2025-06-09
563 جار خوێنراوەتەوە
نەبونى متمانە لە یاساى هەڵبژاردنەكانى عێراق دا درێژەدەكێشێت
لە ساڵی 2003ەوە یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق وەک خۆی ماوەتەوە، نزیکەی هەمو خولێک هەموار دەکرێتەوە یان دەگۆڕدرێت، لە هەوڵێکی بەردەوامدا بۆ تێرکردنی هاوسەنگییە سیاسییەکان یان وەڵامدانەوەی فشاری گشتی، ئەمجۆرە هەوڵانە بەردەوام دەبێت، بەڵام سەرەڕای ئەم هەموارکردنەوە دوبارەبوانە، کێشەی متمانە بە پرۆسەی هەڵبژاردن بەردەوام بوە و تەنانەت خراپتر بوە، لەگەڵ زیادبونی تۆمەتەکانی دەستکاریکردن و ساختەكاریش، دەرفەتەکانی نوێنەرایەتی ڕاستەقینە لە عێراق لەلێوارى شكستدان.
سەرەتاى گرژییەكان لەهەڵبژاردنى پێشودا
هەڵبژاردنەکانی تشرینى یەكەمى ساڵى 2021، یەکێک لە گرژترین هەڵبژاردنەکان بو، هەڵبژاردنەكان لەسەر بنەمای یاسای "فرەبازنەیى و خۆكاندیدكردنى تاكە كەسیى" بەڕێوەچون، کە لەوکاتەدا بە "ئەنجامی ڕاستەوخۆی شۆڕشی تشرین" وەسف دەکرا، بەڵام لە ڕاستیدا، ناڕەزایەتی زیاتری بەدوای خۆیدا هێنا؛ بەهۆی ئەوەی کە بە "جیاكردنەوەى بازنەكان بۆ ئەوەی لەگەڵ زلهێزەکاندا بگونجێت" وەسفکرا.
هەوڵەکانی هەموارکردنەوە لە دوای ساڵی 2021.. مشتومڕ و دابەشبون
دوای هەڵبژاردنی ساڵی 2021 جارێکی دیکە هەوڵی پەرلەمان بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە سەریهەڵدا، بەڵام ئەو هەوڵانە بەریەککەوتن بو لەگەڵ دابەشبونێكى سیاسییانەى توند، هەندێک لە لیستەكان داوای گەڕانەوەیان بۆ سیستمی لیستى داخراو و نوێنەرایەتی ڕێژەیی دەكرد، بەوپێیەی بازنە بچوکەکان دەنگەکانی ئەوانى "پەرشوبڵاو" کردوە و ڕێگەیان بەو کاندیدانە داوە کە بنکەیەکی جەماوەریی ڕونیان نییە سەربکەون.
هاوکات، هێزە تشرینییەكان، ئەوانەى وەسفى شۆڕشى تشرینیان دەكرد، لەگەڵ لیستە سەربەخۆكان دا بەرگرییان لە سیستەمەكە دەكرد، و تەنها داوای چاکسازییان لە بەشێکی پەیوەست بە ژماردنی دەستی و ڕیزکردن و ڕێگریکردن لە کاریگەرییە دەرەکییەکان دەکرد.
هەوڵەكانى هێزەكانى چوارچێوەى هەماهەنگیى
دواتر هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵیاندا پرۆژەى هەموارکردنەوەیەک بخەنەڕو کە سیستمی دەستکاریکراوی "سانت لیگۆ" بگەڕێنێتەوە، لە ڕاستیدا لە مانگی ئازاری 2023 ئەو هەوڵە جێبەجێكرا، بەڵام سەرەڕای ڕەزامەندی فەرمی، یاساکە هەروا ماوەتەوەو بۆتە جێگەی ڕەخنە و ڕەتکردنەوەی بەرفراوان لەناو ڕاى گشتی عێراق دا، بەمەش مشتومڕ لەسەر هەموارکردنەکە کرایەوە.
ئەلجبوری: بزوتنەوەی هەموارکردنەوە نەوەستاوە، بەڵام كۆت و بەند هەیە
لەناو ئەم مشتومڕە کەڵەکەبوەدا، پەرلەمانتار سائر ئەلجبوری لەماوەى پێشودا ئەوەى پشتڕاستکردەوە کە بزوتنەوەی یاسادانان بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە نەوەستاوە، بەڵکو دوای کۆتایی هاتنی خولی یاسادانان، بزوتنەوەكە هەنگاوی گشتی دەنێت. ئەلجبورى لە لێدوانێكى دا بۆ ماڵپەڕى "بەغداد ئەلیەوم" ئاشكرایكردوە: ئەم هەوڵانە لەسەر دیدێکی سیاسی تەسک نییە، بەڵکو لە دیدێکی هەمەلایەنەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی شەفافیەت و ناردنی پەیامی دڵنیاکەرەوەیە بۆ ڕای گشتی، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینى دوەم دا.
