5   کاتژمێر پێش ئێستا 3604 جار خوێنراوەتەوە

600 ملیار دۆلار پێشوازیى له‌شازاده‌ى جێنشینى سعودیه‌ كرد

شازادەی جێنشینی سعودیە بەسەردانێکی فەرمی سەردانی واشنتۆنى كرد بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکاو سعودیەو دەستەبەرکردنی 600 ملیار دۆلار لەوەبەرهێنان، وابڕیارە ڕێککەوتنی گەورە واژۆ بکرێت، لەوانە ڕێککەوتن لەسەر فڕۆکەی جەنگی ئێف 35و بەرنامەی ئەتۆمی کە ڕەنگە هاوسەنگی سەربازیی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەسەردانێکیدا بەفەرمی پێشوازیی لەمحەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە كرد کە پێشبینیدەکرێت ڕێککەوتنی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف 35و کۆمەڵێک ڕێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ شانشینی سعودیە پێشبخات.

ئەمە یەکەم سەردانی شازادەی جێنشینی سعودیە دەبێت بۆ ئەمریکا لەدوای کوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی ناڕازی سعودیە لەساڵی 2018 لەلایەن بریکارەکانی سعودیەوە لەئەستەنبوڵ‌و ئەمەش توڕەیی جیهانی لێکەوتەوە.

وەبەرهێنان بەبڕی 600 ملیار دۆلار
هەواڵگری ئەمریکا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە شازادە محەمەد ڕەزامەندی لەسەر گرتن یان کوشتنی خاشقچی داوە، شازادەی جێنشینی سعودیە ڕەتیکردەوە فەرمانی ئۆپەراسیۆنەکەی دەرکردبێت، بەڵام دانی بەبەرپرسیارێتی خۆیدا ناوە وەک فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سعودیە.



ئەو پێشوازییە گەرمەی شازادەی جێنشینی سعودیە لەواشنتۆن، دوایین نیشانەی باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت، دوای ماوەیەک لەگرژییەکی توند کە بەهۆی کوشتنی خاشقچییەوە دروستبووبوو.

محەممەد بن سەلمان لەسەردانەکەیدا بۆ کۆشکی سپی، لەئۆفیسی ئۆڤاڵ گفتوگۆ لەگەڵ ترەمپ دەکات‌و لەژووری کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمریکا نانی نیوەڕۆ دەخوات‌و ئێوارەش بەشداریی لەخوانێکی فەرمی دەکات.

تره‌مپ هیوادارە سەرمایەگوزاری لەبەڵێنەکەی سعودیە بۆ وەبەرهێنان بەبڕی 600 ملیار دۆلار وەربگرێت، کە لەسەردانەکەیدا بۆ ئەوێ لەمانگی ئایاردا داوە، بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی بەئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، چاوەڕواندەکرێت ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکاو سعودیە لەکەرتەکانی تەکنەلۆژیاو بەرهەمهێنان‌و بەرگریی‌و کەرتەکانی دیکەدا ئەنجامبدرێت.

دۆناڵد ترەمپ دوێنێ دووشەممە بەڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، فڕۆکەی جەنگی ئێف-35 بەسعودیە دەفرۆشین، کە داوای کڕینی 48 فڕۆکەی کردووە.

ئەمە یەکەمجار دەبێت کە ئەمریکا ئەم فڕۆکە جەنگییانە بەسعودیە بفرۆشێت، ئەمەش گۆڕانکارییەکی بەرچاو لەسیاسەتی ئەمریکادا دەردەخات. 



ئەم ڕێککەوتنە دەتوانێت هاوسەنگی سەربازیی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت‌و مانای پابەندبوونی واشنتۆن تاقیبکاتەوە بۆ پاراستنی ئەوەی کە ناوی دەنێت "لێواری سەربازی چۆنایەتی" ئیسرائیل، کە تائێستا تاکە وڵاتە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خاوەنی فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 بووە.

شازادەی جێنشینی سعودیە لەدەرەوەی کەرەستەی سەربازیی، بەدوای گەرەنتی ئەمنی‌و تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکردو پێشکەوتنه‌ لەسەر ڕێککەوتنێک بۆ بەرنامەیەکی ئەتۆمی مەدەنی دەگەڕێت، بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ به‌ڕۆیتەرزی وتووه‌، "سبەی سعودییەکان پارەیەکی زۆر بۆ ئەمریکا خەرجدەکەن".

