3 کاتژمێر پێش ئێستا
100 جار خوێنراوەتەوە
زۆربەیان ئەمنیی و سەربازین؛ لە 18 رۆژی جەنگدا زیاتر لە 5000 هەزار كەس لە ئێران كوژراون
ناوەندی هەواڵ
بەپێی راپۆرتی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی 18 رۆژی جەنگدا 5300 كەس لە ئێران كوژراون، زیاتر لە 90% یان سەربازیی و ئەمنین.
هاوكات لەگەڵ هەژدەیەمین ڕۆژی جەنگی ئەمریكا، ئیسرائیل و كۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی توند لە زیادبوونی ژمارەی قوربانییانی سڤیل، نوێترین ڕاپۆرتی خۆی بڵاو دەكاتەوە.

بەپێی ئامارە پشتڕاستكراوەكانی ناوەندی بەڵگەنامەكانی هەنگاو، تا كۆتاییی ڕۆژی هەژدەیەمی شەڕ لانی كەم 5300 كەس گیانیان لەدەستداوە كە 9.6٪ی ئەوانە پێكهاتوون لە 511 هاووڵاتیی مەدەنی و چوار هەزار و 789 كەسیش لە هێزە سەربازییەكانی ئێرانن.

جیاكاریی زیانەكان و پانتاییی جوگرافیی هێرشەكان بۆ سەر ناوەندە سەربازی و حكومەتییەكان
بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە مەیدانییەكانی هەنگاو، لە ڕۆژی شەممە نۆی ڕەشەممەی 2724 (28 ی شوباتی 2026) تا ڕۆژی سێشەممە 26ی ڕەشەممەی 2725(17ی ئاداری 2026) لانی كەم لە 178 شاری 25 پارێزگای ئێران، ناوەندە سەربازی و حكومەتییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران كراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانی و موشەكییەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا.

رێكخراوی هەنگاو دەڵێت ئەم ئامانجانە پێكهاتوون لە بنكەكانی سوپای پاسداران، ناوەندەكانی بەسیج، فڕۆكەخانە سەربازییەكان، سایتە موشەكییەكان، بنكەكانی پۆلیس، دامەزراوە دادوەرییەكان، ناوەندەكانی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات، سەربازگەكانی سوپا و بارەگاكانی یەكەی تایبەت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە هەنگاو كۆكراونەتەوە، تا ئێستا چوار هەزار و 789 سەربازی حكومەتی كوژراون كە زۆربەی ئەم قوربانییانە لە هێزی ئاسمانی، سوپای پاسداران و هەروەها ئەرتەش بوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زۆرترین زیانی هێزە سەربازییەكان لە پارێزگاكانی تاران، كرماشان، هورمزگان، ئەلبورز، كوردستان و سیستان و بەلووچستان تۆمار كراوە.
هەنگاو جەخت دەكاتەوە كە دامەزراوە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی بە پەیڕەوكردنی ڕێكاری «شاردنەوەی سیستماتیك»، لە بڵاوكردنەوەی ئاماری ڕاستەقینەی كوژراوەكان خۆیان دەپارێزن و لە كاتە دەگمەنەكاندا، ئامارێكی زۆر كەمتر لە ڕاستییە مەیدانییەكان دەخەنە ڕوو.

كوژرانی لانی كەم 511 كەسی سڤیل لە 18 ڕۆژی یەكەمی شەڕدا
هەنگاو پشتڕاستی دەكاتەوە كە زۆرترین ئاماری گیانلەدەستدانی مەدەنی پێوەندیی بە پارێزگای هورمزگانەوە هەیە. بەپێی بەڵگەنامە بەردەستەكان، بەشێكی زۆری كوژراوەكان، كچە قوتابییانی قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی «شەجەرەی تەییبە» بوون. جگە لە هورمزگان، گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی سڤیل لەوانە دەیان منداڵ و ژن لە پارێزگاكانی تاران، كوردستان، كرماشان، فارس، خۆراسانی ڕەزەوی، قەزوین، ئەلبورز، ئیلام، مەركەزی، لوڕستان، ئورمیە و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتیش تۆمار كراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە تا ئێستا 511 كەسی مەدەنی لە كاتی ئەم هێرشانەدا كوژراون كە دەكاتە 9.6٪ی كۆی قوربانییەكان.
لە كۆی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی كوژراون، هەنگاو كوژرانی 120 منداڵی خوار 18 ساڵ و هەروەها 160 ژن پشتڕاست دەكاتەوە. شایانی باسە كە میدیا حكومەتییەكان و هەروەها بەرپرسانی فەرمیی ئێران پێشتر ڕایانگەیاندبوو كە لە قوتابخانەی میناب 167 منداڵ كوژراون.

