ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی
2025-01-20 87 جار خوێنراوەتەوە

"پێچه‌وانه‌ى لێدوانه‌كانیان گفتوگۆى هه‌سه‌ده‌ و ئیداره‌ى نوێى سوریا به‌ نه‌رمى به‌ڕێوه‌ده‌چێت"

ناوەندی هەواڵ

ئاژانسی رۆیتەرز بە پشت بەستن بە سەرچاوەی باوەڕپێكراو ئاشكرایكردووه‌، گفتوگۆكانی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئیدارەی نوێی سوریا بە نەرمی بەڕێوەدەچێت، کە ڕەنگە لە چەند مانگی داهاتوو ببێتە ڕێخۆشكەر بۆ ڕێككەوتن.

لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد لە سەرەتای مانگی 12 ی ساڵی ڕابردوو، هەوڵەكان بۆ گفتوگۆی نێوان لایەنەكانی سوریا دەستیپێكردووە، هێزە كوردییەكانیش ئەوەیان ڕاگەیاندووە كە دەیانەوێت لەگەڵ ئیدارەی نوێی دیمەشق بگەنە ڕێككەوتن.

ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەكی تایبەت ئەوەی ئاشكراكردووە، دانوستانكاران بەرەو گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی چاوەڕوانكراو دەچن، بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان ئیدارەی نوێی سوریا و هێزەكانی سوریای دیموكرات لە چەند مانگی داهاتوودا.

ئەو سەرچاوانە كە خۆیان بەشدارن لە گفتوگۆ چڕەكانی ئەم چەند هەفتەیەی دوایی، دەڵێن "دانوستانكارە دیپلۆماسی و سەربازییەكانی ئەمریكا و توركیا و سوریا و هێزەكانی سوریای دیموكرات هەوڵدەدەن ئەوپەڕی نەرمی بنوێنن پێچەوانەی ئەوەی لە لێدوانە گشتییەكاندا دەریدەبڕن".

بەوتەی ئەو سەرچاوانە "گفتوگۆكان ڕێخۆشدەكەن بۆ ئەوەی لە چەند مانگی داهاتوودا ڕێككەوتن بكرێت، بەشێوەیەك ئەو ئەندامانەی هەسەدە و هێزە كوردییەكان كە خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان و سوریا نین لە سوریا و ڕیزەكانی ئەو هێزانە بچنە دەرەوە و ئەوانی دیكەش بچنە ڕیزی سوپای سوریاوە".
ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری ئەو سەرچاوانە ئاماژەی بەوەشكردووە "زۆر كێشەی دیكەی هەڵواسراوی نێوان هەسەدە و ئیدارەی نوێی سوریا هەن كە دەبێت چارەسەر بكرێن".

"ئەو پرسانە چۆنیەتی تێكەڵكردنی هێزەكانی سوریای دیموكراتە كە بەباشی ڕاهێنانیان پێكراوە لەچوارچێوەی سوپای نوێی سوریا و ئیدارەدانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان، كە كێڵگەی نەوتیش دەگرێتەوە"، ئەوەش بەپێی ئاژانسى رۆیتەرز.
عه‌بدى: هه‌وڵناده‌ین ئه‌زمونى هه‌رێمى كوردستان كۆپى بكه‌ین
مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، هێزەکانیان چەک دانانێن و خۆیان هەڵناوەشێننەوە، بەڵام دەیانەوێت بچنە ناو سوپاى داهاتووى سوریاوە، هۆشداریشدا لەوەى هەر رێگەیەکى دیکە جگە لە دانوستان لەو بارەیەوە کێشەى گەورەى لێدەکەوێتەوە. 

مەزڵوم عەبدى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى عەرەبییە ئاماژەى بەوەدا، ئەوان بانگهێشتنەکراون بۆ کۆبوونەوەى تایبەت بە تێکەڵكردنى گروپەکان لەگەڵ وەزارەتى بەرگریى، بۆیە ئەنجامى ئەو کۆبوونەوەیەش پەیوەست نییە بەئەوانەوە.

باسى لەوەشکرد، پێشنیازى پێکهێنانى لیژنەیەکى نوێی سەربازى هاوبەشیان کردووە بۆ تاوتوێکردنى پرسی تێکەڵکردنى هێزەکان و ئەوان دژى بیرۆکەى بوونى دوو سوپان لە سوریا.

