2025-07-10 9383 جار خوێنراوەتەوە

ئیرادە... سیناریۆكانى گفتوگۆى نێوان هەرێم و بەغدا ئاشكرادەكات

 

پوختە

پاش ئەوەى چەندین ساڵە دانیشتوانى هەرێم بەهۆى خراپیى حوكمڕانى پارتییەوە لە ئیدارەدانى هەرێم و كۆسپ و تەگەرەكانى بەردەم پرسى نەوت و قەیرانى دارایی و چەند پرسێكى ترى وەك نەبونى خزمەتگوزارى و موچەو .. هتد، دەناڵێنن، لەئێستادا فرسەتێكى باش بۆ هاوڵاتیانى هەرێم هاتۆتە پێشەوە تا بە تەواوى هەرێم لەگەڵ بەغدا لەسەر بابەتى نەوت و موچەو تەوتین و  چەند دۆسیەیەكى دى رێككەوتن واژۆ بكەن، بەڵام نزیكەى چەند رۆژێكە شاندى بەغدا دێتە هەرێم و شاندى هەرێم دەچێتە بەغدا بەبێ ئەوەى موژدەیەكى خۆش بدەن بە فەرمانبەران؛ كە بەمڕۆوە دەبێتە 70 رۆژ موچەیان وەرنەگرتوەو لەبارودۆخێكى سەختى دارایى دا دەژین و تەنانەت ژیانى ناوبازاڕو دوكاندارو كاسبكارانیش لە ئیفلیجبونى تەواوەتى نزیكبۆتەوە.

پارتى چ هەڕەشەیەكى لە سودانى كردوە؟

بەگوێرەى زانیارییەكانى ئیرادە، مەسعود بارزانى پەیامێكى بە فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق دا گەیاندۆتە محەممەد شەییاع سودانى سەرۆكوەزیران و پێى راگەیاندوە، ئەگەر بەغدا بەو مەرجانەى هەرێم رازى نەبێت، ئەوا پارتى لە بەغدا دەكشێتەوەو بەشدارى هەڵبژاردنى داهاتو ناكات و كۆسپ و تەگەرە دەخاتە بەردەم پرۆسەى هەڵبژاردنەكە لە هەرێم و ناهێڵێت جارێكى تریش خودى سودانى پۆستى سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران وەربگرێتەوە.

پارتى بەم هەڕەشانە نەوەستاوەو وتویەتى: لەگەڵ توركیا رێكدەكەوین و نەوتى هەرێم دەفرۆشین و حیساب بۆ هیچ بڕیارێكى عێراق و دادگاى فەرەنسا ناكەین و داهاتى نەوت تەنها بۆ هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان دەبێت.

ئیرادە زانیویەتى لەو كۆبونەوە نهێنییەدا سودانى دەنگى بەرزكردۆتەوەو وتویەتى: چەندین ساڵە بە ئاسانترین شێوە هاوكاریتان دەكەین و موچە دەنێرین بێ ئەوەى نەداهاتى ناوخۆ  نەداهاتى نەوت تەسلیمى بەغدا بكەن و نە بە یەك مەرجى بەغداش رازى بن، لەبەرئەوە ئەمجارە گفتوگۆكان گەیشتوە بە قۆناغێكى یەكلاكەرەوە و چیتان لەدەستدێت درێغى مەكەن و بەغدا بەبێ تەسلیمكردنى نەوت و تەوتینى موچەى فەرمانبەران جارێكى تر ئامادە نییە موچە بنێرێت بۆ هەرێم.

ئەمریكا هاتۆتە نێو كۆبونەوەكان و فشار دەكات

بەپێى ئەو زانیارییانەى ئیرادە دەستیكەوتوە، واشنتۆن بە گەرمى بۆ چارەسەركردنى قەیرانى دارایى و گرفتى موچەو پرسى نەوت هاتۆتە سەر خەت و فشار لە هەردولا دەكات بەپەلە رێكبكەون و ئەمجارە بە هیچ جۆرێك لەگەڵ هەرێم نەرم نابێت و داواى لەحكومەتى هەرێم كردوە بچێتە ژێربارى مەرجەكانى بەغدا و لەگەڵ حكومەتى ناوەند رێكبكەوێت.

