3 کاتژمێر پێش ئێستا
8169 جار خوێنراوەتەوە
پەیامێكى ئەمریكا.. ئیسرائیل چەند ئامانجێكى عێراق دەپێكێت
پوختە
هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە، واشنتۆن هۆشداریی ئەوە دەداتە بەغدا كە ئەگەرى ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازیی ئیسرائیل لەناو خاکی عێراقدا ئەگەرێكى بەهێزەو پێدەچێت بنكەو بارەگاكانى پەیوەست بە گروپە چەکدارەکانى حەشدى شەعبى بكرێنە ئامانج.
ئەو هۆشدارییە کە لەلایەن جۆشوا هاریس، بەرپرسی کاروباری ئەمریکا لە بەغدا، بە نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا گەیاندراوە، تێیدا هاتوە؛ عێراق بۆتە ناوەندی ململانێکانى ئێران و ئیسرائیل، ئەمەش لە کاتێکدایە كە تەلئەبیت لە ئێستادا حیساب بۆ هاوبەشە ئەمریكییەكەشى ناكات و لە هەر وڵاتێك دا بەرژەوەندییەكانى بكەوێتە مەترسییەوە؛ راستەوخۆ بێ سڵەمینەوە ئامانجى خۆى دەپێكێت.
زانیارى دزەپێكراوى نێو كۆبونەوەكەى مالیكى و هاریس چى تێدابو؟
محەمەد نەعناع، توێژەرو شرۆڤەکاری سیاسی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەى "ئەلعالەم ئەلجەدید" ئەوەى راگەیاندوە كە زانیاری دزەپێکراو سەبارەت بە کۆبونەوەكەی هەفتەى رابردوى نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لەگەڵ جۆشوا هاریس، بەرپرسی کاروباری ئەمریکا لە بەغدا، ئەوە پشتڕاستدەكاتەوە كە ئەمریكا پەیامێكى بەپەلەو ئاگرینى گەیاندوە بە مالیكى و لەوە ئاگادارى كردۆتەوە كە وڵاتەكەتان بپارێزن لە هێرشەكانى ئیسرائیل.
بەپێى زانیارییەكان، ئەو پەیامەى ئەمریكا دراوە بە سەرجەم سەركردەكانى چوارچێوەى هەماهەنگیى و لە پێشهاتێكى تریشدا عیرفان سدیق باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا؛ چەند كاتژمێرێك پێش سەفەرەكەى محەممەد شەییاع سودانى سەرۆكوەزیرانى عێراق بۆ قەتەر؛ بە مەبەستى بەشداریكردن لە لوتكەى وڵاتانى عەرەبى و ئیسلامى، بە سودانى راگەیاندوە، ئیسرائیل بڕیارێكى لەو چەشنەى داوەو ئاگاداربن.
پەیامى پشت هۆشدارییەكان چین؟
بەگوێرەى ئاژانسەكانى هەواڵ و وتەى چەند شرۆڤەكارێكى سیاسى، پەیامی هۆشدارییەکان ئاماژەیە بۆ ڕێگریکردن لە کۆبونەوەکانی حەماس یان حوسییەکان لە عێراق، کە دەکرێت دەروازەیەک بێت بۆ هێرشێکی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیل.
لەلایەكى ترەوەو لە رۆژى 13ى ئەیلولدا، عودەی خدران ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگیی نیگەرانییەکی زۆری لە پەرەسەندنی ئەم دواییەی ناوچەکە دەربڕی و ڕایگەیاند، ترسی ڕاستەقینە هەیە لەوەی ئیسرائیل چەند پێگەیەكى عێراق بکاتە ئامانج، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بەو کوتلانەی کە بە بەشێک لە میحوەرى مقاوەمە دادەنرێن "بە وتەى خۆى".
هاوكات، مەجید شەنگالى پەرلەمانتارى پارتى له بەغدا، لە رۆژى 11ى ئەیلولدا ئەوەى پشتڕاستكردەوە كە جموجۆڵەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە بە ئاگاداريی واشنتۆن بەڕێوەدەچن، حکومەتی عێراقیش توانای ئەوەی هەیە وڵاتەكە لە ململانێ بەردەوامەکان بپارێزێت، بەڵام پێدەچێت ترەمپ سیناریۆی ڕوداوەکەی فڕۆکەخانە "مەبەست لە روداوى كوشتنى قاسم سولەیمانى-یە" لە بەرامبەر کەسایەتییەکانی دیکە دوبارە بکاتەوە.
