14   کاتژمێر پێش ئێستا 878 جار خوێنراوەتەوە

وتەكانی ترەمپ؛ هێرشەكانی ئێرانی بۆسەر هەرێمی كوردستان و حزبەكانی رۆژهەڵات زیاتر كرد

ناوەندی هەواڵ

لە ئێوارەی دوێنێوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێرشە درۆنیی و مووشەكیەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەردەوام بوون، هەولێر و سلێمانی شەوێكی قورسیان بەڕێكرد، زیاتریش هێرشەكان بۆسەر حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بوون، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند چەكیان بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران لە ڕێگەی حزبە كوردیەكانەوە ناردووە.

دوو جار بارەگایەکی چۆڵی کۆمەڵە لە سلێمانی کرایە ئامانج

شەوی ڕابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووجار بە درۆن هێرش كرایەوە سەر بارەگایەكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی.بەهۆیەوە ماڵی دوو هاوڵاتیی ڕووخان و چەند كەسێكیش بریندار بوون.

ئەو هێرشە لەكاتێكدایە، لە ئێوارەی دوێنێوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیكەی 10 هێرش كراونەتە سەر شاری هەولێر و سنووری كۆیە و تەنیا زیانی مادیی هەبووە و زیانی گیانی نەبووە.

لە دوێنێ ئێوارەوە، پێنج جار  بە درۆن هێرش كراوەتە سەر شاری هەولێرو سەرجەمیان لەلایەن بەرپەرچدانەوەی ئاسمانی تێكشكێندراون، هەروەها سێ جار هێرش كراوەتە سەر كامپ و بارەگای حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و هیچ زیانێكی گیانیان نەبووە. 

بەپێی ئامارەكان لەسەرەتای جەنگی ئەمریكا-ئیسرائیل و ئێرانەوە تا ئێستا نزیكەی 650 جار بە مووشەك و درۆن هێرش كراوەتە سەر هەرێمی كوردستان و تا ئێستا 14 كەس شەهید بوون و 95 كەسیش بریندار بوون، هاوكات زیانی زۆری مادیش بەر ئەو شوێنانە كەوتووە كە درۆن و مووشەكیان ئاڕاستەكراوە.

وردەكاری هێرشەكان

سەرەتا كاتژمێر 8ی شەوی رابردوو بە درۆنێك و مووشەكێك، كەمپێكی پەنابەرانی بنەماڵەی پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە سنووری قەزای كۆیە بۆردوومان كرا. ماڵپەڕی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بڵاوی كردەوە، هێرشەكە تەنیا زیانی ماڵی بە كەمپەكە گەیاندووە.

هەر بەپێی هەمان ماڵپەڕ، كاتژمێر 10:20 خولەكی شەوی رابردوو كەمپێكی دیكەی كەسوكاری پێشمەرگەكان هەر لە كۆیە بە مووشەكێك و درۆنێك بۆردوومان كراوە، ئەویش تەنیا زیانی مادی هەبووە.

 لەگەڵ دەستپێكردنی رۆژێكی نوێ، هێرشەكان بە درۆن و مووشەك بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بە تایبەتیش بۆ سەر بارەگا و كەمپەكانی كەسوكاری پێشمەرگەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەردەوام بوون.

بەرپرسێكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە شاری سلێمانی بە "ئیرادە میدیا" ی وت: "ئەو بارەگایەی شەوی ڕابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەكی بەختیاری كراوەتە ئامانج، بارەگای پەیوەندییەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بووە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، چونكە بارەگاكە چۆڵ بووە."

هەر لە هەمانكاتدا جارێكی بە دوو درۆن هێرشی كرایەوە سەر كەمپەكانی پەنابەران لە كۆیە. یەكێك لە درۆنەكان تێكشكێندراوە و ئەوەی دیكەشیان كەوتە خوارەوە."

لە كاتژمێر 12:40 خولەك جارێكی دیكە بە درۆن هێرشكرایەوە سەر كەمپەكانی پەنابەرانی رۆژهەڵات لە كۆیە. چەند خولەكێك دواتر جارێكی بە درۆن هێرش كرایە سەر هەمان كەمپ.

هێرشەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان بە تایبەتی بۆ سەر شاری هەولێر بەردەوام بوون، كاتژمێر 2:37 خولەك درۆنێك لە سنووری ناحیەی شەمامكی هەولێر تەقێندرایەوە. دوو خولەك دواتر دوو درۆنی دیكە لەسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر تەقێندرانەوە.