بەگوێرەى راى چاودێرانى سیاسى ئەگەر هاتو ئەمجارە پارتى مل نەدات بۆ رێككەوتن، ئەوا لەرێى گڵۆپى سەوزى ئەمریكاوە، حكومەتى بەغدا ئەمجارە هێز بەكاردەهێنێت بۆ دەستبەسەرداگرتنى بیرە نەوتەكانى هەرێم و چەند پێشهاتێكى ترى قورسى سیاسى و سەربازیى و ئابورى بەجۆرێك رودەدەن كە پارتى بە تەواوەتى لاواز دەكرێت و پێدەچێت شێوازى حوكمڕانیش لە هەرێم بگۆڕدرێت.

ئەمریكا چۆن گڵۆپى سەوزى بۆ بەغدا هەڵكرد؟

پاش ئەوەى حكومەتى واشنتۆن لە رێى لێدوانەكانى دۆناڵد ترەمپ سەرۆكى ئەمریكاوە چەند جارێك سودانى ئاگادار كردەوە كە دەبێت حەشدى شەعبى هەڵبوەشێتەوەو موچەیان رابگیرێت؛ چونكە بەشێكى زۆرى ئەندامانى حەشد ئێرانین و خەڵكى عێراق نین و ئەو هێزە هەرگیز نابێتە هێزێكى نیشتمانى، لەوەڵامدا سودانى رایگەیاندوە، كە لە هەرێمیش لیستى موچەخۆران پڕە لە كوردى سوریاو ئێران و لێشاوێك لەو كەسانە موچە وەردەگرن كە خاوەنى كارتى نیشتمانى عێراقى نین.

لەمبارەیەوە، ئەمریكا بەغداى ئاگاداركردۆتەوە كە دەبێت بانكێكى نیشتمانى بۆ تەوتنیى موچەى هەمو عێراق دابمەزرێت كە موچەى هەردولا بەبێ هاوڵاتیانى دەرەوەى هەرێم و عێراق دابین بكات و هیچ ماستەركاردێكى تر لە عێراق ئەكتیڤ نەبێت و سەرجەم موچەخۆرە بیانییەكانى دەرەوەى بەغداو هەرێم موچەیان ببڕێت و موچەى عێراق بە هەرێمیشەوە تەوتین بكرێت.

سودانى لە وەڵامى ئەو داواكارییانەى ئەمریكادا رەزامەندیى دەربڕیوەو بەڵێنى بە ئەمریكا داوە ئەو پرسە چارەسەربكات و موچەى ئەو ئەندامانەى حەشدى شەعبى ببڕێت و لە ماوەى سێ مانگى داهاتوشدا موچەى فەرمانبەرانى هەرێم تەوتین بكات، بەمەش بە یەكجارى "هەژمارى من" بونى نامێنێت.

چوارچێوەى هەماهەنگى شیعەكان چى دەڵێن؟

پاش كۆبونەوەى سودانى لەگەڵ سەركردەكانى چوارچێوەى هەماهەنگى، هەمویان لەسەر ئەوە كۆكبون كە دەبێت هەرێم ناچاربكرێت بە تەسلیمكردنى پرسى نەوت بە كۆمپانیاى سۆمۆ و لە ئەگەرى رێككەوتنیش دا بەهیچ جۆرێك وردەكاریى نێو رێككەوتنەكان بۆ مەرامى سیاسى هیچ بەرپرس و لایەنێكى عێراقى بۆ هەڵبژاردنى داهاتو ئیستیغلال نەكرێت و دەبێت پرسەكانى نەوت و موچە؛ سیادەتێكى مەركەزییان هەبێت و بەغدا سێنتەرو قوڵایى خاڵى یەكلاكەرەوەبێت.

 

 

  • ئیسرائیل بەنیازە هەڵبژاردنەکانی عێراق تێكبدات

  • سندوقی دراوی نێودەوڵەتی: ئابوری عێراق لە مەترسیدایە

  • گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی: بە ئیرادەی ئازادمانەوە چەکەکانمان لەناودەبەین

  • دادگای فیدراڵی دەربارەی موچە و هەڵوەشاندنەوەی کارەبا 24 کاتژمێرییەکەی هەرێم کۆدەبێتەوە

  • وەزارەتى كارەبا لە راگەیاندراوێكدا چەند داتایەكى بڵاوكردەوە

  • ئیرادە... سیناریۆكانى گفتوگۆى نێوان هەرێم و بەغدا ئاشكرادەكات

  • مۆساد لە عێراق.. بێدەنگی فەرمی یان گێڕانەوەى دژ بەیەك؟

  • عێراق.. تاتۆكردن بەشێوەیەكى مەترسیدار تەشەنەدەسێنێت

  • لیژنە وەزارییەكەی عێراق یەكەم كۆبونەوەی لەبارەی كێشەی موچەو نەوتی هەرێم كرد

سەرەکی