5   کاتژمێر پێش ئێستا 128 جار خوێنراوەتەوە

وادە دەستورییەكە كۆتایی هاتووە؟؛ شیعەكان نەیانتوانی كاندیدی پۆستی سەرۆكوەزیران یەكلا بكەنەوە

ناوەندی هەواڵ

هەرچەندە ئەو 15 رۆژەی لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە بەپێی دەستور بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكوەزیران دیاریكراوە كۆتایی هات، بەڵام هێشتا ناڕوونی هەیە كە ئایا وادە دەستورییەكە كۆتایی هاتووە یاخودنا.

بەشێك لە پسپۆڕان دەڵێن ئەمڕۆ 27 ی نیسانی 2026 عێراق كەوتووەتە بۆشایی دەستورییەوە، لەگەڵ كۆتایی هاتنی ماوەی ئەو 15 رۆژەی بۆ پێشكەشكردنی كاندیدی سەرۆكوەزیران دیاریكراوە.

هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان نەیانتوانی لەسەر یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران بگەنە رێككەوتن، لەكاتێكدا ئێوارەی شەممە ویستیان لە كۆبوونەوەیەكدا ئەو پرسە یەكلا بكەنەوە، بەڵام كۆبوونەوەكە بۆ یەكشەممە دواخرا و یەكشەممەش كە دوا وادەبوو كۆبوونەوەكە بەهەمانشێوەی كۆبوونەوەی پێشوو دواخرا.

پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تێپەڕیوە، كە لە كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردوو ئەنجام درا، نیو مانگیش بەسەر هەڵبژاردنی نزار ئامێدی وەك سەرۆك كۆماری عێراق لە پەرلەمانەوە تێپەڕی.

چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان لە 12 سەركردەی لایەنە سیاسیەكان پێكدێن، ئەمەش پرۆسەی هەڵبژاردنی كاندیدێكی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران قورستر كردبوو، كە ببێتە جێگرەوەی محەمەد شیاع سودانی كە ئێستا سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراقە، هەرچەندە كاندیدەكان زۆربوون بۆ ئەو پۆستە.

بەوتەی چاودێران، چوونە ناو بۆشایی دەستورییەوە لە عێراق، چوارچێوەی هەماهەنگی تووشی شەرمەزاری كردووە، هەندێك لەلایەنەكانیش پاساوی ئەوە دەهێننەوە هیچ مەرجێكی سزادان نییە بۆ ئەوەی ئەگەر كاتەكە تێپەڕێت بگیرێتەبەر.

قسەی جیاواز لە بارەی وادە دەستورییەكە

لەوبارەیەوە، عەلی تەمیمی، پسپۆڕی یاسای دەستووری ڕایگەیاندووە: بەپێی ماددەی 76 دەستوور، دەبێت سەرۆك كۆمار لە ماوەی 15 ڕۆژی دوای هەڵبژاردنی، كاندیدی گەورەترین كوتلە ڕابسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت. ئەم ماوەیە پشووە ڕەسمیەكانیش دەگرێتەوە و ناوەستێت، كەواتە دەكرێت چەند ڕۆژێكی دیكە مابێت بۆ كۆتاییهاتنی وادە دەستورییەكە.

ئەوتەی ئەو پسپۆڕە یاساییە، كێشەكە ئەوەیە، دەستووری عێراق بە ڕوونی باسی ئەوەی نەكردووە كە ئەگەر لەو 15 ڕۆژەدا كاندید دیاری نەكرا، دەبێت چی بكرێت، ئەمەش جۆرێك لە بۆشایی یاسایی و سیاسیی دروست كردووە.

"ئەگەر كوتلەی گەورە شكستی هێنا لە پێشكەشكردنی كاندیدی سەرۆكوەزیران، سەرۆك كۆمار وەك پارێزەری دەستوور دەتوانێت پەنا بۆ دادگای فیدراڵی ببات، بۆ ئەوەی ڕێگەچارەیەكی یاسایی بۆ كێشەكە بدۆزێتەوە، بڕیاری دادگاش لەم بارەیەوە بۆ هەموو لایەنەكان پابەندكەر دەبێت". تەمیمی وا دەڵێت.

چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕێككنەكەوتن لەسەر كاندیدێك

چوارچێوەی هەماهەنگی كە گەورەترین كوتلەی ناو پەرلەمانی عێراقە، لە دوای ڕاسپاردنەكەی سەرۆك كۆمارەوە تەنها 15 ڕۆژی لەبەردەم بوو كە ناوی كاندیدێك پێشكەش بكات، بۆ ئەو مەبەستە بڕیار وابوو بۆ یەكلاكردنەوەی كۆتا كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران لە 18ـی نیسان كۆببوایەتەوە، بەڵام كۆبوونەوەكەی دواخست بۆ 20ـی نیسان واتە دووشەمە  و جارێكی دیكە چوارچێوەكە لە ماڵی عەمار حەكیم بۆ هەڵبژاردنی كاندیدێك كۆبوویەوە.

لەم كۆبوونەوەیەشدا، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی نەیانتوانی كاندیدێك بۆ پۆستەكە هەڵبژێرن و بڕیاریاندا كۆبوونەوەكەیان سێشەمەش درێژە بكێشێت و ڕۆژی چوارشەمە كاندیدی كۆتایی هەڵبژێرن، بەڵام بە هۆی ناكۆكییەكانی ناو چوارچێوەكەوە نەتوانرا كاندیدێك هەڵبژێردرێت.

لە 25ی نیسانیش، بڕیار وابوو كە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەمان مەبەست كۆبوونەوەیەكی دیكە ئەنجام بدات، بەڵام جارێكی دیكە بە هۆی ناكۆكییەكانی نێوان نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكی هاوپەیمانیی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان، كۆبوونەوەكە دواخرا، ئەمشەویشی جارێكی دیكە كۆبوونەوە دواخرا.

ئایا وادە دەستورییەكە كۆتایی هاتووە؟

بە پێی دەستووری عێراق ئەمشەو وادەی دەستووری كە ماوەی 15 ڕۆژە بە كۆتا دێت، بەڵام پێشووتر دادگای باڵای فیدڕاڵیی ڕاگەیاندبوو، ڕۆژانی پشوو هەینی و شەممە هەژمار ناكرێت، بەمەش دوا وادەی چوارچێوەكە دەكاتە كاتژمێر 12:00ـی شەوی چوارشەمە (29ـی نیسان).

بەڵام ناكۆكییەكانی ناو چوارچێوەكە لەوە قوڵترن كە ڕۆژی چوارشەمەش بتوانن كاندیدی كۆتایی بۆ پۆستەكە هەڵبژێرن، دوای تەواوبوونی ئەو وادەیەش ئەوە عێراق دەكەوێتە ناو بۆشایی دەستوورییەوە.

بەپێی دەستوور دوای تەواوبوونی ئەو وادەیە چی ڕوودەدات؟

مادەی 76ی دەستووری عێراق كە پێكهاتووە لە 5 بڕگە، چارەسەری بۆ زۆرێك لە بەربەستەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی نوێ داناوە، ئێستا كە وادەی 15 ڕۆژەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەرەو كۆتایی دەچێت، ئایا دەستوور چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا دەكات و چی ڕوودەدات؟

لە ئەگەری كۆتاییهاتنی ئەو 15 ڕۆژەدا، دەستووری عێراق باسی ئەم كێشەیەی نەكردووە و كەس نازانێت چۆن مامەڵە بە دەستوورەوە بكات، بۆیە تاكە ڕێگە لە بەردەم عێراقدا گەڕانەوەیە بۆ دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، تا لێكدانەوە و شیكردنەوە و ڕاڤەی نوێ بۆ ناوەڕۆكی مادەی 76 بكاتەوە، بۆ ئەمەش دەبێت سەرۆك كۆمار داوا لە دادگاكە بكات، تا بۆی ڕوونبكاتەوە، كە دووەم گەورەترین فراكسیۆن ڕابسپێرێت یان هاوشێوەی بڕگەكانی سێیەم و پێنجەمی ماددەكە خۆی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران و پێكهێنانی حكومەتی نوێ هەڵبژێرێت.

بڕگەكانی سێیەم و پێنجەم باسی چی دەكات؟

بەپێی بڕگەی سێیەم لە مادەی 76ـی دەستووری عێراق، ئەگەر كاندیدی هەڵبژێدراو لە ماوەی ئەو 30 ڕۆژەی كە بۆی دیارییكراوە بۆ پێكهێنانی حكومەتەكەی تێپەڕێت بەبێ پێكهێنانی حكومەت، ئەوا سەرۆك كۆمار كاندیدێكی نوێ ڕادەستپێدرێت بۆ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، بەمەش دەستوور دەسەڵاتی تەواوەتی داوە بە سەرۆك كۆمار بۆ دیارییكردنی كاندیدێكی تر.

بەپێی بڕگەی پێنجەمی مادەكەش، هەڵبژاردنی كاندیدێكی نوێ بە سەرۆككۆمار دەسپێدرێت لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا، كاتێك ئەو كاندیدەی كە پێشووتر لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە متمانەی بەدەست نەهێنا.

 بەڵام ئەم بڕگەیە ڕێبازی دیارییكردنی ناوی كاندیدێك لەلایەن سەرۆككۆمارەوە بە ڕوونی نەخستووەتەڕوو و ئاماژە بە گەورەترین كوتلەش نەكراوە، وەك ئەوەی كە لە بڕگەی یەكەمی ماددەكەدا هاتووە، بەمپێیە سەرۆك كۆمار سەرپشكە كە كێ وەك كاندید دیاریی دەكات.

تاكە چارەسەر چییە؟

تاكە چارەسەر لەم دۆخەدا گەڕانەوەیە بۆ دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، تا ڕاڤە بۆ ماددەكە بكات، ئاخۆ سەرۆك كۆمار بگەڕێتەوە بۆ بڕگەكانی سێیەم و پێنجەم یان دووەم گەورەترین فراكسیۆن ڕابسپێدرێت بۆ دیارییكردنی كاندید.

بەمەش جارێكی دیكە هەرچەندە دەستووری عێراق زۆرێك لە بەربەستەكانی چارەسەر كردووە، بەڵام هێشتا ناڕوونی و تێنەگەشتن لە ماددە و بڕگەكانی هەیە و پێویستیان بە هەموواركردنەوە هەیە.

جیاواز لەوەش، ئاخۆ ئەگەر عێراق كەوتە بۆشایی دەستوورییەوە، ئەوا دادگای باڵای فیدڕاڵیی ئەنجامەكانی كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە و جارێكی دیكە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام دەدرێت؟ هەڵبەت ئەو كات دەبێت دوای هەڵبژاردنەكە پەرلەمان جارێكی دیكە سەرۆك كۆمار هەڵبژێرێتەوە، وەڵامی ئەمانە لە چەند ڕۆژی داهاتوو و لە ئەگەری دیاریینەكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، دەدرێتەوە.

  • لە سودانەوە؛ زنجیرەیەكی نوێی ستراتیژی ئێران بۆ گەمارۆدانی ئیسرائیل

  • نەخشەی نوێی ناوچەکە؛ کێبڕکێی ئەمریکا و ئیسرائیل و بژاردە چارەنووسسازەکەی کورد

  • جیهان لە لێواری 100 جەنگدایە؛ بۆچی هەستی پێناکەین؟

  • وادە دەستورییەكە كۆتایی هاتووە؟؛ شیعەكان نەیانتوانی كاندیدی پۆستی سەرۆكوەزیران یەكلا بكەنەوە

  • دانیشتنێكی چاوەڕوان نەكراو لە دیمەشق؛ مەزڵوم عەبدی چاوی بە باڵیۆزی توركیا كەوت

  • دوای دەستخۆشی توركیا؛ پارتی بە چەپكێك گوڵی زەردەوە پیرۆزبایی لە پارێزگارە توركمانەكەی كەركوك كرد

  • ترەمپ بە ئامانجگیرایەوە؛ ساڵانێك لە هەڕەشە و هەوڵی تیرۆركردن

  • ژمارە و ڕێژەی هێرشەکان بە گوێرەی سنوری پارێزگاکانی هەرێم

  • ڤانس لە وەفدەكەدا نییە؛ ترەمپ هەریەك لە ویتكۆف و كۆشنەر بۆ بینینی عێراقچی دەنێرێت

سەرەکی