوروپا بۆ ئیش و كاری سیاسی، كاك عەبدولئیلا بیر دەكاتەوە ئەوكاتە لە شەستەكان شوقە زۆر هەرزان بووە لە شام، دەڕوات بەم دوو هەزار دینارە كە ئەوكاتی دیناری عێراقی زۆر بە هێز بووە، ڕێك ئەو شوقە یە دەكڕێت و بە ناوی مامی دەكات، پاش ماوەیەك كلیلەكەی تەسلیمی مام و هیرۆخان دەكات، هەردووكیان سەرسام دەبن، هەرچەندی دەكەن عەبدولئیلا دەڵێ تازە كڕیومە، بەم شێوەیە مام دەبێتە خاوەنی ئەو شوقەیە و ماوەیەك تا لە شام بوو لە ناوی دەژیا ".
لەكۆتایدا بەهرۆز گەڵاڵی نوسیویەتی:"دوایش كە سەفەری شامی دەكرد لەوێ لەگەڵ برادەرو دوست و ڕەفیقەكانی یەكتریان تیا دەبینی و بۆ كۆبونەوەو شت و یەكتر بینین بە كاریان دەهێنا، من خۆم هەفتەیەك زیاتر لەم شوقەیە ژیاوم لەگەڵ مام و كاك نەوشیروان و مامۆستا چەتۆ و چەند هەڤاڵێكی تر، ئەم سەر گوزەشتەیە، خودی مام خۆی بۆی گێراومەتەوە".

 

  • 104 ساڵە دامەزراوە؛ سوپای عێراق لە ڕیزبەندی پێنجەمەوە بۆ 28 ەم

  • داهاتی ناوخۆ كێشەكەی دروستكردووە؛ بەغداد بۆچی ئامادەنییە پارەی مانگی 12 بنێرێت؟

  • سودانی بۆچی دەچێتە ئێران؟

  • بەهۆی نەوتی هەرێمەوە؛ بودجەی عێراق ڕەوانەی پەرلەمان نەكراوە

  • شەڕی سەخت لەدەوروبەری بەنداوی تشرین بەڕێوەدەچێت؛ نزیكەی 90 چەكداری سەر بە توركیا كوژراون

  • یەكێتی پشتڕاستیدەكاتەوە: تەحریر شام دەست بەسەر سێ بارەگای یەكێتیدا دەگرێت

  • كێشەی ڕێكخەری گشتیی لەناو گۆڕان سەرهەڵدەداتەوە

  • گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان؛ ڕای گشتیی توركیای بەسەر دوو بەرەدا دابەش كردووە

  • بۆچی توركیا دەیەوێت بەنداوی تشرین داگیر بكات؟

سەرەکی