2025-07-09
4637 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریكا دەیەوێت موچەى حەشدى شەعبى رابگرێت
پوختە
عارف ئەلحەمامی ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد كە لەپشت هەوڵەکانی ڕێگریکردنە لە دابەشکردنی موچەى ئەندامانی هێزەکانی حەشدى شەعبى و ئەو هەنگاوەشى بە "فشاری ڕاستەوخۆ" بۆ سەر کۆمپانیای پارەدانی ئەلیکترۆنی "كى كارد" وەسفی کرد کە بەرپرسیارە لە خەرجکردنی موچە.
ئایا حەشدى شەعبى دامەزراوەیەكى ئەمنى هەمو پێكهاتەكانە؟
ئەلحەمامى لە لێدوانێكى دا بۆ میدیا عێراقییەكان ئەوەى ئاشكراكرد، كە حەشدى شەعبى هێزێکی فەرمی و ڕێکخراوە و سەر بە دەوڵەتی عێراقە و دابەشکردنی موچەش بەسەر ئەندامەکانیدا نوێنەرایەتی پابەندبونێکی یاسایی و ئەخلاقی دەکات، بەتایبەتی دوای ئەو قوربانییە زەبەلاحانەی لە ساڵی 2014ەوە لە شەڕەکانی ڕزگاریخوازیدا داویانە.
ئەلحەمامی لەو لێدوانەیدا ئەوەشى ڕایگەیاندوە، کە ئەو دامەزراوە ئەمنییە بەبێ جیاوازی هەمو پێکهاتەکانی گەلی عێراق لەخۆدەگرێت و ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە لە پاراستنی یەکڕیزیی و سەقامگیری وڵات، جەختیشی لەوە کردەوە کە هەر هەوڵێک بۆ پەکخستنی موچەی چەکدارەکانی حەشدى شەعبى؛ هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر سەروەری نیشتمانی پێکدەهێنێت.
فشارەكانى ئەمریكا و هەوڵدان بۆ پرۆژەى دارایى سەربەخۆ چۆن دەبینرێت؟
ئەلحەمامی ڕونیشیکردەوە، ئەمریکا فشارێکی ڕونی لەسەر کۆمپانیای کی کارد دروستکردوە بۆ ئەوەی ڕێگریی لە خەرجکردنی موچە بکات، ئەمەش وەک بەشێک لە ئەجێندا سیاسییەکان کە ئێستا لای ڕای گشتی عێراق ناسراون.
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەسەر پێویستی هەبونى پڕۆژەیەکی دارایی سەربەخۆی عێراق کردەوە، ئەوەش بە هاوبەشی نێوان حکومەت و وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی، لەپێناو دڵنیابون لە دابینکردنی موچەی سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت بەبێ هیچ فشارێکی دەرەکی.
ئایا بێجگە لە موچەخۆرانى حەشد، هەمان كار بۆ موچەخۆرى كوردستانیش دەكرێت؟
عارف ئەلحەمامى پێیوایە، داڕشتنی پلانێکی دارایی نیشتمانی کە دەستەبەرکردنی ڕەوتێكی نەرم و سەقامگیری موچەی فەرمانبەران بهێنێتەدى، ئەولەویەتێکی سەرەکییە کە دەبێت پەسەند بکرێت بۆ دەستەبەرکردنی کەرامەتی فەرمانبەران و سەروەری ئابوری وڵات. ئەم لێدوانەى ناوبراو لە كاتێكدایە كە موچەخۆرانى هەرێم 69 رۆژە موچەیان وەرنەگرتوەو نە بەغدا و نەهەرێمیش بەهۆى ململانێ سیاسییەكانیانەوە تا ئێستا باكیان بە حاڵ و گوزەرانى فەرمانبەران نییە، بەتایبەتى حكومەتى ماوە بەسەرچوى پڕ لە شكستى هەرێم، كە لە هیچ وڵاتێكى دونیادا سامپڵى ئەوجۆرە حوكمڕانییەى پارتى بەدیناكرێت و تەنانەت لەنێو دەوڵەتە شمولى و تۆتالیتێرەكانیش دا باوى ئەو شێوازە حوكمڕانییە سەركوتكەرە نەماوە.
هاوكات، ئەم لێدوانەى ئەلحەمامى لە کاتێکدایە؛ کە لە چەند ڕۆژی ڕابردودا دواکەوتنی بەرچاو لە دابەشکردنی موچەى ئەندامانى حەشدى شەعبى دا رویدا؛ ئەوەش ناڕەزایی بەرفراوانی لای میلیشیا چەكدارە نزیكەكانى ئێران و حزبە شیعییەكانى نزیك لە ئەجێنداى تاران لێکەوتەوە.
-
ئەمریکا وەزیرێكى بەعس لە لیستى سزاكانى لادەبات
|
-
ئەردۆغان: ڕێگریکردن لە زمانی کوردی هەڵەبو
|
-
ئیسرائیل بەنیازە هەڵبژاردنەکانی عێراق تێكبدات
|
-
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی: ئابوری عێراق لە مەترسیدایە
|
-
گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی: بە ئیرادەی ئازادمانەوە چەکەکانمان لەناودەبەین
|
-
دادگای فیدراڵی دەربارەی موچە و هەڵوەشاندنەوەی کارەبا 24 کاتژمێرییەکەی هەرێم کۆدەبێتەوە
|
-
وەزارەتى كارەبا لە راگەیاندراوێكدا چەند داتایەكى بڵاوكردەوە
|
-
ئیرادە... سیناریۆكانى گفتوگۆى نێوان هەرێم و بەغدا ئاشكرادەكات
|
-
مۆساد لە عێراق.. بێدەنگی فەرمی یان گێڕانەوەى دژ بەیەك؟
|
|
|