2025-09-04 7886 جار خوێنراوەتەوە

هێرشى ئەمریكاو ئیسرائیل بۆسەر میلیشیاكان بەنهێنى دەستیپێكرد

 

پوختە

پاش ئەوەى لە ماوەكانى پێشودا، ئەجێندایەكى سیاسى نێوان هەریەك لە توركیاو سعودیە بڵاوكرایەوە؛ بەوەى كە هەردولا پێكەوە بە نیازن شیعە لە هاوكێشە سیاسییەكانى عێراق و حوكمڕانى ئەو وڵاتە دوربخەنەوەو چیتر ئەنجومەنى وەزیران لە دەستى ئەوان دا نەبێت، بەڵام هەر زو ئەو ئەجێندا سیاسییەى ئەو دو وڵاتە لەلایەن پەرلەمانتارانى شیعەوە رەتكرایەوەو تا گەیشتە ئەو رادەیەى لە لێدوانەكانیان دا بڵێن تا 200 ساڵى تریش حكومەت هەر بۆ شیعەیە.

ئەوەى ئێستا لە گۆڕەپانى سیاسى و سەربازیى دا بەدیدەكرێت، ئەوەیە؛ كە ئەمریكاو ئیسرائیل بە نهێنى و لە هەندێك شوێنیش بە ئاشكرا كەوتونەتە لێدانى هەندێك ئامانجى سەربازیى گروپ و میلیشیا شیعەكان، هاوكات، ئەم هەنگاوەى ئەو دو وڵاتە زلهێزە، تەنها میلیشیاكانى حەشدى شەعبى و گروپە چەكدارەكانى سەر بە ئێران دەگرێتەوەو بە هیچ جۆرێك مەبەست لێى بەئامانجگرتنى پێكهاتەى شیعە نییە.

ئەمریكا و ئیسرائیل چەند ئۆپەراسیۆنى سەربازییان لەنێو عێراق ئەنجامداوە؟

بەپێى زانیاریی دزەپێكراو لە راپۆرتى میدیایی ئاژانسە نێودەوڵەتییەكانەوە، ئەمریكاو ئیسرائیل لە ماوەى دو هەفتەى رابردودا دەستیانکردوە بەلێدانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و گروپە چەکدارەکانی عێراق و یەمەن کە سەر بەئێرانن و بەڵام لەناو خاکی عێراق دان، ئەویش لەڕێگەی ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی بەشێوازی ئۆپەراسیۆنی تایبەت و نهێنی.

بەپێى زانیارى وەدەستگەیشتو لە ئاژانسەكانەوە، تائێستا ئەو دو وڵاتە تەنها لەماوەی دو هەفتەدا بەهەماهەنگی سێ ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لەناو خاكى عێراق دا ئەنجامداوە، بەمشێوەیە:

یەكەم: لە ناوچەى "جرف الصخر" كە حەشدى شەعبى ناوى ناوە "جرف النصر" و دەكەوێتە باشورى رۆژئاواى شارى بەغدا و 60 كیلۆمەتر دورە لە پایتەختەوە، هاوكات كیلۆمەترێك لە شارى "موسەیەب"ەوە دورە، كە تێیدا ناوەندێکی مەشق و ڕاهێنان لەگەڵ جبەخانەی سەربازیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی عێراقی و حوسییەکانی یەمەن بەئامانج گیراون.

بەپێى زانیارییەكان، لەكاتى بەئامانجگرتنەكەدا، ئەو گروپ ملیشیا چەكدارانە سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنان بون لەسەر چەند چەکێکی ستراتیژی جۆریی، لەوانە موشەکی بالیستی مامناوەند مەودا و دوهاوێژ و درۆن.

دوەم: لە ناوچەى "ئەبو غرێب"، كە دەكەوێتە رۆژئاواى بەغدا و رۆژهەڵاتى فەلوجەوە، هەردو شارەكەش پێكەوە دەبەستێتەوە، ئەگەرچى 80%ى زەوییەكەى بۆ كشتوكاڵ بە پیتە بەڵام هەر لەرێى بەندیخانەكەیەوە بەناوبانگە. لەنێو ئەو قەزایەدا بەهۆى هێرشەكانى ئەمریكاو ئیسرائیلەوە  چەند فەرماندەیەکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حوسییەکان بەئامانج گیراون.

سێهەم: ناوچەكانى دەوروبەری "فڕۆکەخانەی بەغدا"، تێیدا چەند فەرماندەیەکی حەشد کە یاوەری دو فەرماندەی ئێرانی بون بەئامانج گیراون.

ئایا عێراق ئاگادارى ئەو هێرشانەیە؟

بێگومان بەهۆى بەهێزیى و وردبینى دەزگاى هەواڵگریى عێراق و نزیكى سەركردەكانى حەشدى شەعبى لە سێنتەرى دەسەڵاتەوە لە بەغدا، هەر زو ئەم زانیارییانە دزەیان پێكرا بۆ نێو دەزگا ئەمنییەكان،هاوكات ئەگەرچى كۆى گشتى لێدان و هێرشە سەربازییەكان بە نهێنى ئەنجامدراون، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە خودى حكومەتى عێراق ئۆپەراسیۆنەكانى بە نهێنى هێشتۆتەوەو باسى ناكات.

