2025-09-03 9053 جار خوێنراوەتەوە

دیمەشق دەرگاى دۆزەخى هۆل بە روى عێراق دا دەكاتەوە

 

پوختە

لەڕێگەی دو وەجبەی مانگانەوە؛ حکومەتی عێراق هەوڵەکانی بۆ چۆڵکردنی کەمپی "هۆل"ى سوریا لە خێزانە عێراقییەکان خێراتردەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هۆشدارییەکان سەبارەت بە تێكدانى سەقامگیریى سوریا بەهۆى ئەو كەمپەوە رۆژ بە رۆژ لە زیادبوندایەو مەترسیى ئەوە هەیە هەڕەشە تیرۆریستییە ئەگەرییەکان لە سنورەکانی سوریادا دەستپێبكاتەوە.

هاوكات، ئەم هەنگاوە دوای سەردانێکی حەمید ئەلشەتری، بەرپرسی دەزگاى هەواڵگریی عێراق بۆ دیمەشق هات، كە لە كۆبونەوەكانى لەگەڵ شەرع و بەرپرسانى وڵاتەكە؛ دڵنیایی ئەوەى  وەرگرت بە وریاییەوە ڕێکكارەکان ئاسانکارییان بۆ بکرێت.

شەرع و ئەلشەترى لەسەر چى رێككەوتن؟

سەرچاوە ئاگادارەکان بە رۆژنامەى "ئەلعالەم ئەلجەدید"یان ڕاگەیاندوە کە حەمید ئەلشەتری بەرپرسى دەزگاى هەواڵگریی عێراق چەند ڕۆژێک لەمەوبەر؛ ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری كاتیى سوریای لە دیمەشق ئاگادارکردۆتەوە كە عێراق خواستێكى بەپەلەى هەیە بۆ گواستنەوەى خێزانە عێراقییەكان لە كەمپى هۆل لە سوریاوە بۆ عێراق و هاوكات ئەو سەرچاوانە ئەوەیان پشتڕاستكردۆتەوە كە شەرع دڵنیایى بە ئەلشەتری داوە هەمو ڕێكکارە پێویستەکان ئاسانکارییان بۆ دەکرێت.

لەلایەكى ترەوە حكومەتى دیمەشق پێیوایە بەردەوامبونى دۆخى ئەو كەمپە بەوشێوەیەى ئێستا كە مەترسییەكى زۆرى لەسەرە؛ دەتوانێت كارێكى وەها بكات گروپى توندڕەوى تیرۆریستى نزیك بە داعش و رێكخراوە ناوخۆییە چەكدارەكان؛ چالاكیى مەترسیدار لەناو وڵاتەكە ئەنجام بدەن.

بڕیارەكانى ترەمپ چ كاریگەرییەكى لەسەر دۆخى كەمپەكە هەبوە؟

لە یەکەم ڕۆژی خولی دوەمی لە کۆشکی سپیدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكى ئەمریكا؛ فەرمانی راگرتنى سەرجەم هاوکارییە دەرەکییەکانی ئەمریکاى بۆ ماوەی 90 ڕۆژ جێبەجێ كرد، ئەمەش لەپێناوى ئەوەى کات بدات بە ئیدارەکەی بۆ پێداچونەوە بە خەرجییە دەرەکییەکان دا.

ئەم بڕیارەى ترەمپ لە ئێستادا بۆتە هۆى ڕاگرتنی دەیان پڕۆژەی گەورە کە لەلایەن ڕێکخراوە ئەمریکییەکانەوە لە عێراق و سوریادا پارەیان بۆ دابینکراوە، لەنێویاندا کەمپی "هۆل" لە سوریا.

لای خۆیەوە یاسر وەتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانى عێراق لە لێدوانێكى رۆژنامەوانیى دا رایگەیاند، عێراق دەیەوێت بابەتی ئاوارەبون لە کەمپە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دابخات و تیشک بخاتە سەر نۆژەنکردنەوەو تێکەڵکردنەوەی ئاوارەکان بۆ ناو کۆمەڵگە و کاراکردنی گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان یان ئەو ناوچانەی کە مەترسیی بۆ سەر ژیانیان دروست ناکەن، هاوكات بەوپێیەی ڕێژەیەکی بەرچاو لەو خێزانانەی کە لە کەمپی "هۆل"ەوە گەیشتونەتە "جەدعە" لە نەینەوا، لەلایەکەوە ڕوبەڕوی هەڕەشە دەبنەوە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە، لە لایەکی دیکەشەوە لەلایەن ئەو خێزانانەی داعش کە زیانیان بەرکەوتوە؛ بەردەوام لەژێر هەڕەشەى كوشتندان.

پلانەكەى عێراق بۆ وەرگرتنى ئاوارەكانى كەمپەكە چۆنە؟

بە وتەى یاسر وەتوت، عێراق داوا دەکات لە رێى پلانێكەوە مانگانە دو وەجبەی ئاوارە وەربگرن، حکومەتی بەغدا دواى تەواوبونى وەجبەكان دەیەوێت بە تەواوەتى ئەم فایلە بۆ نەهێشتنی هەڕەشە ئەمنییەکان دابخات.

