4   کاتژمێر پێش ئێستا 84 جار خوێنراوەتەوە

ئەنجومەنی دەوڵەت، پرسی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان یەکلا دەکاتەوە

ناوەندی هەواڵ

به‌پێى سه‌رچاوه‌كان، چاوەڕواندەکرێت لەمڕۆ یەکشەممەوە ئەنجومەنی دەوڵەت، کار لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بکات، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداریش له‌بەغدا دەڵیت:"دوای ڕاوێژکردن بابەتەکە بەنوسراوی فەرمی ڕەوانەی حكومه‌تى عێراق دەکرێتەوە".

ڕۆژى 9ى ئه‌م مانگه‌و له‌كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وەزیرانی عێراق، پرسی داهاتی نانەوتی هەرێم كه‌ بوه‌ته‌ كێشه‌ له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غداو به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ موچه‌ى موچه‌خۆران‌و فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم به‌قه‌ده‌رى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ سپێردراوه‌، بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت ڕه‌وانه‌كرا، بۆ ئەوەی بۆچونی خۆیان لەسەر ئەو بابەتە بدەن‌و بڕیاری پێویست بدرێت.

سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كان ده‌ڵێن، ئه‌مڕۆ یەکشەممە، ئەنجومەنی دەوڵەت کار لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی هەرێم ده‌کات‌و ڕاوێژی دەربارە بکات، دوای ڕاوێژکردن بابەتەکە بەنوسراوی فەرمی ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکاتەوەو بڕیارى خۆى له‌باره‌ى ئه‌و پرسه‌وه‌ ده‌دات.

وه‌كو به‌رپرسانى هه‌ولێرو به‌غدا جه‌ختى له‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه‌، سەبارەت بەهەناردەكردنی نەوتی هەرێم گەیشتونەتە ڕێککەوتن‌و ئاستەنگییەکی ئەووتۆ نەماوە له‌نێوانیان، بەڵام سەبارەت بەداهاتی نانەوتی، بۆچونەکانیان جیاوازەو نەگەیشتون بەهیچ ڕێککەوتنێك.

سەرچاوەیەکی باڵا لەحکومەتی هەرێم باس له‌وه‌ده‌كات، هەولێرو بەغدا لەسەر داهاتی گومرگەکان ڕێککەوتون کە 50% بۆ هەولێرو 50%كه‌ى دیكه‌ش بۆ بەغدا، بەڵام بەغدا داوای 100%ی باجی دەرامەت (زەریبەی دەخل) دەکات، هاوکات بەغدا داوای 50%ی داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەرێم دەکات، له‌كاتێكدا بەپێی یاسا، ده‌بێت 20%ی بۆ بەغداو له‌80%شی بۆ هەولێر بێت.

ئەنجوومەنی دەوڵەت دادوەرییەو هاوشێوەی ئەنجومەنی شورای هەرێمه‌، دەستەیەکی دادوەریی سەربەخۆیەو تایبەتمەندە بەدادوەریی کارگێڕی لەعێراقدا،  پێکدێت لەدادگای باڵای کارگێڕیی‌و دادگای دادوەریی کارگێڕیی‌و دادگای دادوەریی فەرمانبەران.

ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ هەر بڕیارێک بدات، دەبێت هەردولا واته‌ هه‌ولێرو به‌غدا، پێوه‌ى پابه‌ندبن‌و هیچ تانه‌یه‌كیش له‌بڕیاره‌كانى نادرێت.

ئەنجومەنی دەوڵەت، باڵاترین مەرجەعە لەعێراق بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هاوڵاتیان‌و لایەنە کارگێڕییەکان، هەروەها ڕاوێژی یاسایی پێشکەش بەحکومەت دەکات‌و پڕۆژەیاساکانیش تاووتوێدەکات‌و ئامادەیان دەکات.

  • حه‌شدى شه‌عبى ڕوو له‌سودانى‌و پشتى له‌مالیكیه‌

  • ماکرۆن سەردانى بەغدا دەکات

  • ئەنجومەنی دەوڵەت، پرسی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان یەکلا دەکاتەوە

  • نە پارتى لەبەغدا دەكشێتەوەو نە حكومەتى هەرێميش پێكدێت

  • دواى هێرشەكەى دەوحە؛ عێراق ترسى لەهێرشى ئیسرائیل هەیە

  • سوپاى عێراق و حەشد بەنیارى هێرشكردنە سەر شەنگالن

  • لامه‌ركه‌زیى.. ده‌رفه‌تێك بۆ سیستمێكى سه‌قامگیر.. هۆشدارییه‌ك بۆ شه‌رع

  • یه‌كه‌م زه‌نگى هێرش له‌ته‌لئه‌بیبه‌وه‌.. ئیسرائیل زانیاریى گرنگ ئاشكراده‌كات

  • عێراقییەكان بۆ فرۆشتن.. لە ڤاگنەرەوە بۆ گروپى مافیایى

سەرەکی