هەر ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش بیسترا، میدیای پارتی دەڵێت لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە دیاریكراوی لە قەزاكانی سۆران، خەلیفان، رواندز، چۆمان و سیدەكان، دەنگی فرۆكەی جەنگی بە نزمی دەبیسترێت، هاوكات دەنگی دوو تەقینەوە لە سنوورەكە بیستراون.

 بۆچی هێرشەكان لە شەوی ڕابردوەوە زیاتر بۆسەر حزبەكانی رۆژهەڵات بوون؟

هێرشەكانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆش زۆرتر بۆ سەر بارەگاكانی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و كەمپی پەنابەرانی كەسوكاری پێشمەرگەكانی رۆژهەڵات بوون، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی (فۆكس نیوز) رایگەیاند، واشنتن لەڕێگەی كوردەكانەوە چەكی بۆ خۆپێشاندەرانی نێو ئێران ناردووە، بەڵام گومانی هەبوو لەوەی چەكەكان گەیشتبنە دەست خۆپێشاندەران و وتبووی: "پێموایە كوردەكان چەكەكانیان بۆ خۆیان هەڵگرت."

رۆژی یەكشەممە، 05-04-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند: "چەكێكی زۆرمان بۆ خۆپێشاندەرانی ئێرانی نارد، چەكەكانمان لە رێگەی كوردەكانەوە نارد، پێموایە كوردەكان چەكەكانیان بۆ خۆیان هەڵگرت".

 حزبەكانی رۆژهەڵات وتەكانی ترەمپ ڕەتدەكەنەوە

لەوبارەیەوە، ئەمجەد حوسێن پەناهی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە هەولێر بە "ئیرادە میدیا" ی وت:" بە پێچەوانەی ئەو بانگەشانەی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە پێدانی چەك بە حزبەكانی رۆژهەڵات دەیانكات، هیچ جۆرە چەكێكمان لە ئەمریكا وەرنەگرتووە".

وتیشی:"ئەو چەكانەی لامانە و بەكاردەهێنرێن لەماوەی 47 ساڵی ڕابردوو یاخود لە شەڕی دژ بە ئێران بەدەستهاتوون، یاخود لە ڕێگەی بازاڕی ڕەشەوە كڕدراون".

 بەرپرسێكی تری حزبەكانی رۆژهەڵات بە "ئیرادە میدیا" ی وت:" یەك فیشەك، یەك مەحزەنی بەتاڵ و یەك دینارمان بۆ شەڕی ئەمریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران وەرنەگرتووە و نە هیچ قسەیەكیشمان لەوبارەیەوە لەگەڵ ئەو وڵاتە زلهێزانەدا كردووە".

لە 28 ی شوباتی 2026 ەوە كە جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل دژ بە ئێران دەستیپێكردووە، كۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بۆردومانی هەرێمی كوردستان و بارەگا و كەمپەكانی حزبەكانی رۆژهەڵات دەكات، لەكاتێكدا بەشێكی زۆری ئەو بارەگایانە چۆڵكراون.

  • کوردستان لاپەڕەی وشکەساڵی دادەخات؛22 بەنداو توانای خۆیان تێدەپەڕێنن

  • هەلی كۆتایی ئەمریكا بۆ ڕاگرتنی جەنگ؛ چاوەكان لەسەر ئێرانن

  • وتەكانی ترەمپ؛ هێرشەكانی ئێرانی بۆسەر هەرێمی كوردستان و حزبەكانی رۆژهەڵات زیاتر كرد

  • بەشداربووە لە ڕفاندنی ئێزدیەكان؛ عێراق ئەندامێكی داعش لە سێدارە دەدات

  • چۆن دووەم ئەندامی تیمی فڕۆكە ئێف 15 ەكەی ئەمریكا ڕزگاركرا؟

  • ئۆجەلان لە دەوڵەتەوە بۆ کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی و پاشان ئینتیگراسیۆن

  • ئاڵۆزی و هەڕەشە؛ ئێران بۆ سەردەمی بەردین و گورزی تێكشكێنەر بۆ ئەمریكا

  • جێگرەوەی وشكانی؛ نەوتی عێراق لە كاریگەری هورمز ڕزگار دەكات؟

  • هێرشەكان بۆسەر هەرێمی كوردستان چڕبوونەتەوە؛ كۆگایەكی رۆنی بەریتانی ئامانجی ئەم بەیانییەی درۆنێك بوو

سەرەکی