لەلایەكى ترەوە، بازنەی سیاسی و ئەمنی لە عێراق ترسیان لەوە هەیە جارێکی دیکە جیهادییەکانى ئەو كەمپە بکرێنە بیانو بۆ تێکدانی سەقامگیریی و دۆخی ئەمنی، چونكە ساڵانێکى زۆرە عێراق هەوڵی داخستنی کەمپەكە دەدات لە سوریا، ئەو كەمپەى دەیان هەزار ژن و منداڵی چەکدارانی داعشی تێدایە و هاوکات كەمپەكە لایەنگرانی ئەو گروپە توندڕەوەش كە چەكدار نەبون لەخۆدەگرێت، لەبەرئەوە ئامانج لە داخستنى كەمپەكە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی هەڕەشەی چەکدارییە لەودیو سنورەکان لەگەڵ سوریادا.

ژمارەى خێزانە دەستگیركراوەكانى داعش لە كەمپى هۆل چەندە؟

بە گوێرەى ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوە کە لەلایەن رۆژنامەى "ئەلعالەم ئەلجەدید"ەوە لە ئەیلولی 2022دا بڵاوکرایەوە، کەمپی "هۆل" قەرەباڵغییەکی زۆری خێزانەکانی داعشى لەخۆگرتبو، لەوكاتەدا نزیکەی 50 هەزار کەسی تێدابوە پێش ئەوەی لەم دواییانەدا ژمارەكە داببەزێت بۆ نزیکەی 43 هەزار کەس، دوای ئەوەی زۆرێک لە خێزانەکان گەڕێنرانەوە بۆ وڵاتەکانیان. لێکۆڵینەوەکە کە یەکەمجاربو لە میدیاكانى عێراق دا ئەو نهێنییەو ئەو ژمارە زۆرەى خێزانەكانى داعش ئاشكرابكات، لەكاتى بڵاوكردنەوەیدا كاردانەوەیەكى توندى هێزە ئەمنییەكانى عێراقى بەدواى خۆیدا هێنا.

سەبارەت بە پێكهاتەى خێزانەكانیش لە روى وڵاتینامەوە، عێراقییەکان زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی کەمپەکە پێکدەهێنن وهاوکات سورییەکانیش دوەم گەورەترینن و نزیکەی چارەکی دانیشتوانی کەمپەکە پێکدەهێنن. بیانییەکان کە لانیکەم لە 45 وڵاتەوە هاتون، کەمتر لە چارەکێکی دانیشتوانى كەمپەكە پێکدەهێنن؛ لەوانە فەرەنسا، سوید، هۆڵەندا، ڕوسیا و تورکیا، وەک لە داتاکانی بەڕێوەبردنی کەمپەکان لە سەرەتای ساڵی 2024دا پشتڕاستکراوەتەوە.

جێى ئاماژەیە دروستكردنى كەمپى "هۆل"؛ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەکان، كە ئەوكات لەلایەن كۆمیسیارى باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان (UNHCR) لە ناوجەرگەی شارۆچکەی "ئەلهۆل" بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی ئەوكاتى سوریا دامەزرا و زیاتر لە 15 هەزار پەنابەری عێراقی و فەلەستینی لەوێ ئاوارەبون، کە بەشێکی زۆریان بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتوەکان بەرەو ناوچە جیاجیاکانی جیهان کۆچیان کرد، بەتایبەتی دوای ڕوداوەکانی ساڵی 1991، کاتێک ڕژێمی پێشوی عێراق هێرشی کردە سەر کوەیت و ئەمریکاش لە ڕێگەی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتییەوە سەرکردایەتی شەڕەكەى لە دژى عێراق گرتەئەستۆ.

 

  • سلێمانى؛ رێساى پێشهاتە سیاسییەكان دەگۆڕێت

  • هێرشى ئەمریكاو ئیسرائیل بۆسەر میلیشیاكان بەنهێنى دەستیپێكرد

  • هێرشى ئه‌مریكاو ئیسرائیل بۆسه‌ر عێراق ده‌ستیپێكرد.. ورده‌كارییه‌كه‌ى ئاشكراده‌كرێت

  • بازرگانه‌ عێراقیه‌كه‌ چۆن ویستى فێڵ له‌ئه‌مریكا بكات؟ ئه‌مریكا سزایه‌كى توندیدا

  • ئێران نزیكه‌ له‌چه‌كه‌ مه‌ترسیداره‌كه‌.. نزیكه‌ له‌دروستكردنى 10 بۆمى ئه‌تۆمیى

  • دیمەشق دەرگاى دۆزەخى هۆل بە روى عێراق دا دەكاتەوە

  • وەزارەتی دارایی کاتی فرۆشتنی موڵکەکانی چاڤیلاندى ئاشکراکرد

  • نهێنى پشت كشانەوەى یاساى حەشدى شەعبى ئاشكرادەبێت

  • هێمن مامه‌ند ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسه‌ى به‌دواى ئارامیدا وێڵبوو

سەرەکی