مەزڵوم عەبدى جەختیکردەوە، ئەوان هەوڵنادەن ئەزموونى هەرێمى کوردستان کۆپى بکەن و پێویستە لە دەستوردا مافەکانى کورد بچەسپێنرێت و لەگەڵ یەکێتى خاکى سوریادان.

وته‌كانى مەزڵوم عەبدى لەبارەى رەتکردنەوەى دانانى چەکەوە دواى چەند کاتژمێرێک هات لە رەتکردنەوەى پێشنیازەکەى لەلایەن وەزیرى بەرگریى ئیدارەى نوێی سوریاوە کە تێیدا مانەوەى هەسەدەى وەک هێزێک لەناو وەزارەتى بەرگریدا رەتکردەوە.
هه‌ڵوێستى ئاشكراى حكومه‌تى سوریا
مورهیف ئەبو قەسرە وەزیرى بەرگریى سوریا (19 کانونى دووەمى 2025) لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى رۆیتەرز، فەرماندەکانى هەسەدەى تۆمەتبارکرد بەوەى ئەو پرسە "پشتگوێ دەخەن".

هێزەکانى سوریاى دیموکرات ناسراو بە هەسەدە ماوەى 14 ساڵە ناوچەکانى رۆژئاواى کوردستان و ژمارەیەک ناوچەى باکورى سوریاى لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و ئیدارەیەکى نیمچە ئۆتۆنۆمى پێکهێناوە بۆ بەڕێوەبردنى، لەدواى روخانى رژێمى بەشار ئەسەدیشەوە لەگەڵ ئیدارەى نوێی دیمەشق لە گفتوگۆدایە.
مورهیف ئەبو قەسرە کە (21 ى کانونى یەکەمى 2024) بە وەزیرى بەرگریى ئیدارەى نوێی سوریا دیاریکرا جەختیکردەوە، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان کە گروپەکان بچنە ناو وەزارەتى بەرگرییەوە و بەشێوەیەکى سەربازى دابەشبکرێن و هیچ هێزێک لەناو وەزارەت نەمێنێتەوە.

مورهیف ئەبو قەسرە دەڵێت، چاوى بەفەرماندەکانى هەسەدە کەوتووە، بەڵام تۆمەتباری کردن  بە "دواخستنی" گفتوگۆکان لەسەر یەکگرتنیان و جەختدەکاتەوە تێکەڵکردنیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی "مافی دەوڵەتی سوریایە".

ئەبو قەسرە، هیواشى خواست ئەو پڕۆسەیە بەتەواوى کۆتایی بێت لەناویاندا دیاریکردنى گەورە بەرپرسانى سەربازى تا سەرەتاى مانگى ئازارى ئەمساڵ، کاتێک وادەى حکومەتى راگوزەرى سوریا کۆتایی دێت.

یەکێک لە کارە لە پێشینەکانى وەزیرى نوێی بەرگرى سوریا، یەکخستنى گروپە چەکدارەکانى ئۆپۆزسیۆنى پێشووى سوریایە لەچوارچێوەى سەرکردایەتییەکى یەکگرتوودا، بەڵام پێدەچێت ئەنجامدانى ئەو کارە لەگەڵ هەسەدە قورس بێت، کە ئەمریکا بە هاوپەیمانێکى سەرەکى خۆى دایدەنێت دژى داعش، بەڵام تورکیاى دراوسێى سوریا بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشى نیشتیمانى ناوى دەبات.

 

  • سیاسەتی ترەمپ بۆ جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی دەبێت؟

  • ئایا داواكەی شاسوار عەبدولواحید یاساییە؟

  • بەغداد مەرجی نوێی هەیە

  • ئاگربەستی ئیسرائیل و حەماس دەچێتە ڕۆژی دووەم

  • "پێچه‌وانه‌ى لێدوانه‌كانیان گفتوگۆى هه‌سه‌ده‌ و ئیداره‌ى نوێى سوریا به‌ نه‌رمى به‌ڕێوه‌ده‌چێت"

  • مه‌زڵوم عه‌بدى: نه‌ چه‌ك داده‌نێین نه‌ خۆمان هه‌ڵده‌وه‌شێنینه‌وه‌

  • شه‌ڕ چۆن سه‌ریهه‌ڵدا و ڕێككه‌وتنى ئاگربه‌ست چۆنه‌؟

  • لیژنەی دارایی: پێویسته‌ هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ى له‌ڕێگه‌ى سۆمۆوه‌ هه‌نارده‌ بكات

  • ​ ئیسلامییەكان پشتیوانی توركیا دەكەن كە سوێندەكەی ناوی خوای تێدا نییە

سەرەکی