کێڵگەیەکی نەوتی هەرێم
2   کاتژمێر پێش ئێستا 42 جار خوێنراوەتەوە

بەغداد داوای غازیش دەكات

ناوەندی هەواڵ

هەمواری بودجە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان  ئاڵنگاری نوێی بۆ دروست دەبێت، دوای ئەوەی حكومەتی عێراق پێشنیازی پەرلەمانی بۆ گۆڕانكاریی لە هەموارەكە رەتكردەوە و داوای رادەستكردنی داهاتی بەرهەمە نەوتییەكان و غازی سروشتی دەكات.

بەهۆی ناكۆكی فراكسیۆنەكانەوە دەنگی لەسەر نەدرا

پەرلەمانی عێراق لەدوایین دوو دانیشتنی رابردوویدا دەنگدانی لەسەر هەمواری یەكەمی یاسای بودجە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم خستە بەرنامەی كارەكانییەوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی فراكسیۆنەكانەوە دەنگی لەسەر نەدرا و چارەنوسی بە نادیاری ماوەتەوە.

پشتیوانی لە پێشنیازەكەی پەرلەمان ناكات

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سێشەممە (21ـی كانونی دووەمی 2025) لە نوسراوێكدا كە بە واژۆی نوێنەری حكومەت لە پەرلەمان رەوانەی پەرلەمانی عێراقی كردووە پشتیوانی لە پێشنیازەكەی پەرلەمان ناكات بۆ گۆڕانكاریی لە هەمواری بودجە و پێیوایە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی داهات، هەروەها پێشنیازی بۆ پەرلەمان كردووە لەئەگەری گۆڕانكارییدا رادەستكردنی داهاتی بەرهەنەوتییەكان و غازی سروشتی هەرێمیش بەبێ لێبڕین بخاتە ناو هەموارەكەوە، جگە لە رادەستكردنی داهاتی نەوت.

سەرجەم داهاتەكەشی بەبێ هیچ لێبڕینێك دەگەڕێتەوە

بەپێی داڕشتنی حكومەت بۆ هەمواری یاسای بودجە، پڕۆسەی هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆ و بەهەمان نرخ و میكانیزم دەبێت لەسەرتاسەری عێراق، سەرجەم داهاتەكەشی بەبێ هیچ لێبڕینێك دەگەڕێتەوە گەنجینەی دەوڵەت، هەروەها قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان بەپێی میكانیزمێك دەبێت كە لەلایەن هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمەوە دادەنرێت بەبێ دەستبردن بۆ داهاتی نەوت و لە گەنجینەی دەوڵەت و بە رێكاری جیاواز خەرج دەكرێت.

بەڵام بەپێی پێشنیازی پەرلەمانی عێراق، سەرجەم داهاتی نەوتی هەرێم رادەست ناكرێت، بەڵكو تێچووی بەرهەمهێنانی لێ دەردەكرێت پێش رادەستكردنی، ئەوەش بەپێی بۆچوونی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ شێوازی كاركردنی سۆمۆ یەكناگرێتەوە.

بەوتەی سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دواكەوتنی پەسەندكردنی هەمواری یاسای بودجەی 2025 تایبەت بە دیاریكردنی تێچوی بەرهەمهێنانی بەرمیلێك نەوتی هەرێم، بەهۆی پێشنیازە نوێیەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوەیە، كە داوای ڕادەستكردنی داهاتی نەوت و بەرهەمە نەوتیەكان و غازی سروشتی دەكات لەناوخۆو دەرەوە بەبێ ئەوەی هیچی لێ ببڕدرێت.

داوای ڕادەستكردنی داهاتی نەوت و بەرهەمە نەوتیەكان و غازی سروشتی دەكات

هەمواری ماددەی 12ـی بودجە سەرەكیترین خاڵی هەمواری بودجەیە كە تایبەتە بە دیاریكردنی بڕی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان و تێچووی هەر بەرمیلێك بە 16 دۆلار دیاریكراوە، تا ئەوكاتەی لیژنەیەكی راوێژكاری تێچووی راستەقینە دیاری دەكات.

فراكسیۆنە شیعییەكان دانیشتنەكەیان بەجێهێشت

رۆژی یەكشەممە (19ـی كانونی دووەمی 2025) لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا كە تەوەرێكی تایبەت بوو بە دەنگدان لەسەر هەمواری بودجە، فراكسیۆنە شیعییەكان دانیشتنەكەیان بەجێهێشت و بەو هۆیەشەوە هەموارەكە نەخرایە دەنگدانەوە.

فراكسیۆنە شیعییەكان داوایانكرد جگە لە ماددەی 12 ماددەی 14ـی بودجەش هەموار بكرێتەوە كە تایبەتە بە شایستەی ئەو پارێزگایانەی نەوتیان لێ دەردەهێندرێت.

بژاردەی جۆراوجۆریان لەبەردەستە

عودەی عەبدولهادی سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح جەخت دەكاتەوە، هەڵوێستی فراكسیۆنەكان تائێستا ئەوەیە هەمواری ماددەكانی 12 و 14 رەتدەكەنەوە، چونكە دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە گەنجینەی دەوڵەت.

ئاماژە بەوەشدەكات، بژاردەی جۆراوجۆریان لەبەردەستە ئەگەر هەموارەكە بخرێتەوەروو كە دەبێتە هۆی پێدانی ملیارەها دۆلار بە هەرێم بەبێ پابەندبوون بە بەڵێنەكانیەوە.

  • بەغداد داوای غازیش دەكات

  • لەپێناو رێككەوتنی ئەتۆمیی

  • وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل ڕێگرن لە هەژموونی توركیا لە سوریا

  • شاندی ئیمراڵی گەڕانەوە؛ چاوپێكەوتنەكە چوار كاتژمێری خایاندووە

  • سیاسەتی ترەمپ بۆ جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی دەبێت؟

  • ئایا داواكەی شاسوار عەبدولواحید یاساییە؟

  • بەغداد مەرجی نوێی هەیە

  • ئاگربەستی ئیسرائیل و حەماس دەچێتە ڕۆژی دووەم

  • "پێچه‌وانه‌ى لێدوانه‌كانیان گفتوگۆى هه‌سه‌ده‌ و ئیداره‌ى نوێى سوریا به‌ نه‌رمى به‌ڕێوه‌ده‌چێت"

سەرەکی