8 کاتژمێر پێش ئێستا
64 جار خوێنراوەتەوە
ژمارە و ڕێژەی هێرشەکان بە گوێرەی سنوری پارێزگاکانی هەرێم
ئیرادە میدیا
(لەماوەی ئاگربەستدا، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕوی ٤٨ هێرش بۆتەوە و لەسەرەتای جەنگەکەشەوە، ٦٩٥ هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان).
سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست، ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان.
لەدوای هەڵگیرسانی جەنگ و دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی سەدان هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هاژەک بوویەوە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی ئێران لە عێراق. بە جۆرێک لە سەرەتای شەڕەکەوە تاوەکو ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ڕۆژی ٨ی نیساندا، (٦٤٧) هێرش کرایە سەر هەرێمی کوردستان.
سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست، ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراق بەردەوامبوون لە هێرشەکانییان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و لە ٨ی نیسانەوە تاوەکو ٢٤ی نیسان، (٤٨) هێرشیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. بەمەش، لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا (٦٩٥) هێرش بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە. لەماوەی ئاگربەستدا، کامپ و بارەگای حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە عێراق ئامانجی سەرەکی هێرشەکان بوون. بەراورد بە پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەست، زۆرینەی هێرشەکان ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدراون.
هێرشەکان لە ٢٨ی شوباتەوە تاوەکو ڕاگەیاندنی ئاگربەست (٨ی نیسان)
سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی، لە ماوەی چل ڕۆژی شەڕەکەدا، لە ٢٨ی شوبات تاوەکو ٨ی نیسان، (٦٤٧) هێرشیان کردۆتە سەر هەرێمی کوردستان. زۆرینەی هێرشەکان بۆسەر کونسوڵخانە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەرێمدا بوون کە ژمارەیان (٢٧٧) هێرش بووە. بارەگاکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شوێنە مەدەنی نشینەکان، کێڵگەی نەوتی و پاڵاوگەکان، کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن، دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی نابەشدار لەو جەنگە بە پلەی دووەم دێن لە ڕێژەی بە ئامانجگرتن و (٢٢٤) جار بە ئامانجگیراون. کامپ و بارەگای حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان بە پلەی سێیەم دێن و (١٤٦) جار بوونەتە ئامانجی هێرشەکان. سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسە لە (٣١.٨٪)ی ئەو هێرشانە و گروپە هاوپەیوەندەکانیشی لە (٦٨.٢٪)ی هێرشەکانییان ئەنجامداوە و لە (٤٢.٨٪)ی هێرشەکان بۆسەر دامەزراوە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا بوون لە هەرێمی کوردستان.
هێرشەکان لەماوەی ئاگربەستدا (٨ بۆ ٢٤ی نیسان)
لەدوای ئەوەی کە لە ٨ی نیساندا، هەردوو لایەنی شەڕەکە ئاگربەستیان ڕاگەیاند و دانوستانەکانی (ئیسلام ئاباد) دەستیان پێکرد، پێشبینی ئەوە دەکرا کە هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستانیش بوەستێندرێن و ئاگربەست هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە. بەڵام سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراق بەردەوامبوون لە هێرشەکانییان. لەماوەی ئاگربەستدا، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی (٤٨) هێرش بۆتەوە. لەو ژمارەیە، سوپای پاسداران بەرپرسە لە (٧٥٪)ی هێرشەکان و گروپە هاوپەیوەندەکانیشی لە عێراق لە (٢٥٪)ی هێرشەکانیان لە کاتی ئاگربەستدا ئەنجامداوە. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە بەراورد بە پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەست، زۆرینەی هێرشەکان ڕاستەوخۆ لە لایەن سوپای پاسدارانەوە ئەنجامدراون. لەماوەی ئاگربەستدا، زۆرینەی هێرشەکان بۆ سەر بارەگای حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات بوون کە (٣٧) هێرش بوون و ڕێژەی (٧٧.١٪)ی کۆی هێرشەکان پێکدەهێنێت. بارەگاکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنە مەدەنی نشینەکان (٧) جار هێرشیان کراوەتە سەر کە ئەمەش (١٤.٦٪)ی هێرشەکان پێکدەهێنێت. لەماوەی ئاگربەستدا، دامەزراوە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا کەمترین هێرشیان کراوەتە سەر کە تەنیا (٤) هێرش بوون و ڕێژەی (٨.٣٪)ی کۆی هێرشەکان پێکدەهێنێت. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە سەرنجی سەربازی سوپای پاسدارانی ئێران لە ماوەی ئاگربەستدا، لە بە ئامانجگرتنی دامەزراوە و بارەگاکانی ئەمریکا لە هەرێمەوە گۆڕاوە بۆ بە ئامانجگرتنی بارەگا و کامپەکانی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان. هەروەها ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕ لە نێوان ئەمریکا و ئێران، گەرەنتی ڕاگرتنی هێرشەکانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ناکات.
