پەرلەمانی کوردستان
2025-01-21 67 جار خوێنراوەتەوە

ئایا داواكەی شاسوار عەبدولواحید یاساییە؟

ناوەندی هەواڵ

نەوەی نوێ كە سەرۆكی بەتەمەنی پەرلەمان لە فراكسیۆنەكەیانە، داوای كردووە  چوارشەممە پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە، پارتی و یەكێتی تائێستا یەكلانەبوونەتەوە و لایەنەكانی دیكەش بەشێكیان دەچنە پەرلەمان.

محەممەد سلێمان، سەرۆكی بەتەمەنی پەرلەمانی كوردستان 19-1-2025 لە راگەیەندراوێكدا بانگهێشتی هەموو ئەندام پەرلەمانەكانی كرد، بۆ ئەوەی ئەم چوارشەممەیە (22-1-2025) درێژە بە دانیشتنی یەكەمی خولی شەشەمی پەرلەمان بدەن، بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان؛ بە پێچەوانەوە ئەوان بەرپرس نین لە لێكەوتە یاسایی و سیاسییەكان.

بەپێی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی بەتەمەنی پەرلەمان دەسەڵاتی هەیە كاتی دانیشتن دیاری بكات و داوا لە لایەنەكان بكات بەشداری بكەن، بەڵام بۆ ئەوەی دانیشتنەكە بكرێت دەبێت رێژەی یاسایی تەواو بێت، واتا 50+1 بێت، دانیشتنی چوارشەممە دەبێتە درێژەپێدەری دانیشتنی یەكەم.

ڕۆژی 2-12-2024 كاندیدانی سەركەوتووی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان سوێندی یاساییان خوارد و یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بە سەرۆكایەتیی محەممەد سلێمان، پەرلەمانتاری بەتەمەن بەڕێوەچوو.
بەپێی زانیارییەكان پارتی و یەكێتی بەیەكەوە كۆدەبنەوە و بڕیاری كۆتایی دەدەن، كە بەشداری دانیشتنەكە دەكەن یاخود نا.

بەشێك لە لایەنەكانی دیكەش لەوانە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەچنە پەرلەمانی كوردستان بەڵام دیار نییە بەشداری دانیشتنەكە دەكەن یاخود نا، ئیرادە پەیوەندی بە چەند پەرلەمانتارێكیانەوە كرد بەڵام ئامادەنەبوون بڕیاری خۆیان بڵێن كە بەشداری دانیشتنەكە دەكەن یاخودنا.

ڕۆژی 18-1-2025، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:"ئێمە 15 كورسیمان هەیە، لەگەڵ كورسییەكانی یەكێتی و دوو كورسی كۆتای سلێمانی دەكاتە 40 كورسی، ئەگەر كورسییەكانی كۆمەڵ و یەكگرتووی بخرێتە سەر كە 10 كورسین، دەكاتە 50 بە تەنیا 50+1 دەكات. بێگومان هەشت كورسیی دیكەی لایەنەكانی دیكەش هەن، ئەگەر یەكێتی و تەواوی لایەنەكانی دەتانەوێت پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ پارتی نەبێت، فەرموون وەرن لەسەر كاندیدێكی سەرۆكوەزیران رێكبكەون جا هەر كاندیدێك بێت، بەڵام پارتی نەبێت".

داواكەی شاسوار عەبدولواحید لەكاتێكدایە، دوای بڵاوبوونەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، كۆمەڵی دادگەری كە سێ كورسی بەدەستهێناوە رایگەیاند، "ساختەكاری كراوە" و، پەسندی ناكەن و ناچنە پەرلەمان". 

كەواتە داواكەی شاسوار عەبدولواحید لەڕووی یاساییەوە دروست نییە و 50+1 وەك ئەو دەڵێت لە پەرلەمان بەبێ پارتی دروست نابێت بەوپێیەی پێكهاتەكان و بەشێك لە لایەنە بچوكەكان لەبەرەی پارتیدان.

دووەم جارە شاسوار عەبدولواحید پێشنیاز ئاراستەی كۆمەڵی دادگەری دەكات بۆ بەشداریكردن لە حكومەت.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین كورسی بەدەستهێنا كە 39 كورسی بوو. دوای ئەویش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 23 كورسی و نەوەی نوێ 15 كورسیی بەدەستهێنا. هەروەها یەكگرتوو حەوت كورسی، كۆمەڵ سێ كورسی، رەوتی هەڵوێست چوار كورسی، بەرەی گەل دوو كورسی، هاوپەیمانیی هەرێمی كوردستان یەك كورسی و گۆڕانیش یەك كورسی بەدەستهێنا.

 

  • سیاسەتی ترەمپ بۆ جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی دەبێت؟

  • ئایا داواكەی شاسوار عەبدولواحید یاساییە؟

  • بەغداد مەرجی نوێی هەیە

  • ئاگربەستی ئیسرائیل و حەماس دەچێتە ڕۆژی دووەم

  • "پێچه‌وانه‌ى لێدوانه‌كانیان گفتوگۆى هه‌سه‌ده‌ و ئیداره‌ى نوێى سوریا به‌ نه‌رمى به‌ڕێوه‌ده‌چێت"

  • مه‌زڵوم عه‌بدى: نه‌ چه‌ك داده‌نێین نه‌ خۆمان هه‌ڵده‌وه‌شێنینه‌وه‌

  • شه‌ڕ چۆن سه‌ریهه‌ڵدا و ڕێككه‌وتنى ئاگربه‌ست چۆنه‌؟

  • لیژنەی دارایی: پێویسته‌ هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ى له‌ڕێگه‌ى سۆمۆوه‌ هه‌نارده‌ بكات

  • ​ ئیسلامییەكان پشتیوانی توركیا دەكەن كە سوێندەكەی ناوی خوای تێدا نییە

سەرەکی