چاو لەسەر چین
دێنیس ڕۆس دانوستانکاری پێشووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمریکا کە ئێستا لەپەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک کاردەکات، ڕایگەیاند، ترەمپ هەوڵدەدات پەیوەندییەکی فرەلایەنە پەرەپێبدات کە سعودیە لەخولگەی چین دووربخاتەوە.

ڕۆس زیادیکرد، "سەرۆک ترەمپ پێیوایە هەموو ئەم هەنگاوانە پەیوەندیی سعودییەکان لەگەڵ ئێمە زیاد دەکەن لەکۆمەڵێک پرسدا، لەئاسایشەوە تا پەیوەندی نێوان دارایی‌و زیرەکی دەستکردو وزە، ئەو هەوڵدەدات لەگەڵ ئێمە پەیوەندییان هەبێت لەسەر ئەم پرسانە نەک لەگەڵ چین".

چاوەڕواندەکرێت ترەمپ فشاربخاتەسەر شازادە محەمەد بۆ ئەوەی پەیوەندی بەڕێککەوتنەکانی ئەبراهامەوە بکات‌و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە.

سعودییەکان ئامادەنین هەنگاوێکی گەورەی لەو شێوەیە بنێن بەبێئەوەی ڕێگایەکی ڕوونیان هەبێت بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین، ئامانجێک کە دواخراوە لەگەڵ ململانێی ناوچەکە لەگەڵ پاشهاتەکانی شەڕی غەززە.

تره‌مپ لەیەکەم خولی سەرۆکایەتیدا لەساڵی 2020 سەرکردایەتی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام لەنێوان ئیسرائیل‌و بەحرەین‌و ئیمارات‌و مەغریب‌و سودان کرد، لەچەند هەفتەی ڕابردوودا کازاخستان ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بەشداریکردن، بەڵام ترەمپ بەبەردەوامی بەشداریکردنی سعودیە لەڕێککەوتنەکانی ئەبراهام وەک بەردی بناغەی گەیشتن بەئاشتییەکی فراوانتر لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەماشاکردووە.

ئەو بەرپرسە باڵایەی کۆشکی سپی دەڵێت، “لەلای ئەو زۆر گرنگە کە سعودیە لەماوەی خولەکەیدا پەیوەندیی بەڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمەوە بکات، هەربۆیە فشارەکان بەو ئاراستەیە چڕتر دەکاتەوە”.

جۆناسان پانیکۆف جێگری پێشووی بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، لەکاتێکدا ترەمپ داوا لەشازادە محەمەد دەکات بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل هەنگاوبنێت، بەڵام پێناچێت پێشکەوتن لەم بابەتەدا ڕێگریی لەئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی نوێی ئەمنی ئەمریکاو سعودیە بکات.

پانیکۆڤ کە ئێستا لەدامەزراوەی بیرکردنەوەی ئەنجومەنی ئەتڵەسی لەواشنتۆن کاردەکات، وتی، “ئامادەی ترەمپ بۆ وەبەرهێنان لەئەمریکا کە پێشتر شازادەی جێنشین بەڵێنیدابوو، دەتوانێت یارمەتیدەربێت لەخۆشکردنی ڕێگە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە بەرگرییەکان تەنانەت لەکاتێکدا تره‌مپ پێداگریی لەسەر هەنگاونان بەرەو ئاساییکردنەوەی ئیسرائیل‌و سعودیە دەکات”.

  • 600 ملیار دۆلار پێشوازیى له‌شازاده‌ى جێنشینى سعودیه‌ كرد

  • سوودانى بێهیوا ده‌كرێت له‌ویلایه‌تى دووه‌مى سه‌رۆك وه‌زیران

  • دیارترین سیناریۆ بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە عێراق چین؟

  • كورسییه‌كى هه‌ولێر پارتى‌و یه‌كێتیى به‌جیا په‌لكێشى به‌غدا ده‌كات

  • مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ له‌باره‌ى ڕووداوه‌كانى هاتوچۆ ئاشكراده‌كرێت

  • جوڵه‌ سیاسییه‌كان ده‌ستیان پێكرد.. ئایا هاوپه‌یمانى سێقۆڵى دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌؟

  • زانیاریى نوێ له‌باره‌ى مووچه‌وه‌.. كۆبوونه‌وه‌ى حكومه‌ت پێشخرا

  • سەرۆکی فەڵەستین تەمەنی 90 ساڵە... ئەو پیاوە کێیە 20 ساڵ حوکمڕانی کردوەو کێ شوێنی دەگرێتەوە؟

  • ئه‌مریكا بڕیاره‌ مه‌ترسیداره‌كه‌ى تره‌مپ جێبه‌جێده‌كات

سەرەکی