محەمەد جەواد زەریف
3 کاتژمێر پێش ئێستا
48 جار خوێنراوەتەوە
لەپێناو رێككەوتنی ئەتۆمیی
ناوەندی هەواڵ
محەمەد جەواد زەریف، جێگری
سەرۆك كۆماری ئێران بۆ كاروباری ستراتیژی ڕایگەیاند، ئێران هیوادارە دۆناڵد ترەمپ
سەرۆكی ئەمریكا ڕێگەیەكی ژیرانە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران بەكاربهێنێت، جەختیش دەكاتەوە
ئێران هەرگیز هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمیی نادات.
لەمیانی وتەیەكدا لە كۆڕبەندی
ئابوری جیهان لە داڤۆس لە سویسرا، محەمەد جەواد زەریف وتی:"ئێران هەڕەشەی ئەمنیی
نییە بۆ جیهان، هیوادارم ترەمپ زیاتر جددیەت بنوێنێت و ورد و واقیعی بێت لە خولی
دووەمی سەرۆكایەتیەكەیدا".
لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتیەكەیدا
دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018 لە ڕێككەوتنی ئەتۆمیی وڵاتانی رۆژئاوا و ئێران كشایەوە،
كە ساڵی 2015 واژۆكرابوو، دووبارە سزا توندەكانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، ئێرانیش
بە پێشێلكردنی بەشێك لەبەندەكانی ڕێككەوتنەكە وەڵامی دایەوە، لەوانەش خێراكردنی پیتاندنی
یۆرانیۆم.
لەناوخۆی ئێران ترسی ئەوە
زیادیكردووە، كە ترەمپ لە خولی دووەمی سەرۆكایەتیەكەیدا رێگە بە بنیامین نەتەنیاهۆ
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەدات، گورزی سەربازیی دژ بە پێگە ئەتۆمییەكانی ئێران بوەشێنێت،
هاوكات لەگەڵ توندكردنەوەی سزاكانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریكاوە.
لەجاران بەهێزترین
موحسین ڕەزایی، ئەندامی
ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی سیستەمی ئێران و فەرماندەی پێشووی سوپای
پاسداران ڕایگەیاند:" پرەنسیپەكانی ئێران لە سوریا نەگۆڕاوە و جێگیرە".
جەختكردنەوەی ئەو فەرماندەیەی
پێشووی سوپای پاسداران لەكاتێكدایە ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا لە مانگی 12 ی ساڵی
ڕابردوو ڕووخا و دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق چەندین جار دووپاتیان كردووەتەوە كە چیتر
ڕێگە بە ڕۆڵی ئێران لە سوریا نادەن.
وەك پەیامێك بۆ دۆناڵد
ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، موحسین ڕەزایی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران و ئەندامی ئەنجومەنی
دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی سیستەمی ئێران دەڵێت "پێویستە لەسەری هەڵنەخەڵەتێت
بەو بانگەشانەی كە هیچ بنەمایەكیان نییە و باس لەوەدەكەن كە ئێران لاواز بووە".
كە مەبەستی ئەو گورزانەیە كە بەر گروپەكانی نزیك لە ئێران كەوتووە لە ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست لە لوبنان و سوریا و یەمەن.
موحسین ڕەزایی جەخت دەكاتەوە
كە ئێستا ئێران لە جاران بەهێزترە و ئامادەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەموو دۆخێكدا.
وەك هەڵوێستێك بەرامبەر
ئەو هەواڵانەی بڵاوبوونەتەوە و باس لەداوای ئێران دەكەن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكا، ڕەزایی
پێی وایە ترەمپ و ئەمریكا ناتوانن چاوەڕوانی هیچ شتێك لە ئێران بكەن بەبێ ئەوەی
متمانەی ئێران بەدەست بهێنن.
لێدوانەكەی ئەو ئەندامەی
ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی سیستەمی ئێران دوای چەند كاتژمێرێك دێت لە
لێدوانی كازم غەریب ئابادی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران، كە ئامادەیی وڵاتەكەی
ڕاگەیاندبوو بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئیدارەی
نوێی ئەمریكا لەبەرامبەر لابردنی سزاكانی سەر ئێران.
