2   کاتژمێر پێش ئێستا 78 جار خوێنراوەتەوە

ئێران: ئەمەریکا هێرشمان بکاتە سەر، سەرەکیترین ئامانجمان ئیسرائیل دەبێت

ئیرادە میدیا

ڕاوێژکاری باڵای فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت،  ئەمەریکا هەر هێرێشکیان بکاتەوە سەر ئەوان ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بە ئامانجدەگرن و ئیسرائیلیش ئامانجی سەرەکیی دەبێت.

حسێن دەقیقی ڕاوێژکاری باڵای فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندووە،  هەر شەڕێک کە ئەگەری هەڵگیرسانی هەبێت، بە ناچاری دەبێتە ململانێیەکی ناوچەیی، جەختیشی لەوە کردەوە، لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەدا، هەموو بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکرێنە ئامانج، ئیسرائیلیش دەبێتە ئامانجی سەرەکیمان.

ترەمپ داوای سەرنجی میدیاکان دەکات 

دەشڵێت، ترەمپ داوای سەرنجی میدیاکان دەکات و تەنها دەیەوێت خۆی وەک ڕزگارکەر نیشانبدات، دەیەوێت بانگەشەی ئەوە بکات کە دەتوانێت قەیران و شەڕ لە غەززە یان ئۆکراین چارەسەر بکات، بەڵام وانییە و نەیتوانیوە هیچ کامێکیان بکات.

بەرپرسانی هەواڵگریی ئیسرائیل و سعوودییە لە واشنتن، سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، لەگەڵ بەپرسانی ئەو وڵاتە کۆدەبنەوە.

پێنجشەممە، 29ی کانوونی دووەمی 2026، پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد، بەرپرسانی باڵای بەرگریی و هەواڵگریی ئیسرائیل و سعودییە لە ئەمریکا بوون، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپ کۆدەبنەوە.

شلۆمی بیندەر، بەرپرسی هەواڵگریی سەربازی ئیسرائیل رۆژی سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیە لەگەڵ بەرپرسانی پێنتاگۆن کۆبووەتەوە.

سعودیە بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان ئێران و ئەمریکا بکات، وەک نێوەندگیرێکیش پەیامی هەردوولای گەیاندووە.

بەڵام بە گوێرەی بەرپرسانی کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە هێرشکردنەسەر ئێران نەداوە.

لە پێشهاتێکی دیکەدا، رووسیا داوای لە ئەمریکا و ئیسرائیل کرد لە ئەگەری هێرشی سەربازییان بۆ سەر ئێران، وێستگەی ئەتۆمیی بووشێهر بۆردومان نەکەن و پارێزراو بێت.

ئالێکسی لیخا چۆف، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای حکومی روس ئەتۆم بە ئاژانسی سپۆتنیکی وتبو، روسیا لە جەنگی رووداوەکانی دەوروبەری ئێران بە بەردەوامی خەریکی تاوتوێکردنی دۆخی ئاسایشی وێستگەی ئەتۆمیی بووشێهر و راوێژی پێویست بۆ ئەم مەبەستەیە.

ئەو بەرپرسە حکومییەی روسیا وتیشی: "بە هاوکاریی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئامادەین لە کاتی پێویستدا ستافی خۆمان لەو وێستگە ئەتۆمییە بێنینە دەرەوە و بیانگوازینەوە بۆ روسیا".

وێستگەی ئەتۆمیی بووشێهر کە توانای بەرهەمهێنانی هه‌زار مێگاوات کارەبای هەیە، لە لایەن روسیاوە لە کەناراوەکانی باشووری ئێران دروست کراوە و بەشێک لە ستافی تەکنیکی ئەو وێستگەیەش، ئەندازیارانی روسن.

لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئیدارەی ترەمپ و ئێران، رۆژنامە دیارەکانی جیهان بە وردی باسی سیناریۆکانی جەنگ، مەترسییەکان و ئامادەکارییەکان دەکەن. 

