2   کاتژمێر پێش ئێستا 417 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی دادی ئەمریکا لەبارەی دۆسیەی جێفری ئێپستینەوە چی دەڵێت؟

ئیرادە میدیا

سێ ملیۆن و نیو بەڵگەنامەی نهێنیی ئێپستین بڵاوکرانەوە؛ وردەکاریی نوێ لەبارەی پەیوەندییەکانی دۆناڵد ترەمپ دەخرێنە ڕوو

لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا و لەژێر گوشاری کۆنگرێس، وەزارەتی دادی ئەمریکا نزیکەی 3.5ملیۆن بەڵگەنامەی نهێنیی پەیوەست بە دۆسیەی جێفری ئێپستین، بازرگانی سێکسی بڵاوکردەوە. 

بەڵگەنامەکان تیشک دەخەنە سەر پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئێپستین، هەرچەندە وەزارەتی دادی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەشێکی زۆری زانیارییەکان وەک  پڕوپاگەندە  پۆلێن کراون.

 ناوی دۆناڵد ترەمپ و لێکۆڵینەوەکانی FBI و ئیمەیڵە ئاڵوگۆڕکراوەکان

بەپێی بەڵگەنامەکان، ناوی دۆناڵد ترەمپ زیاتر لە هەزار جار لە تۆمارە فەرمییەکاندا هاتووە، لە کاتی گەڕانی وردتردا، پتر لە ١٨٠٠ ئەنجام دەردەکەون کە یاداشتی لێکۆڵینەوەکانی FBI و ئیمەیڵە ئاڵوگۆڕکراوەکانی نێوان ئێپستین و هاوڕێ نزیکەکانی لەخۆدەگرن.

12 تۆمەتی سێکسی نەسەلمێنراو دژی ترەمپ

یەکێک لە هەستیارترین بەشەکانی بەڵگەنامەکان، لیستێکی FBIیە کە لە ئابی 2025 ئامادەکراوە و 12 تۆمەتی سێکسی نەسەلمێنراو دژی ترەمپ لەخۆدەگرێت، هەندێک لەو تۆمەتانە بە ڕەنگی  زەرد  نیشانەکراون کە بە وەسفی لێکۆڵەران ناوەڕۆکەکەیان  قێزەونە ، بەڵام جەختکراوەتەوە کە زانیاریی نەسەلمێنراوی دەستی دووەمن.

لەناو بەڵگەنامەکاندا باس لە دۆسیەی کچێک بە ناوی خوازراوی (جەین دۆ) کراوە، کە ترەمپی تۆمەتبار کردووە بەوەی لە ساڵی 1994، کاتێک تەمەنی تەنیا 13 ساڵ بووە، لە ماڵەکەی ئێپستین لە نیویۆرک دەستدرێژی کراوەتە سەر، بەڵگەنامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنانەت ئێپستین خۆی لە ئیمەیڵێکدا ئەم بابەتەی بە  شێتانە  وەسف کردووە.

بە پێچەوانەی لێدوانەکانی پێشووی ترەمپ لە ساڵی 2024، بەڵگەنامە نوێیەکان دەریانخستووە کە ناوبراو لە ساڵانی نەوەدەکاندا چەندین جار بە فڕۆکە تایبەتەکەی ئێپستین گەشتی کردووە، کە بە  لۆلیتا ئێکسپرێس  ناسراوە.

ناساندنی کچەکان بەترەمپ

لە فایلێکی دیکەی FBIدا هاتووە کە گیلان ماکسوێڵ، هاوبەشەکەی ئێپستین، کچێکی بە ترەمپ ناساندووە و بردوویەتییە یانەی مارالاگۆ، هەرچەندە کچەکە لە لێکۆڵینەوەکاندا وتوویەتی کە هیچ پەیوەندییەکی سێکسی لەنێوانیاندا ڕووی نەداوە.

ئیمەیڵەکانی ساڵانی2016 بۆ 2018

ئیمەیڵەکانی ساڵانی 2016 بۆ 2018 نیشانی دەدەن کە ئێپستین لە وەڵامی لاری سەمەرز، وەزیری پێشووی گەنجینەی ئەمریکا، ڕەتیکردووەتەوە کە ترەمپ بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بێت و وتوویەتی:  ئەو هاوڕێی من نییە . هاوکات ترەمپ لە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییانە، هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی دەکات و دەڵێت ئەمە  پیلانگێڕی  و هەوڵێکە بۆ تێکدانی ناوبانگی سیاسیی ئەو.

وەزارەتی داد لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕەنگە بەشێک لەم زانیارییانە پێشتر بە مەبەستی کاریگەری خستنە سەر هەڵبژاردنەکان دزەپێکرابن، بەڵام بڵاوکردنەوەی ئەو قەبارە گەورەیە لە بەڵگەنامە، جارێکی دیکە دۆسیەی ئێپستینی گەڕاندەوە بۆ ناوەندی باس و خواسە سیاسییەکانی ئەمریکا.

دۆسیەی جێفری ئێپستاین، ملیاردێری ئەمریکی

یەکێکە لە پڕ نهێنیترین دۆسیە تاوانکارییەکان کە جیهانی هەژاندووە. 

وەزارەتی دادی ئەمریکا بە فەرمی دۆسیەکەی ئێپستاین-ی هەڵداوەتەوە، کە ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن بەڵگەنامە،2000ڤیدیۆ، و180هەزار وێنە لەبەردەستی دادگادان، ئەو بەڵگەنامانە ناوی سەدان کەسایەتی دیار لە بوارە جیاجیاکاندا ئاشکرا دەکەن، لەوانە سەرۆک، سیاسەتمەدار، هونەرمەند، بازرگان و ملیاردێر، کە گومان دەکرێت تێوەگلابن لە تاوانەکانی ئێپستایندا. ئەم تاوانانە بریتیین لە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان، بێسەروشوێنکردن، و تەنانەت کوشتن. دورگەی "لیتڵ سەینت جەیمس" لە دەریای کاریبی بووبووە مەڵبەندی سەرەکی بۆ دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان .

دورگەی لیتڵ سەینت جەیمس

دورگەی لیتڵ سەینت جەیمس، یەکێک بوو لە موڵکەکانی ئێپستاین کە بە "دورگەی چێژ" یان "دورگەی شەیتان" ناسرابوو. بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگا و لێدوانی قوربانییەکان، ئێپستاین و هاوکارەکەی، گیزلین ماکسوێڵ، ئەم دورگەیان وەک شوێنێک بەکارهێناوە بۆ ڕاکێشانی کچانی گەنج (زۆربەیان لە خوار 18 ساڵەوە بوون) بە بیانووی دەرفەتی کار یان خوێندن، و لەوێ دەستدرێژی سێکسییان کراوەتەسەر. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ئێپستاین و ماکسوێڵ تۆڕێکی بەرفراوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤیان بەڕێوەبردووە، کە تێیدا کچان لە چین و توێژە جیاوازەکانەوە، زۆرجار لە خێزانە هەژارەکانەوە، ڕادەکێشران. بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو کچانە نەک تەنها لە دورگەکە، بەڵکو لە موڵکەکانی تری ئێپستاین لە نیویۆرک، فلۆریدا، و نیو مەکسیکۆش دەستدرێژییان کراوەتەسەر.

لایەنە هەرە ورووژێنەرەکانی دۆسیەکە


یەکێک لە لایەنە هەرە ورووژێنەرەکانی دۆسیەکە، پەیوەندییەکانی ئێپستاین بوو لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکان لە سیاسەت، بازرگانی، و خێزانە شاهانەییەکان. ناوی ژمارەیەک کەسایەتی دیار، وەک شازادە ئەندرۆ، کوڕی شاژنی بەریتانیا، پیتەر مێندێڵسن، ئیلۆن مەسک، شازادە مێتە مارێت، شازادەی جێنشینی نەرویج، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی لە لۆس ئەنجلس، و دۆناڵد ترەمپ،لە بەڵگەنامەکانی گەشتی فڕۆکەی تایبەتی ئێپستایندا هاتووە. سەرەڕای ئەمانە، هیچ بەڵگەیەکی فەرمی یان سزای دادگایی دژی زۆربەی ئەو ناوانە نییە سەبارەت بە تێوەگلانیان لە تاوانەکانی ئێپستایندا، جگە لەو کەسانەی کە بە فەرمی تۆمەتبار کراون یان دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە. گیزلین ماکسوێڵ، هاوکاری ئێپستاین، لە ساڵی ٢٠٢١ بە تاوانی هاوکاریکردن لە بازرگانیکردن بە سێکس و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان سزا درا و بە 20ساڵ زیندانی حوکم درا.

لە ساڵی 2019، جێفری ئێپستاین لە زیندانێکی فیدراڵی نیویۆرک بە مردوویی دۆزرایەوە

لە ساڵی 2019، جێفری ئێپستاین لە زیندانێکی فیدراڵی نیویۆرک بە مردوویی دۆزرایەوە، لەکاتێکدا چاوەڕێی دادگاییکردنی بوو بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە سێکس. لێکۆڵینەوە فەرمییەکان مردنەکەیان بە خۆکوشتن دیاریکرد، بەڵام ئەم بڕیارە مشتومڕێکی زۆری دروستکرد و بووە هۆی بڵاوبوونەوەی تیۆری پیلانگێڕی، بەتایبەت لەبەر ئەوەی ئێپستاین زانیاریی زۆری لەسەر کەسایەتییە کاریگەرەکان پێبوو و زۆرێک پێیانوابوو "بێدەنگ کراوە".

بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکا، دوای بوومەلەرزەکەی ساڵی 1999 لە تورکیا، چەندین منداڵی ونبووی کوورد براونەتە ماڵەکەی جێفری ئێپستاین. 

قوربانییەکانی تۆڕەکەی ئێپستاین

کارۆلین وێنبێرگ، نمایشکاری سوید و جیهان، دانی بەوەدانا کە خۆی و هاوڕێیەکی بوونەتە قوربانی تۆڕەکەی ئێپستاین.

دۆسیەی ئێپستاین کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر گفتوگۆی گشتی سەبارەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ، پاراستنی منداڵان، و لێپرسینەوەی کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکان هەبووە.

  • ئێران: ئەمەریکا هێرشمان بکاتە سەر، سەرەکیترین ئامانجمان ئیسرائیل دەبێت

  • وەزارەتی دادی ئەمریکا لەبارەی دۆسیەی جێفری ئێپستینەوە چی دەڵێت؟

  • "سوپای سێبەر"؛ ناسنامە و ئەرکی گروپ و چەتەکانی سەربە تورکیا لە هیرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان

  • له‌ كوردستان خۆپیشاندانى ملیۆنى به‌ڕێوه‌ده‌چێت

  • ئەمریکا حەوت مەرج بۆ عێراق دادەنێت

  • وەزارەتی دارایی: ئەوانەی هەژماری منیان نییە موچەکانیان ڕادەگرین

  • بایدەمیر: داگیرکەران بە درێژایی بوونیان دژایەتی ئێمەی کوردیان کردوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان

  • عوسمانی حاجی مەحمود بۆ لایەنە سیاسییەکان: گەلی کورد لە هیچ پارچەیەک لە دۆخێکی سەقامگیردا نییە

  • تەواوی دیداری ئەندامانی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ ئۆجەلان بڵاوکرایەوە

سەرەکی