بەڵام تا ئێستا و دوای تێپەڕبوونی 18 ڕۆژ، تەنیا ناسنامەی 58 كەس لە قوربانییانی ئەم قوتابخانەیە ڕوون بووەتەوە كە 48 كەسیان منداڵ و 10 كەسیشیان گەورەساڵن.
هەنگاو چەندین ڕاپۆرتی پێگەیشتووە كە نیشانی دەدەن هێزە سەربازییەكانی كۆماری ئیسلامی، بە جێهێشتنی بنكە فەرمییەكان، لە شوێنە گشتی و نەسەربازییەكان لەوانە قوتابخانەكان، بەشەناوخۆیییەكانی خوێندكاران و مزگەوتەكان كە لە ناوچە نیشتەجێبوونەكاندان جێگیر بوون. ئەم هەنگاوە، بەپێی كۆنڤانسیۆنی ژنێڤ، وەك بەكارهێنانی «قەڵغانی مرۆیی» هەژمار دەكرێت و گیانی كەسانی مەدەنی بە توندی خستووەتە بەر مەترسی.

زیانی زۆری هێزە حكومەتییەكان لە كوردستان و شاردنەوەی ئامارەكان
لە 18 ڕۆژی یەكەمی جەنگدا هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای ئیسرائیل و ئەمریكا بۆ سەر شوێنە سەربازی و حكومەتییەكان بە توندی ئەنجام دراوە و لە 35 شاری پارێزگاكانی ئیلام، كرماشان، كوردستان و ئورمیە، لانی كەم 223 بنكەی سەربازی و ناوەندی ئەمنیی كۆماری ئیسلامیی ئێران كراونەتە ئامانج.
بەدواداچوونەكانی هەنگاو نیشانی دەدەن كە لە ماوەی 18 ڕۆژی یەكەمی شەڕدا لانی كەم 1350 كەس لە هێزە سەربازی و حكومەتییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەم چوار پارێزگایەدا كوژراون.
هەروەها لانی كەم 90 هاووڵاتیی سڤیل لە كاتی ئەم هێرشانەدا كوژراون كە زۆربەیان لە شارەكانی ورمێ، سنە، دیواندەرە، شاباد، ئیلام، نەغەدە، بۆكان و كرماشان تۆمار كراون.
هەنگاو لە ڕاپۆرتی پێشووی خۆیدا ڕایگەیاندبوو كە دامەزراوە ئەمنییەكان لە ڕاگەیاندنی ئاماری وردی كوژراوە سەربازییەكان، بەتایبەت لە شارەكانی كوردستان، خۆ دەپارێزن و تەنانەت زۆربە دەگمەنی ئامارێكی زۆر كەمترە لە ڕاستی بڵاودەكەنەوە.

-
زۆربەیان ئەمنیی و سەربازین؛ لە 18 رۆژی جەنگدا زیاتر لە 5000 هەزار كەس لە ئێران كوژراون
|
-
سود و زیانەکانی جەنگ بۆ وڵاتان
|
-
بوون و پێگەی كورد بە یاسا بپارێزرێت
|
-
ئیسرائیل كوژرانی لاریجانی و فەرماندەی بەسیجی ڕاگەیاند
|
-
ترەمپ بۆچی داوای هاوكاری لە ناتۆ كرد و وەڵامی ئەوان چی بوو؟
|
-
نەوت جارێكی تر گڕی لە پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغداد بەردا
|
-
بەغدا بێ منەتی خۆی بەرامبەر بۆری نەوتی هەرێم دەردەبڕێت
|
-
شەڕ لە تەلئەبیب و تاران دووكەڵ لە قالاوە
|
-
لە بنكەیەكی ئەمریكا درۆن دزراوە و ترس هەیە ئێران بۆ هێرشی لەناكاو بەكاریبهێنێت
|
|
|
|