سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان
3 کاتژمێر پێش ئێستا
293 جار خوێنراوەتەوە
شاندی ئیمراڵی گەڕانەوە؛ چاوپێكەوتنەكە چوار كاتژمێری خایاندووە
ناوەندی هەواڵ
شاندی دەم پارتی لە زیندانی ئیمراڵی گەڕانەوە و چاویان بە عەبدوڵا ئۆجەلان كەوتووە، چاوپێكەوتنەكە چوار كاتژمێری خایاندووە.
شاندی دەم پارتی لە زیندانی ئیمراڵی چاویان بە عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە كەوتووە، شاندەكە هەریەك لە پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر بوون.
بەپێی زانیارییەكان چاوپێكەوتنی ئۆجەلان و شاندی دەم پارتی چوار كاتژمێری خایاندووە و لەچەند كاتژمێری داهاتوودا بڕیارە لەبارەی ناوەرۆكی سەردانەكە زانیاریی ئاشكرا بكەن.
پێشتر لە 28ی كانوونی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، هەریەك لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی "سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان" سەردانی ئیمرالییان كرد و لەگەڵ ئۆجەلان دیداریان ئەنجامدا، دواتر لەسەر ڕاسپاردەی ئۆجەلان شاندەكە بە یاوەری سیاسەتمەداری كورد ئەحمەد تورك، كە قەیوومیش لە جێگەی دانراوە لە شارەوانی مێردین، سەردانی لایەنە سیاسییەكانی توركیا و بەشێك لە زیندانییانی سیاسییان كرد.
ئەمە لە كاتێكدایە سێ ڕۆژ لەمەوبەر شاندی دەم پارتی داواكاری پێشكەشی وەزارەتی دادی توركیا كردبوو بۆ ئەوەی بۆ جاری دووەم سەردانی ئۆجەلان بكات.
دوو هەفتە لەمەوبەر ئەحمەد تورك ڕایگەیاندبوو: "لەوانەیە لە سەردانی دووەم یان سێیەم بۆ ئیمراڵی، ئۆجەلان داوا لە پەكەكە بكات چەك دابنێت".
دواتریش هەواڵەكەی ڕۆژنامەی سۆزجو پشتڕاست كرایەوە و دەركەوت ئەحمەد تورك سەردانی ئۆجەلان ناكات.
داواكارییە چاوەڕواننەكراوەكەی باخچەلی لە ئۆجەلان
دەولەت باخچەلی، سەرۆكی گشتیی مەهەپە لە هەڵوێستێكی چاوەڕواننەكراودا لە یەكی تشرینی یەكەمی 2024 و لە ڕۆژی كردنەوەی وەرزی نوێی یاسادانان لە پەرلەمانی توركیا، چووە لای پەرلەمانتارانی دەم پارتی لە هۆڵی پەرلەمان و تەوقەی لەگەڵدا كردن و دواتریش ڕایگەیاند: "لە كاتێكدا داوای ئاشتی بۆ جیهان دەكەین، لە ناوخۆدا پێویستیمان بە ئاشتییە".
باخچەلی 22ـی تشرینی یەكەمی 2024 رایگەیاند، "ئەگەر گۆشەگیرییەكەی سەری هەڵبگیرێت با ئۆجەلان بێت لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا كۆتایی بە تیرۆر بێنێت و پەكەكە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوكات با یاساكان بە جۆرێك رێكبخرێنەوە، ئۆجەلان بتوانێت داوای مافی هیوا (ئازادكردنی مەرجدار) بكات و ئێمەیش ئامادەین زەمینە بۆ ئەوە بڕەخسێنن".
ئەو وتانەی باخچەلی لە كاتێكدایە 25 ساڵ تێپەڕبووە بەسەر زیندانیكردنی ئۆجەلان و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیە "مافی هیوا" بە شایستەی ژمارەیەك لەو كەسانە دەزانێت كە بە زیندانی هەتاهەتایی قورسكراو سزا دراون، بۆ ئەوەی بە شێوەی مەرجدار ئازاد بكرێن.
رۆژی 26ـی تشرینی دووەمی 2024 دەولەت باخچەلی لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا داوای كرد شاندێكی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەبێ دواكەوتن روبەڕوو یەكتر ببینن و جەختی لەوە كردەوە لەسەر قسەكانی خۆیان سورن و پاشگەز نەبوونەتەوە كە ئەگەر ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە رابگەیەنێت، ئەوا زەمینەسازی دەكەن بۆ ئەوەی ناوبراو سومەند بێت لە پێدانی مافی هیوا.
هەر هەمان رۆژ تونجەر باكرهان و تولای هاتیمئۆغڵوڵڵاری، هاوسەرۆكانی گشتیی دەم پارتی داواكارییەكیان پێشكەشی وەزارەتی دادی توركیا كرد بۆ ئەوەی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بكەن لە گرتووخانەی ئیمراڵی.
دوای تێپەڕینی 31 رۆژ بەسەر داواكارییەكەدا و لە 27ـی كانوونی یەكەم وەزارەتی داد بە ئەرێنی وەڵامی دەم پارتی دایەوە.
رۆژێك دواتر شاندی دەم پارتی كە پێكهاتبوو لە سری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان سەردانی ئۆجەلانیان كرد لە دوورگەی ئیمڕاڵی و شاندەكەی دەم پارتی لە زاری ئۆجەلانەوە رایگەیاند كە ئامادەیە ئەوەی لە توانایدا بێت بیكات بۆ سەرلەنوێ بەهێزكردنەوەی برایەتی كورد و تورك و ئەمەی وەك بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی لەقەڵەم دا.
|