كازم غەریب ئابادی،
سوربوونی ئێرانی لە بەردەوامبوونی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی ڕۆژئاوا دووپاتكردەوە كە
هەریەك لە فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیان، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو هەردوولا گەڕی
سێیەمی گفتوگۆ ڕاوێژكارییەكانیان لە جنێف بەڕێوەبرد.
ڕێككەوتین لەسەر بەردەوامیی
گفتوگۆكان
ئەو بەرپرسەی ئێران دەڵێت
"ڕێككەوتین لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆكان، بەهۆی گفتوگۆ هاوبەشەكانیشەوە كاتی كۆبوونەوەی
داهاتوومان دیاریكرد".
بەوتەی هەردوو لایەنی ئێرانی
و وڵاتانی ڕۆژئاوا گفتوگۆكان بنیاتنەر و ڕاشكاوانە بووە، لایەنی ئێرانی ڕایگەیاندووە
كە گەڕی سێیەمی گفتوگۆكان كە ئەیلولی ڕابردوو لە نیویۆرك دەستیپێكرد و دوو گەڕی لە
جنێف بەڕێوەچوو، ئامانج لێی گفتوگۆی توانای گەڕانەوەیە بۆسەر مێزی گفتوگۆ.
غەریب ئابادی ئەوەشی
خستووەتەڕوو "ڕێگای ژیرانەتر ئەوەیە گفتوگۆكان دەستپێبكاتەوە و گەمارۆكان هەڵبگیرێن
و بگەڕێینەوە سەر ڕێگە ڕاست و دروستەكە". ئاماژەی بەوەشدا تاران ئامادەیە بۆ
ئەوە ئەگەر لایەنەكانی دیكە هەمان ئامادەییان هەبێت.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران
بۆ كاروباری یاسایی باوەڕی خۆشی پیشاندا كە "گفتوگۆكان دەستپێدەكەن و ئەنجامیشیان
دەبێت".
ئێران تۆپەكەی هەڵدایە یاریگەی
وڵاتانی ڕۆژئاوا
ئەو بەرپرسەی ئێران تۆپەكەی
هەڵدایە یاریگەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەوەی وتی "ئەگەر سیاسەتێكی جیاوازمان لە لایەنەكانی
دیكە بینی، ئەوكات ئێران هەڵوێستی گونجاو دەگرێتەبەر كە لەگەڵ ئەو سیاسەتانە یەكانگیربێت".
"بڕوام
وایە ئێستا كاتێكی گونجاوە بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن، ئەوەش پرسێكە كە پێشینەكەی
زانراوە، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ئاشتیانەیە و سزاكانیش تاكلایەنە و نایاساییە و
ئامانجەكەی ناپێكێت". غەریب ئابادی وای وت.
پێش سێ ساڵ گفتوگۆی نێوان
ئێران و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لە ڤییەننا وەستا، كاتێك شەڕی ڕوسیا و ئۆكراینا سەریهەڵدا،
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەو گفتوگۆیانەدا بە ناڕاستەوخۆ بەشداربوو، دوای وەستانی
گفتوگۆكانی ڤییەننا، ئێران و ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لەڕێگەی
ناوبژیوانی دەسەڵاتدارێتی میرنشینی عەممان گفتوگۆكانیان بەردەوامیی پێدا، بەڵام نەیانتوانی
بگەنە دەستپێشخەرییەك كە لە قەیرانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران دەربازبن.
سەرۆك كۆماری ئێران، پەیامێكی
ناڕاستەوخۆی ئاراستەی سەرۆكی ئەمریكا كرد
هەفتەی ڕابردوو مەسعود
پزشكیان سەرۆك كۆماری ئێران، پەیامێكی ناڕاستەوخۆی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا
كرد، لە ڕێگەی كەناڵێكی ئەمریكییەوە ئامادەیی تارانی بۆ گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ
واشنتن پیشاندا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەكەی. لەهەمانكاتدا هۆشداریدا لە
هەر گورزێكی سەربازی كە لە وڵاتەكەی بوەشێنرێت بەوپێیەی بەوتەی ئەو كاریگەری خراپی
دەبێت.
ئێران ترسی هەیە ترەمپ سیاسەتی
فشاری توند بەرامبەری بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی ناچاری بكات ڕەفتاری لەسەر ئاستی هەرێمایەتی
بگۆڕێت.
|