لە دیارترین پێشنیارەکان کە ئەلجبوری ئاشکرای کردوە بریتین لە:
یەكەم: پێدانی مۆڵەتی پێشوەختە بە بەرپرسانی جێبەجێکردن، وەک پارێزگار و سەرۆکی دامەزراوەکان، لانیکەم دو بۆ سێ مانگ پێش وادەی هەڵبژاردن، بۆ ڕێگریکردن لە خراپ بەكارهێنانى سامانی دەوڵەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.
دوەم: داواکردنى دەستلەكاركێشانەوە لە بەرپرسانی جێبەجێکاری براوە لە پۆستەکانیان، و ڕێگەنەدان بە گەڕانەوەیان بۆ پۆستەکانیان، ئەمەش دوای سەرکەوتنی شوێنگرەوەكانیان لە لیستەکانیان. ئەلجبورى ئەمە بە بیانوى یاسایى ناودەبات کە ساڵانێکە دوبارە دەبێتەوە و دەبێت چارەسەری بکرێت.
سێهەم: پاڵپشتیکردنی لیستە بچوک و سەربەخۆکان لەڕێگەی گۆڕانکاریی لە میکانیزمەکانی حیسابکردنی کورسی یان دابەشكردنى بازنەكان، بۆ دڵنیابون لەوەی کە لەلایەن لیستە گەورەکانەوە پەراوێز نەخرێن، هەروەها گەیشتن بەو شتەی کە خۆى ناوی لێنابو بە دادپەروەریی هەڵبژاردن و فرەیی سیاسی.
هەڵبژاردنەكانی تشرینى دوەم... هەلێکی کۆتایی بۆ دروستکردنی متمانە
بە وتەی ئەلجبوری، چەند هێزێکی سیاسی لەسەر ئەم هەموارکردنانە ڕێکدەکەون و هەنگاوی کۆنکرێتی دوای کۆتایی هاتنی خولی ئێستا رادەگەیەنرێت.
ئەم هەنگاوانە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ دەستپێکردنی خشتەی کاتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2025، واتە هەر هەموارکردنێک دەبێت لە ماوەی چەند مانگی داهاتودا پەسەند بکرێت، بە پێچەوانەوە ڕەنگە ئەو یاسا مشتومڕاوییە بەو شێوەی ئێستای پەسەند بکرێتەوە.
دواجار، لەنێوان نوێبونەوەی چالاکی پەرلەمان و شەقامێک کە هەمو دەنگێک دەخاتە ژێر پرسیارەوە، وڵات ئەمڕۆ لەبەردەم دەرفەتێکی دەگمەندایە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بە سندوقەكانی دەنگدان، بەڵام سەرکەوتن تەنها لە ڕێگەی دەقەکانەوە بەدەست نایەت، بەڵکو لە خستنەڕوى راستگۆیى لەبڕیاردان و راگرتنى هاوسەنگی لەنێوان دەسەڵات و لیستە ركابەرەكان وەدیدەهێنرێت.
-
ئیرادە وردەكاریى بەئەلیكترۆنیكردنى پارەدان لەعێراق ئاشكرادەكات
|
-
حكومەتى هەرێم كلیلی بازاڕى خانوبەرە وندەكات
|
-
ترەمپ بۆ نەتانیاهۆ "دۆخەکە ئاڵۆز مەکە دانوستانەکان بەباشی بەرێوە دەچن"
|
-
عێراق.. نەبونى چاودێريى و یاساى بودجە؛ دەوڵەت ئیفلیج دەکات
|
-
ئیرادە داتا و زانیارى گرنگ سەبارەت بە ئابوریى عێراق دەخاتەڕو
|
-
نەبونى متمانە لە یاساى هەڵبژاردنەكانى عێراق دا درێژەدەكێشێت
|
-
ئیرادە ئامارى پێنچ ساڵى رابردوى خۆكوشتن لەهەرێم بڵاودەكاتەوە
|
-
ئیرادە رەگوڕیشەى گرفتەكانى نەوت و غاز لە هەرێم بڵاودەكاتەوە
|
-
ئایا سەدر دەگەڕێتە نێو گەمەى سیاسى هەڵبژاردنەكان؟
|
|
|