لەلایەكى ترەوە، هۆكارى ئەوەى بۆچى تا ئێستا حكومەتى عێراق ئەو هێرشانەى ئاشكرانەكردوە، بەپێى زانیارییە بەدەستگەیشتوەكان، بەغدا لە ئێستادا نایەوێت ئاسایش و ئارامى ناوخۆیى لەدەستبدات؛ بەتایبەت كە لە دو مانگى داهاتودا پرۆسەى هەڵبژاردن بەڕێوەیەو ئەنجامنەدانى ئەو پرۆسەیەش خۆى لە خۆى دا شكستێكى گەورەیە بۆ عێراق، هاوكات بەرپرسانى حكومى دەیانەوێت وڵاتەكە لە روى هەرێمى و نێودەوڵەتییەوە پێگەى خۆى بپارێزێت.

ئەو لێدان و هێرشانەى ئەمریكا و ئیسرائیل چ پەیامێك دەگەیەنێت؟

كۆى گشتى ئەو پەیامانەى لەو لێدانانەوە سەرچاوەى گرتوە، دەتوانرێت لەم چەند خاڵەدا رونبكرێتەوە:

یەكەم: پەیامێكە بۆ كۆى گشتى حزبە شیعییەكانى عێراق كە لە پاشكۆیەتى ئێران دوربكەونەوە، ئەگەرچى هێرشەكان بە مەبەستى بە ئامانجگرتنى پێكهاتەى شیعە ئەنجام نەدراون.

دوەم: كۆى ئۆپەراسیۆنەكە بۆ لێدانى حەشدى شەعبى و حوسییە مەشقپێكراوەكانى سەر خاكى عێراقەو ئەگەر هاتو بەو هێرشانە زیاتر ملكەچى داخوازییەكانى ئەمریكا نەبن، ئەوا لە داهاتودا هێرشى چڕترو زیان گەورەتر ئەنجامدەدرێن.

سێهەم: لێدانەكان، بە بەشێك لە ئامادەكاریى بۆ گەڕێکی تری جەنگی نێوان ئیسرائیل- ئێران، خوێندنەوەى بۆ دەكرێت، بۆئەوەى لە داهاتودا ئێران بەتەواوى دەسەڵاتى بەسەر عێراق دا نەمێنێت و تەنها لە لەسنوری جوگرافی خۆیدا کۆتوبەند و قەتیس بکرێت.

چوارەم: یەكێكى تر لە ئامانجەكانى هێرشەكان، بۆ دوركەوتنەوەى پەرلەمانى عێراق و پێكهاتەى شیعە بو لە تێپەڕاندنى یاساى حەشدى شەعبى، ئەوەبو لەلایەن شیعە خۆیانەوە تێپەڕاندنى پرۆژە یاساكە لە پەرلەمان راگیرا.

لەلایەكى ترەوەو بەپێى راى چاودێرانى سیاسى، ماوەكانى ئێستا تا كاتى ئەنجامدانى پرۆسەى هەڵبژاردن لە مانگى تشرینى دوەمى داهاتودا؛ هەروا بە ئاسانى و بێ روداوى ئاگرین تێناپەڕن و چاوەڕوان دەكرێت لەسەر ئاستى ناوخۆیى و ناوچەكە، چەند پێشهاتێكى سیاسى و سەربازیى رانەگەیاندراو روبدەن و هاوكێشەى ناكۆكییەكان تا رادەیەكى زۆر رو لە تەقینەوەیەكى سیاسى گەورە بكەن.

 

  • میلیشیاكان چۆن و بۆچی كۆگاى سوپاى عێراقیان كردووه‌ته‌ ئامانج؟

  • چرای سەوزی پەرلەمانی تورکیا بۆ 'یاسای چوارچێوە'؛ گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ شوێنی نوێ و گۆڕانکاری لە پرۆسەکەدا

  • لەنێوان هیوای گەڕانەوە و ئاڵۆزیدا؛بۆچی لە سه‌رێكانێ هێرشکرایە سەر یەکەم کاروانی ئاوارە کوردەکان؟

  • قائانى بۆچى له‌ به‌غداد بوو؟

  • پەرلەمانی تورکیا یاسای چوارچێوە دەخاتە دەنگدانەوە؛ ململانێی ئەنقەرە و قەندیل لەسەر ئازادیی ئۆجالان و ناسنامەی کورد

  • ڕێککەوتنی سەربازیی تورکیا، سعودیە و پاکستان لە مەککە؛ بەربەستێک لە بەرامبەر نەخشەی نوێی ئەمریکا و ئیسرائیل

  • کێشەکانی کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی راگەیاندن؛ لە ڕاگیرانی خزمەتگوزارییەوە تا دەستبەسەرداگرتنی سامانەکان

  • عێراق بۆ رزگاربوون لە هورمز؛ دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت هەمەجۆر دەکات

  • تەڤگەری ئازادی مەرجەکانی بۆ "یاسای چوارچێوە" ڕادەگەیەنێت؛ ئازادیی ئۆجالان و کۆتاییهێنان بە زمانی سەپاندن

سەرەکی