12 کاتژمێر پێش ئێستا
101 جار خوێنراوەتەوە
هەلی كۆتایی ئەمریكا بۆ ڕاگرتنی جەنگ؛ چاوەكان لەسەر ئێرانن
ناوەندی هەواڵ
دوای قسەوباس لەسەر پێشنیازی نێوبژیوانكاران لە پێناو ڕاگرتنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل، چاوەكان لەسەر ئێرانن، ئەگەری ئەوە هەیە ئێران ڕازیبێت بە ڕاگرتنی جەنگ بۆ ماوەی 45 رۆژ، ئەگەرنا پلانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ هێرشكردنە سەر ژێرخانی ئێران ئامادەیە.
بەڵام سەرچاوە ئەمریكی و ئیسرائیلی و هەرێمیەكان باس لەوە دەكەن هەلی گەیشتن بە رێككەوتنی كاتیی لەماوەی 48 كاتژمێری داهاتوودا لاوازە، باس لەوەشدەكرێت نێوبژیوانكاران كار بۆ ئەوەدەكەن متمانە لەنێوان هەردوولا دروست بكەن ئەویش لە رێگەی كردنەوەی گەرووی هورمز، جگە لەوەی باس لەو بڕە یۆرانیۆمە پیتێنراوەی ئێران دەكەن، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتێكی پێگەی ئاكسیۆسی ئەمریكی.

كات خەریكە تەواو دەبێت
بەوتەی سەرچاوەكان، تاران نایەوێت سازش لەبارەی گەرووی هورمز و پیتاندنی یۆرانیۆمەوە بكات لەبەرامبەر 45 رۆژ ئاگربەستدا، سەرەڕای ئەوەی نێوبژیوانكاران هۆشدارییان داوە كاتی زیاتر لەبەردەم ئێراندا نییە.
لایەنی ئێرانی تا ئەم ڕۆژانەش هەڵوێستێكی توندی بەرامبەر هەر پێشنیازێك بۆ ڕاگرتنی جەنگ هەبوو، داوای ڕاگرتنی یەكجاری جەنگ و گرەنتی دەستپێنەكردنەوەی دەكات.
پێش دوو ڕۆژ، عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی "ئێكس" ڕایگەیاند:"ئەوەی بەلامانەوە گرنگە ڕاگرتنی هەمیشەیی ئەو جەنگە ناشەرعیەیە كە بەسەرماندا سەپێندراوە".
محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی ئەنجومەنی شورای ئێران (پەرلەمان) هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكای ئیدانەكرد و ڕایگەیاند:"بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، ترەمپی گومڕا كردووە".
قاڵیباف لە تۆڕی ئێكس بۆ ترەمپی نووسیبوو:"كارە بێ بنەماكانتان ئەمریكا و خێزانەكانی بەرەو دۆزەخی ڕاستەقینە دەبات، ناوچەكەشمان هەمووی پێكەوە دەسوتێت لەبەر ئەوەی تۆ سوری لەسەر ئەوەی گوێ لە فەرمانەكانی نەتەنیاهۆ بگریت".
ئەم قسانە وەك لێدوانێكی نەرێنی بۆ پێشنیازەكەی ئەمریكا لێكدەدرێتەوە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی ئەوەیكرد بۆردومانی پرد و دامەزراوەكانی وزە و ژێرخانی ئێران دەكات و دەرگای دۆزەخ بەڕوویاندا دەكاتەوە، "ئەگەر تا ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ئێران لەگەڵیاندا ڕێكنەكەوێت".

گڵۆپی سەوز
بەرپرسێكی سەربازیی ئیسرائیل باسی لەوەكردووە، ئیسرائیل شەممەی ڕابردوو هێرشی كردووەتەسەر دامەزراوە گەورەكانی پترۆكیمیایی، لە چەند رۆژی داهاتووشدا چاوەڕێی ڕەزامەندی سەرۆكی ئەمریكا دەكەن، تا هێرش بكەنە سەر دامەزراوەكانی وزەی ئێران، ئەمەش وەك هەنگاوێك بۆ زیاتركردنی فشارەكان لەسەر ئێران، وەك ئاژانسی ڕۆیتەرز باسی كردووە.

دەستپێكردنی جەنگ
رۆژی 28 ی شوباتی 2026 جەنگ بە هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەستپێكرد، هەر لە یەكەم رۆژی جەنگەكەشدا عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران كوژرا و تائێستاش هەزاران كەس بەهۆی ئەو جەنگەوە لە ئێران و لوبنان و ناوچەكە كوژراون.
لەگەڵ بەردەوامیی جەنگی ئێران و ئەمریكا و ئیسرائیل، هەوڵەكانی نێوەندگیریش لەلایەن پاكستان و میسر و توركیاوە بەردەوامە، بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامێكی نەبووە، جگە لەوەی داخستنی گەرووی هورمز بەڕووی كەشتیوانیدا، نرخی وزە و كاڵا و پێداویستیەكانی بەرزكردووەتەوە و كاریگەرییەكەی سەرجەم جیهانی گرتووەتەوە.

-
کوردستان لاپەڕەی وشکەساڵی دادەخات؛22 بەنداو توانای خۆیان تێدەپەڕێنن
|
-
هەلی كۆتایی ئەمریكا بۆ ڕاگرتنی جەنگ؛ چاوەكان لەسەر ئێرانن
|
-
وتەكانی ترەمپ؛ هێرشەكانی ئێرانی بۆسەر هەرێمی كوردستان و حزبەكانی رۆژهەڵات زیاتر كرد
|
-
بەشداربووە لە ڕفاندنی ئێزدیەكان؛ عێراق ئەندامێكی داعش لە سێدارە دەدات
|
-
چۆن دووەم ئەندامی تیمی فڕۆكە ئێف 15 ەكەی ئەمریكا ڕزگاركرا؟
|
-
ئۆجەلان لە دەوڵەتەوە بۆ کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی و پاشان ئینتیگراسیۆن
|
-
ئاڵۆزی و هەڕەشە؛ ئێران بۆ سەردەمی بەردین و گورزی تێكشكێنەر بۆ ئەمریكا
|
-
جێگرەوەی وشكانی؛ نەوتی عێراق لە كاریگەری هورمز ڕزگار دەكات؟
|
-
هێرشەكان بۆسەر هەرێمی كوردستان چڕبوونەتەوە؛ كۆگایەكی رۆنی بەریتانی ئامانجی ئەم بەیانییەی درۆنێك بوو
|
|
|
|