ناوبراو لە درێژەى لێدوانەكەى دا جەختیشى لەوەكردەوە كە دانوستانەکانی حکومەتى بەغدا لەگەڵ واشنتۆن بۆتە هۆی دواخستنی تێپەڕاندنى یاسای حەشدى شەعبى لە پەرلەمان.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە کۆنگرێسی ئەمریکا ئەو مۆڵەتانەی بۆ شەڕی عێراق هەڵوەشاندەوە کە لە ساڵانی 1991 و 2002دا دەرکرابون. شارەزایان ئەو هەنگاوەیان وەک نەبونی ڕوپۆشی ئەمریکی تەماشا کرد، كە ئەمەش وایکرد عێراق لەنێو واقیعێکی ناوچەیی گرژو ململانێی دەسەڵاتی تێکەڵاودا، زیاتر بەرەو ڕوی هێرشەکانی ئیسرائیل ببێتەوە.
پێشتر سودانى سەبارەت بە مەترسیى ئیسرائیل چ پابەندییەكى دوپاتكردبۆوە؟
سودانی، لە 8ی ئەیلول لە برۆکسلەوە پابەندبونی حکومەتەکەی بە یاسا و دامەزراوەکانی وڵاتەکەی دوپاتکردەوەو هەوڵیدا هاوبەشی ستراتیژیی لەگەڵ ناتۆ دابمەزرێنێت، ئەمەش بە مەبەستى بەرزکردنەوەی ئاستى سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکە.
هاوکات هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی جەختیان لەوەکردەوە کە عێراق و گروپە چەكدارەكانى حەشدى شەعبى چەکەکانیان تەسلیم ناکەن و ئامادەیی خۆیان بۆ ڕوبەڕوبونەوە و بەرگریکردن لە پێگەکانیان لە ئەگەری هەر هەڕەشەیەکدا دوپاتکردەوە.
جێى ئاماژەیە، ماوەی چەند مانگێکە عێراق شاهیدی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و محەمەد شەییاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوە.، كە سەرجەمیان تایبەتبون بە پرسی سنوردارکردنی کۆنترۆڵی چەک بۆ دەوڵەت، چونكە سودانى هەستى بە مەترسیى كشانەوەى هێزەكانى ئەمریكا لە بنكەى عەین ئەسەد كردوەو هاوكات هۆشدارییەكانى ئەمریكاش لەگەڵ نزیكبونەوەى مەترسى سەرلەنوێ روبەڕوبونەوەى سەربازیى لەنێوان ئێران و ئیسرائیل پەرەیسەندوە، كە ئەگەریى ئەوەى هەیە بەهۆى حەشدى شەعبییەوە عێراقیش لەو ململانێ سەربازییانەوە تێوەبگلێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دەستیپێكردوەو هێزەكانى ئەمریكا لە بنكەى عەین ئەسەدەوە بەرو هەولێر كشاونەتەوەو هەندێكیشیان روەو كوەیت رۆیشتون و بەشێكیشیان چونەتە بنكەى "ئەلتەنەف" لە سوریا.
-
پزیشكیان لهترافیكى سورى ئهمریكا دهربازى دهبێت؟
|
-
باوكى موشهكو دكتۆر میكرۆب.. دوو هاوسهره نزیكهكه لهسهدام حسێن
|
-
پەیامێكى ئەمریكا.. ئیسرائیل چەند ئامانجێكى عێراق دەپێكێت
|
-
سلێمانى..پاشماوەى حەمامێكى سەردەمى بابانییەكان دەدۆزرێتەوە
|
-
ئەمریکا سزا بەسەر تۆڕێکی داراییدا دەسەپێنێت.. پشتیوانی لەسوپای پاسدارانو وەزارەتی بەرگریی ئێران كردوه
|
-
ڕوبەڕوبونەوەی فەرەنساو تورکیا لەسەر كوردستان.. حزبوڵڵا بهرامبهر هەسەدە
|
-
ئایا دواى هەڵبژاردنەكانى عێراق؛ حكومەتى هەرێم پێكدەهێنرێت؟
|
-
بەنداوەكانى عێراق پێنچ ملیار مەترسێجا ئاویان تێداماوە
|
-
٣ساڵ بەر لە ئێستا ژینا ئەمینی شەهید کرا
|
|
|