3   کاتژمێر پێش ئێستا 93 جار خوێنراوەتەوە

نەخشەی نوێی ناوچەکە؛ کێبڕکێی ئەمریکا و ئیسرائیل و بژاردە چارەنووسسازەکەی کورد

کورد وەک نەتەوەیەکی زیندوو، لەبەردەم دوو پڕۆژەی سەرەکیدایە

ناوەندی هەواڵ

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدایە. لە کاتێکدا ئیسرائیل خەونی ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران دەبینێت و ئەمریکاش تەنها دەیەوێت "دەستەمۆی" بکات، کورد لە نێوان دوو پڕۆژەی دژبەیەکدا گیری خواردووە: پڕۆژەیەک کە مێژووەکەی پڕە لە کارەسات و پارچەپارچەبوون، و پڕۆژەیەکی نوێ بە ناوی "ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک" کە ئێستا وەک تاقە ڕێگەی دەربازبوون و چەسپاندنی مافی گەلان لە نێو دەوڵەتێکی دیموکراتیکدا دەبینرێت. ئەم ڕاپۆرتە وردەکاریی ململانێی زلهێزەکان و پێگەی کورد لەم نەخشە نوێیەدا دەخاتە ڕوو.

نەخشەی نوێی ناوچەکە؛ کێبڕکێی ئەمریکا و ئیسرائیل و بژاردە چارەنووسسازەکەی کورد

قەیرانی وزە و شکستی گریمانەکان

دوای هێرشەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ناوچەکە پێی ناوەتە قۆناغێکی ئاڵۆز. واشنتۆن و تەلئەبیب وایان دەزانی دەتوانن بە ئاسانی تاران بەچۆکدا بهێنن، بەڵام شێوازی "شەڕی ناڕاستەوخۆ"ی ئێران و گواستنەوەی شەڕ بۆ وڵاتانی دراوسێ، لەگەڵ هەڕەشەی داخستنی گەروی هورمز، گەورەترین قەیرانی وزەی دروستکرد. ئەمە وایکرد ئەمریکا و ئیسرائیل تێبگەن کە یارییەکە لەوە قورسترە کە بیریان لێ دەکردەوە.

درزی نێوان واشنتۆن و تەلئەبیب

ئێستا جیاوازییەکی ڕیشەیی لە تێڕوانینی ئەم دوو هاوپەیمانەدا هەیە:

ئیسرائیل: ستراتیژییەتەکەی لەسەر بنەمای "ڕووخاندنی ڕژێم و هەڵوەشاندنەوەی ئێرانە".

ئەمریکا: ئامانجەکەی تەنها "دەستەمۆکردنی ڕژێم" و گۆڕینیەتی بۆ دەوڵەتێکی یاسایی کە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نەک ڕووخانی تەواوەتی کە ببێتە هۆی پشێوییەکی گەورەتر.

پلانەکەی ئیسرائیل چۆن شکستی هێنا؟

 تاران بۆچی بەردەوام بۆردوومانی پاک لە سنورەکانی هەولێر دەکات؟

ئیسرائیل هەوڵیدا لە ڕێگەی هاوکاریی "پارتی دیموکراتی کوردستان" و هێزەکانی "پاک"ەوە بەرەیەکی هێرش لە باکوورەوە بکاتەوە، بەڵام تورکیا بەم پلانەی زانی و ڕێگری لێکرد، ئەمەش ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیلی گەیاندە لوتکە. ئێران وەک وەڵامدانەوەیەک، بنکەکانی "پاک"ی لە پارێزگای هەولێر بۆردومان کرد، ئەمەش نیشانەی ئەوە بوو کە تاران ڕێگە بە هیچ جوڵەیەکی زەمینی نادات.

دیدگای ئەمریکا؛ دەوڵەتێکی پەرلەمانی نەک میلیشیایی

پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و بافڵ تاڵەبانی ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ ئەم دیدگایە. ئەمریکا دەیەوێت ئێران و عێراق لە وڵاتی "میلیشیا و عەقیدە"وە بگۆڕێت بۆ دەوڵەتی "یاسایی و دامەزراوەیی". یەکێتیی نیشتمانی و تەنانەت بەشێک لە هێزە شیعییەکانیش لەسەر ئەو بڕوایەن کە نابێت لە چوارچێوەی دەوڵەتدا چەندین هێزی چەکداری جیاواز هەبن. ئەم تێڕوانینە وایکرد پڕۆژەی "هێرشی زەمینی" ئیسرائیل بۆ سەر ئێران پەکبکەوێت و بخرێتە ڕەفەکانەوە.

کورد لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدایە ؟

کورد وەک نەتەوەیەکی زیندوو، لەبەردەم دوو پڕۆژەی سەرەکیدایە:

پڕۆژەی دابەشکردن و گۆڕینی سنوورەکان: کە هاوتایە لەگەڵ دیدگای ئیسرائیل. ئەم پڕۆژەیە زۆرترین دژایەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی (بە تایبەت ئەمریکا)ی لێدەکرێت و تا ئێستا کارەساتی گەورەی بۆ کورد بەدوای خۆیدا هێناوە.

پڕۆژەی "ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک": ئەمە پڕۆژەی عەبدوڵا ئۆجەلانە. بنەماکەی لەسەر ئەوەیە کە کورد پێویستە لە ناوچەکەدا وەک هێزێکی دیموکراتیک خۆی ڕێکبخاتەوە. ئەم پڕۆژەیە کار لەسەر دروستکردنی دەوڵەتێک دەکات کە لەسەر بنەمای "هاوڵاتیبوون" بێت، نەک جیاوازیی نەتەوەیی و مەزهەبی.

دەرئەنجام

بە پێی ئەو هەل و مەرجانەی هەرچوار پارچەکەی کوردستانی تێدایە و دابەش کراون بەسەر چوار دەوڵەتی نەتەوەیی، عەقیدەیی و فاشیستی پڕۆژەی دووەم (ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک) تاقە ڕێگەیە کە بتوانێت مافی گەلان بپارێزێت و لە هەمان کاتدا لەگەڵ واقیعی نوێی جیهانیدا بگونجێت. کورد ئەگەر بیەوێت لە ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگەی ببێتەوە، پێویستە لەنێوان "بوونی بە ئامرازی شەڕی زلهێزەکان" و "بونیادنانی سیستەمێکی دیموکراتیکی سەربەخۆ"، بژاردەی دووەم هەڵبژێرێت.

  • لە سودانەوە؛ زنجیرەیەكی نوێی ستراتیژی ئێران بۆ گەمارۆدانی ئیسرائیل

  • نەخشەی نوێی ناوچەکە؛ کێبڕکێی ئەمریکا و ئیسرائیل و بژاردە چارەنووسسازەکەی کورد

  • جیهان لە لێواری 100 جەنگدایە؛ بۆچی هەستی پێناکەین؟

  • وادە دەستورییەكە كۆتایی هاتووە؟؛ شیعەكان نەیانتوانی كاندیدی پۆستی سەرۆكوەزیران یەكلا بكەنەوە

  • دانیشتنێكی چاوەڕوان نەكراو لە دیمەشق؛ مەزڵوم عەبدی چاوی بە باڵیۆزی توركیا كەوت

  • دوای دەستخۆشی توركیا؛ پارتی بە چەپكێك گوڵی زەردەوە پیرۆزبایی لە پارێزگارە توركمانەكەی كەركوك كرد

  • ترەمپ بە ئامانجگیرایەوە؛ ساڵانێك لە هەڕەشە و هەوڵی تیرۆركردن

  • ژمارە و ڕێژەی هێرشەکان بە گوێرەی سنوری پارێزگاکانی هەرێم

  • ڤانس لە وەفدەكەدا نییە؛ ترەمپ هەریەك لە ویتكