ترەمپ
2025-01-21 31 جار خوێنراوەتەوە

سیاسەتی ترەمپ بۆ جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی دەبێت؟

ناوەندی هەواڵ

لەگەڵ وەرگرتنی كلیلی كۆشكی سپی، مشتومڕ و شیكردنەوەكان لەبارەی سیاسەتە چاوەڕونكراوەكانی ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە پرسێكی گەرم، بەتایبەتی كە پێش دەستبەكاربوونی چەندین بەڵێن و لێدوانیداوە لەو بارەیەوە.

ترەمپ بە پێچەوانەی زۆربەی سەرۆكەكانی ئەمریكاوە لە مێژووی نوێدا، لەماوەی دوو مانگ نیوی پێش دەستبەكاربوونی بەرەسمی، بەكردەیی دەستیكرد بەباسكردن لەسیاسەتی دەرەوەی ئیدارەكەی لەدوای دەستبەكاربوونی لە كۆشكی سپی، بەجۆرێك رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەرووی ئەو كارانەوە داناوە كە گرنگیان پێدەدات.

كۆتایی هێنان بەجەنگ

ترەمپ لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنیدا كۆتایی بەو جەنگانە بهێنێت كە لەدوای خولی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەوە سەریانهەڵدا. لەدوای هەڵبژاردنیشی بەسەرۆك هەڕەشەی كردنەوەی دەرگای دۆزەخی كرد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەر بارمتەكانی ئیسرائیل لە غەززە ئازاد نەكرێن و ئاگربەست رانەگەیەنرێت.

ئاگربەست لە غەززە

ئەو هەڕەشەیە رۆڵێكی گەورەی بینی لە گەیشتن بە رێككەوتنی ئاگربەست، كە ئیدارەی جۆ بایدن هەوڵی بەدیهێنانی دەدا و بەڵام هەوڵەكانی بەدرێژایی ساڵێكی تەواو شكستیان هێنا. بەڵام ترەمپ فشاری خستە سەر سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كە خۆی و حكومەتەكەی ناڕازی بوون لە رێككەوتنی لەو شێوەیە. ترەمپ نوێنەری خۆی ناردە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشداریی لە دانوستانەكاندا كرد و دیدارەكەی لەگەڵ نەتەنیاهو پێش گەیشتن بە رێككەوتنەكە یەكلاكەرەوە بوو، ئەمەش بەپێی راپۆرتێكی پێگەی بی بی سی.

لەگەڵ ئاگربەستی غەززە ناوچەكە روبەڕووی پرسیاری زۆر دەبێتەوە، كە دیارترینیان رێگەی سەپاندنی دەسەڵاتە لە غەززە، لەگەڵ چارەنوسی حەماس.

سیاسەتی ئەمریكا لە ئێران و عێراق

هاوسەنگی هێزە هەرێمایەتییەكان و دۆسیەی ئێران و پەیوەندیدار بە عێراق یەكێك لە گرنگترین دۆسیەكانی بەردەم ترەمپە.
لەو دۆسیەیەدا دوو بەشی گەورە هەن كە یەكەمیان بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانە كە هێڵی سورە و پێناچیت ترەمپ رێگە بە تاران بدات تێیپەڕێنێت بەرەو بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆم، بەپێی سەرچاوە ئەمریكییەكان ترەمپ لەگەڵ نەتەنیاهو لەسەر پلانێك رێككەوتووە لەئەگەری نزیكبوونەوەی ئێران لە چەكی ئەتۆم، كە دەستوەردانی سەربازی  ئیسرائیل و تەنانەت ئەمەریكیش دەگرێتەوە.

هەژموونی ئێران 
بەشی دووەمی دۆسیەكە پەیوەندیدارە بە هەژمونی ئێران لەناوچەكە، كە بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا و كەوتنی بەشار ئەسەدەوە گورزی گەورەی بەركەوت، ترەمپ بە سیاسەتە ناسراوەكەیەوە دەچێتە كۆشكی سپی كە ئەوپەڕی فشارە لە ئێران، بەڵام بە كۆپیەكی نوێ و توندتر، ئەوەش مانای ئەوەیە عێراق و گروپە چەكدارەكانی كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن، لەگەڵ حكومەتەكەی كە لەلایەن ئەمەریكاوە پشتیوانی دەكرێت و هاوپەیمانی ئێرانە، دەبێتە گۆڕەپانی سەرەكی بۆ بەدواداچوونی رادەی فشاری ترەمپ لەسەر ئێران و رادەی بەرگەگرتنی ئەو وڵاتە.

دۆخی سوریا

پێش دەستبەكاربوونی ترەمپ دۆخی سوریا گۆڕانكاریی زۆری بەدوادا هات بەهۆی روخانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە و ئیدارەی نوێ بەسەرۆكایەتی ئەحمەد شەرع دەیەوێت پەیوەندی باش لەگەڵ وڵاتان دروستبكات، توركیاش رۆڵێكی گەورەی هەیە لەو وڵاتە و ترەمپ دەیەوێت لەگەڵی بگاتە لێكتێگەیشتن.

ترەمپ لەخولی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەیدا هەوڵیدا هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان بكێشێتەوە لەبەرامبەر فراوانكردنی هەژمونی توركیا لەسەر حسابی هێزەكانی سوریای دیموكرات كە لەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێن. 

ئەو دۆسیەیە كراوەیە بەرامبەر ترەمپ، بەتایبەت كە بوونی سەربازی ئەمریكا لە سوریا پەیوەستە بە بوونی سەربازی ئەمریكا لە عێراقی دراوسێی.
پێناچێت ترەمپ دەستبەرداریی هاوپەیمانە كوردەكانی بێت لە سوریا، بەڵام پێدەچێت بڕیار بدات لەبارەی بوونی سەربازی وڵاتەكەی لە عێراق و سوریا و پەیوەندی ئەو پرسە بە ئێرانی ركەبەری و توركیای هاوپەیمانییەوە.

لوبنان و یەمەن

ئاڵۆزییەكانی یەمەن و لوبنان دوو پرسی گرنگن لە سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ، حوسییەكان كە لەلایەن ئەمریكاوە روبەڕووی چەندین هێرش بوونەتەوە، ترەمپ لەكۆتایی خولی یەكەمی دەسەڵاتەكەیدا خستیە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام بایدن لە لیستەكە سڕییەوە بۆ ئەوەی بتوانێت وەك دیفاكتۆ مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتی حوسییەكان لەو وڵاتە بكات.

چاوەڕوان دەكرێت ترەمپ حوسییەكان بخاتەوە لیستی تیرۆر و ستراتیژییەتی گورزی سەربازی بگۆڕێت بۆ ستراتیژێكی كاریگەرتر.
هەروەها لە لوبنان ترەمپ چاوی لە پاشەكشەی زیاتری ئێرانە، لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ و دیاریكردنی سەرۆك وەزیران كە هیچیان بژاردەیەكی دڵخوازی حیزبوڵڵا نین.

وڵاتانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

پێشبینی دەكرێت ترەمپ پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك سعودیە و ئیمارات و میسر و قەتەر و كوەیت و بەحرەین و عەمان و ئەردەن پتەو بكات، بەتایبەتی كە ترەمپ بەوە ناسراوە زیاتر گرنگی بە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەدات، لەجیاتی سەرنج خستنە سەر تۆماری بەشێك لە هاوپەیمانەكانی لەپرسەكانی پەیوەندیدار بە مافی مرۆڤدا.
هەر رێككەوتنێكی نێوان سعودیە و ئیسرائیل بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان دەستكەوتێكی دیبلۆماسی گرنگ دەبێت بۆ ترەمپ، بەڵام سعودیە داواكاری گەورەی هەیە بەرامبەر ئەو هەنگاوە، كە خۆی لە گەشەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیدا دەبینێتەوە.


  • سیاسەتی ترەمپ بۆ جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی دەبێت؟

  • ئایا داواكەی شاسوار عەبدولواحید یاساییە؟

  • بەغداد مەرجی نوێی هەیە

  • ئاگربەستی ئیسرائیل و حەماس دەچێتە ڕۆژی دووەم

  • "پێچه‌وانه‌ى لێدوانه‌كانیان گفتوگۆى هه‌سه‌ده‌ و ئیداره‌ى نوێى سوریا به‌ نه‌رمى به‌ڕێوه‌ده‌چێت"

  • مه‌زڵوم عه‌بدى: نه‌ چه‌ك داده‌نێین نه‌ خۆمان هه‌ڵده‌وه‌شێنینه‌وه‌

  • شه‌ڕ چۆن سه‌ریهه‌ڵدا و ڕێككه‌وتنى ئاگربه‌ست چۆنه‌؟

  • لیژنەی دارایی: پێویسته‌ هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ى له‌ڕێگه‌ى سۆمۆوه‌ هه‌نارده‌ بكات

  • ​ ئیسلامییەكان پشتیوانی توركیا دەكەن كە سوێندەكەی ناوی خوای تێدا نییە

سەرەکی