واشنتن پۆست: "مووشەکەکانی ئێران هێشتا مەترسیدارن"

رۆژنامەی واشنتن پۆست، باس لەوە دەکات وڵاتانی کەنداو، وەک سعودیە و ئیمارات، هۆشدارییان داوەتە ئەمریکا و وتوویانە، راستە ئێران ساڵی 2025 شەڕێکی 12 رۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل کرد و زیانی بەرکەوت، بەڵام هێشتا خاوەنی کۆگەیەکی مووشەکیی بەهێزە کە دەتوانێ بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە وێران بکات.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئێران موشەکەکان لە شوێنی شاخاوی و ژێرزەوی دەشارێتەوە و دروستکردنیانی لە چەند مانگی رابردوودا دوو هێندە زیادکردووە. عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی "جەنگی هەرێمی" دەکات ئەگەر هێرشیان بکرێتەسەر.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ: "پێش هێرش، دەبێت بەرگری بەهێز بکرێت"

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو رۆژنامەیە، پێنتاگۆن خەریکی گواستنەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی زیاترە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

ئەمریکا سیستمی پێشکەوتووی (THAAD) و (Patriot)ی رەوانەی ئوردن، کوێت، بەحرێن، سعودیە و قەتەر کردووە.

بۆ ئەوەی ئەگەر ئەمریکا لە ئێران بدات، بتوانن بەرگری لە ئیسرائیل و سەربازەکانی ئەمریکا بکەن بەرامبەر تۆڵەسەندنە
وەی ئێران. رۆژنامەکە دەڵێ، تا ئەم بەرگرییانە تەواو نەبن، هێرشی گەورە ناکرێ.

نیویۆرک تایمز: "ئێران ڤەنزوێلا نییە؛ زۆر مەترسیدارترە"

رۆژنامەکە دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ دەیەوێ سیناریۆی ڤەنزوێلا دووبارە بکاتەوە، بەڵام شارەزایان دەڵێن ئێران جیاوازە.

ئیسرائیل دوای دوو ساڵ لە شەڕ، بڕی پێویست مووشەکی بەرگریی نەماوە و ئێران دەتوانێت بە مووشەکی گەورە شارەکانی ئیسرائیل بکاتە ئامانج.

دیار نییە ئایا ترەمپ دەیەوێ حکومەتی ئێران بڕووخێنێت یان تەنیا دەیەوێ ناچاری بکات دەست لە بەرنامەی ئەتۆمی هەڵبگرێ.

فۆڕچن: "بە ئەگەری 75٪ هێرش دەکرێ"

ئەم گۆڤارە ئابوورییە لە زاری شارەزایەکی وزەوە دەڵێ: "ئەگەری ئەوەی لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران 75٪ە".

نرخی نەوت بەرزبووەتەوە. مەترسییە گەورەکە ئەوەیە ئێران گەرووی هورمز دابخات کە بەشێکی زۆری نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت. ئەگەر ئەمە رووبدات، نرخی وزە شۆکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت.

دۆیچە ڤێلە: "چین چی دەکات؟"

میدیا ئەڵمانییەکە پرسیاری ئەوە دەکات ئایا چین پشتگیریی ئێران دەکات؟

وەڵام: چین لە رووی ئابوورییەوە یارمەتی ئێران دەدات، بەڵام ناچێتە جەنگەوە دژی ئەمریکا لەپێناو ئێران. چین پەیوەندی بازرگانیی گەورەی لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی هەیە و نایەوێت ئەو بەرژەوەندییانە لەدەست بدات.

یەدیعوت ئەحرەنۆتی ئیسرائیلی: "ئیسرائیل ترسی هەیە"

ئەو میدیا ئیسرائیلییە ئاشکرای کردووە کە سوپاسالاری ئیسرائیل بە نهێنی سەردانی واشنتنی کردووە.

پەیامی ئیسرائیل: داوا لە ئەمریکا دەکەن هێرش بکات، چونکە ئەگەر هێرش نەکات "لاواز دەردەکەوێ"، بەڵام لە هەمان کاتدا ئیسرائیل دەترسێت گفتوگۆکان شکست بێنن و ئیسرائیل باجەکەی بە مووشەکەکانی ئێران بدات.

رۆژنامەکان کۆکن لەسەر ئەوەی دۆخەکە زۆر مەترسیدارە، ئەمریکا هێز کۆدەکاتەوە و سیستمی بەرگری دادەنێ، ئیسرائیل داوای لێدان دەکات بەڵام دەترسێت، وڵاتانی کەنداو نیگەرانی کاردانەوەی ئێرانن، و ئێرانیش هەڕەشەی جەنگی سەرتاسەری دەکات.

 بڕیارە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕژێمی ئێران، بۆ تاوتوێکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و چەند پرسێکی تری گرنگ کۆببنەوە.

بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاند، کە دۆناڵد ترەمپ داوای ڕێککەوتنێک دەکات به ئامانج بیستنی پێشنیارەکانی لایەنی ئێرانی، هاوکات بەرپرسێکی باڵای ڕژێمی ئێران بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز پشتڕاستی کردەوە، کە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لەگەڵ نێردەی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕژێمی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، تاران سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە مەرجەکانی دەستپێکردنەوەی وتووێژەکان لەگەڵ واشنتۆن، ئەو هەنگاوەش دوای ئەوە دێت کە هەردوولا ئامادەیی خۆیان بۆ زیندووکردنەوەی دیپلۆماسی نیشانداوە، تاوەکو کۆتایی بە کێشە درێژخایەنە ئەتۆمییەکان بهێنن و مەترسییەکانی جەنگ لە ناوچەکەدا کەم بکەنەوە.

ماڵپەڕی ئەکسیۆس وەک یەکەم سەرچاوە هەواڵی ئەم کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەی بڵاوکردەوە، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ئەنجام بدرێت، ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوەڕوانی ئەگەری هێرشی ئەمریکا دەکات بۆ سەر ئێران.

ترەمپ: هێرشی ئەمجارەی سەر ئێران زۆر لەوەی پێشتر خراپتر دەبێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە هەڕەشەی لە ئێران کرد و ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکەی ئەمجارەیان بۆ سەر ئەو وڵاتە، زۆر لەوەی پێشتر خراپتر دەبێت. 

ترەمپ لە پۆستێکیدا کە رۆژی چوارشەممە، 28ی کانوونی دووەمی 2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "Truth Social" بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە: "هێزێکی دەریایی (ئەرمادا) گەورە بەرەو ئێران بەڕێوەیە، بە خێرایی و بە هێز و مەبەستەوە دەجووڵێت، ئەو کەشتیگەلە، بە سەرۆکایەتی کەشتی فڕۆکەهەڵگری مەزن ‌ئەبراهام لینکۆڵن‌ دەجووڵێت و، گەورەترە لەوەی بۆ ڤەنزوێلا نێردرا."

سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی پەیامەکەیدا بۆ بەرپرسانی تاران دەنووسێت: "وەک پێشتریش بە ئێرانم گوتووە، رێککەوتنێک بکەن! ئەوان نەیانکرد، بۆیە "ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو"روویدا، کە وێرانکارییەکی گەورەی ئێران بوو، هێرشی داهاتوو زۆر خراپتر دەبێت! مەهێڵن ئەوە دووبارە ببێتەوە."

ترەمپ داوا لە ئێران دەکات بە زوویی بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دەڵێت: "هیوادارم ئێران بە زوویی ‌بێتە سەر مێز‌ و دانوستان لەسەر رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و یەکسان بکات - بێ چەکی ئەتۆمی - رێککەوتنێک بۆ هەموو لایەنەکان باش بێت. کات لە تەواوبووندایە."

ئەم هەڕەشانەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدایە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوام لە هەڵکشاندایە،جووڵەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیادیکردووە، بەتایبەت دوای ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن" و گرووپی هێرشبەری یاوەری. ئەمەش نیگەرانییەکانی لەبارەی ئەگەری پێکدادانی سەربازیی راستەوخۆ لە نێوان هەردوو وڵاتدا زیاتر کردووە.

"ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو" ئاماژەیە بۆ هێرشێکی سەربازیی ئەمریکا لە حوزەیرانی ساڵی 2025 بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. 

سوپاسالاری ئێران: هێرش بکرێتە سەرمان هیچ ئەمریکییەک پارێزراو نابێت

سوپاسالاری ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا لە ئەگەری هەر هێرشێکدا وەڵامی تووندیان دەبێت لەبارەی کەشتیگەلی ئەمریکاش کە هاتووەتە ناوچەکە دەڵێت: ‌‌لە رێگەی سەربازییەوە گەمارۆ نادرێین، پێداوچوونەوەمان بە سیستمی بەرگری کردووە و روومان کردووەتە ستراتیژیی هێرشکردن‌‌.
 
رۆژی دووشەممە، 02-02-2026، عەبدولڕەحیم موسەوی، سوپاسالاری ئێران لەکاتی سەردانکردنی یەکێک لە یەکە تایبەتەکانی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی رایگەیاندووە: ‌‌بچووکترین هەڵەی دووژمن، رێگەی ئێمە بۆ هەر هەنگاوێک دەکاتەوە.‌‌
 
عەبدولڕەحیم موسەوی ئاماژەی بە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران کرد و وتی: ‌‌ئەو کات هیچ ئەمریکییەک لە ئاسایشدا نابێ و ئاگری جەنگ ناوچەکە، ئەمریکا و هاوپەیمانانی دەسووتێنێت.‌‌
 
ئەمریکا هێزێکی زۆری هێناوەتە ناوچەکە، رۆژی یەکشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "ناتوانم هەموو شتەکان باس بکەم، بەڵام کەشتییەکی زۆر گەورە و بەهێزمان بەرەو ئەو شوێنە دەڕوات، هیوادارم ئەوان کەمەبەستی "ئێران"دانوستاندن لەسەر شتێک بکەن، کە جێگەی قبووڵکردن بێت."
 
سوپاسالاری ئێران لە وەڵامی قسەکانی دۆناڵد ترەمپدا وتی، هیچ کات ناتوانرێ وڵاتەکەی لە رێگەی سەربازییەوە گەمارۆ بدرێ، ‌‌چونکە ئێران بەرفراوان و بەهێزە و دوای جەنگی 12 رۆژە، پێداچوونەوەمان بە سیستمی بەرگریدا کرد و روومان کردووەتە ستراتیژیی هێرشبەری.‌‌ 
 
عەبدولڕەحیم موسەوی هۆشداری دەداتە ئەمریکا کە ‌‌وەڵامیان بۆ هەر هێرشێک خێرا و یەکلاییکەرەوە دەبێ. ئێران بە هیچ شێوەیەک چاو لەسەر دووژمن هەڵناگرێ و بۆ وەڵامدانەوە و لێدانی زللەیەکی تووند، ئامادەیی تەواومان هەیە‌‌.
 
هەر دوێنێ یەکشەممە عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لە گوتارێکدا سەبارەت بە هەڕەشە سەربازییەکان و ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا بۆ ناوچەکە هۆشداری دا و گوتی: "با ئەمریکییەکان ئەوەش بزانن، ئەگەر ئەم جارە شەڕێک هەڵگیرسێنن، ئەو شەڕە دەبێتە شەڕێکی ناوچەیی."
 
کاتێک لەبارەی هۆشدارییەکەی عەلی خامنەیی پرسیار لە دۆناڵد ترەمپ کرا، بە رۆژنامەڤانانی گوت: "بێگومان ئەو شتی وا دەڵێت‌‌. ترەمپ دەشڵێ: ‌‌هیوادارم رێککەوتنێک بکەین. ئەگەر رێککەوتنیش نەکەین، ئەو کاتە دەزانین کە ئایا ئەو راستی دەکرد یان نا". 
 
لە مانگی نیسانی 2025 بۆ حوزەیرانی هەمان ساڵ ژمارەیەک کۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆ لەنێوان شاندی ئێران و ئەمریکا لە رۆما و مەسقەت بەڕێوەچوون، بەڵام هیچ رێککەوتنێک نەکرا، بڕیار بوو دواتر کۆبوونەوەی دیکە بکرێ، بەڵام دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و ئێران بە دەستپێشخەری تەلئەڤیڤ و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەو دانوستاندنانەی راگرت.


  • ئێران: ئەمەریکا هێرشمان بکاتە سەر، سەرەکیترین ئامانجمان ئیسرائیل دەبێت

  • وەزارەتی دادی ئەمریکا لەبارەی دۆسیەی جێفری ئێپستینەوە چی دەڵێت؟

  • "سوپای سێبەر"؛ ناسنامە و ئەرکی گروپ و چەتەکانی سەربە تورکیا لە هیرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان

  • له‌ كوردستان خۆپیشاندانى ملیۆنى به‌ڕێوه‌ده‌چێت

  • ئەمریکا حەوت مەرج بۆ عێراق دادەنێت

  • وەزارەتی دارایی: ئەوانەی هەژماری منیان نییە موچەکانیان ڕادەگرین

  • بایدەمیر: داگیرکەران بە درێژایی بوونیان دژایەتی ئێمەی کوردیان کردوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان

  • عوسمانی حاجی مەحمود بۆ لایەنە سیاسییەکان: گەلی کورد لە هیچ پارچەیەک لە دۆخێکی سەقامگیردا نییە

  • تەواوی دیداری ئەندامانی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ ئۆجەلان بڵاوکرایەوە

سەرەکی