سەرجەمی هێرشەکان (٢٨ی شوبات بۆ ٢٤ی نیسان)
لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا، (٦٩٥) هێرش بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە. لە (٣٤.٨٪)ی هێرشەکان ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدراون و گروپە هاوپەیوەندەکانیشی لە عێراق بەرپرسن لە لە (٦٥.٢٪)ی هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان.
بەهۆی هەبوونی کونسوڵخانەی گشتی و بارەگای سەربازی ئەمریکا لە هەولێر و زۆرترین کامپ و بارەگای سەربازی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات، زۆرینەی هێرشەکان بۆسەر سنوری پارێزگای هەولێر بوون. پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، بە پلەی دووەم و سێیەم و چوارەم دێن، لە ڕێژەی بە ئەمانجگرتنیان.
ژمارە و ڕێژەی هێرشەکان بە گوێرەی سنوری پارێزگاکان:
هەولێر: ٥٤٤ هێرش - ٧٨.٣٪
سلێمانی: ١٢٣ هێرش - ١٧.٧٪
دهۆک: ٢٢ هێرش - ٣.٢٪
هەڵەبجە: ٦ هێرش - ٠.٨٪
جۆری هێرشەکان
هێرشەکان لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، هاژەک، تۆپباران و تەقەکردنەوە ئەنجامدراون. بەشێوەیەک:
(٥٥١) هێرش لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە ئەنجامدراون.
(١٣١) هێرش لە ڕیگەی هاژەکەوە ئەنجامدراون.
(١٢) هێرش لە ڕێگەی تۆپبارانەوە ئەنجامدراون.
(١) هێرشیش لە ڕێگەی تەقەکردنەوە ئەنجامدراوە.
ئامانجی هێرشەکان
تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT، ئامانجی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەسەر سێ گروپدا پۆلێن کردووە. گروپی یەکەم دامەزراوە دیپلۆماسی و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکان لە هەرێمی کوردستان. گروپی دووەم حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە دەیان ساڵە لە هەرێمی کوردستانن و لە کامپ و ئۆردوگای تایبەت بە خۆیان نیشتەجێکراون. گروپی سێیەم، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەت.
-
ژمارە و ڕێژەی هێرشەکان بە گوێرەی سنوری پارێزگاکانی هەرێم
|
-
ڤانس لە وەفدەكەدا نییە؛ ترەمپ هەریەك لە ویتكۆف و كۆشنەر بۆ بینینی عێراقچی دەنێرێت
|
-
وردەكاری و بەڵگەكانی دەستبەسەرداگرتنی كۆشكێكی مەسرور بارزانی لە ئەمریكا
|
-
داعش چۆن سودی لە رێككەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق و كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا بینیوە ؟
|
-
ئەمریكا مەبەستی لە كام چەكانەیە كە دزراون و چی لایەنێكی كوردی و عێراقی ئەو كارەیان كردووە؟
|
-
دواین زانیاریی لەبارەی رێككەوتن و ئاگربەست؛ ترەمپ: گەمارۆ زیاتر لە بۆردومان ئێران دەترسێنێت
|
-
ترەمپ باسی ڕێككەوتن دەكات و میدیای ئەمریكا و ئێرانیش دەهۆڵی جەنگ دەكوتن
|
-
سێ سیناریۆكە چین؟؛ جارێكی تر چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەكلاكردنەوەی سەرۆكوەزیران كۆدەبێتەوە
|
-
وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئەمریكا ناردنی دۆلار و هاوكارییە سەربازییەكانی بۆ عێراق راگرتووە
|
|
|
|