دیمەنێکی شەڕ
2025-01-05
245 جار خوێنراوەتەوە
شەڕی سەخت لەدەوروبەری بەنداوی تشرین بەڕێوەدەچێت؛ نزیكەی 90 چەكداری سەر بە توركیا كوژراون
ناوەندی هەواڵ
گروپە چەتەكانی سەر بە توركیا لە هێرشكردنە سەر بەنداوی تشرین و دەوروبەری بەردەوامن، توركیا بە تۆپهاوێژ و درۆن پشتیوانییان دەكات، بەڵام سەرجەم هێرشەكانیان لەلایەن هەسەدەوە تێكشكێندراوە و ڕوانگەی سوریا دەڵێت "نزیكەی 90 چەكداریان لێكوژراوە".
ڕوانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە: لە دەوروبەری مەنبج هێزێكی زۆری بەكرێگیراوی توركیا وتانكی سوپای توركیا كۆكراونەتەوە، لە دوو رۆژی ڕابردوودا هێزەكانی سەر بە توركیا هێرشی گەورەیان بۆسەر ئەو ناوچەیە ئەنجامداوە، لە ڕێگەی وشكانی و بە بەكارهێنانی درۆن، ئامانجی سەربازی و مەدەنیش دەكەنە ئامانج.
وەك ڕوانگەی سوریا دەڵێت: توركیا و گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا دەیانەوێت بەنداوی تشرینی ستراتیژی و پردی قەرەقۆزاق داگیر بكەن، لەكاتێكدا مەترسی كارەساتی مرۆیی هەیە بەهۆی هێرشكردنەسەر ئەو پرد و بەنداوە ستراتیژییەوە.
لەماوەی ئەو دوو رۆژەی شەڕدا بەپێی ئاماری ڕوانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، 101 كەس كوژراون، كە 85 یان لە گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیان، هەروەها 16 ئەندامی هەسەدە و ئەنجومەنی سەربازی مەنبج شەهیدبوون.
شەڕ وپێكدادانەكە لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەم ناوچانە بوون، ئەوانیش (گوندەكانی حاجی حوسێن، سەعیدەین، عەتشانە، عەلوش، مەستاحە، ناوچەی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق لە باشوری مەنبج).
هەردوولا چەكی قورس و مامناوەند بەكاردەهێنن، هەسەدە درۆن دژ بە گروپە چەكدارە بەكرێگیراوەكانی توركیا بەكاردەهێنێت، ئەوەش زیانی گەورەی بەو چەتانە گەیاندووە، لەبەرامبەریشدا توركیا بە درۆن و تۆپهاوێژ بارەگاكانی هەسەدە و شوێنی ژیانی لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا دەكاتە ئامانج.
بە تەنها ئەم بەیانییە، كاتێك گروپە چەتەكانی سەر بە توركیا هێرشیان كردووەتەسەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق، 15 چەكداریان كوژراون، لەبەرامبەردا چوار شەڕڤانی هەسەدە بەهۆی هێرشی درۆنی توركیاوە شەهیدبوون، ئەمەش دەریدەخات ئەگەر پشتیوانی توركیا نەبێت ئەو گروپە چەكدارانە توانای شەڕی هەسەدەیان نییە.
ئەو گرژی و پێكدادانانە لەكاتێكدایە، ئەمریكا ڕایگەیاندووە كە ئاگربەست لە مەنبج لەنێوان هەسەدە و توركیا هەیە، بەڵام توركیا پابەندی ئاگربەست نییە، بەوهۆیەشەوە مەترسی كارەساتی مرۆیی لەو ناوچانە هەیە، چونكە توركیا ژێرخانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا دەكاتە ئامانج.
|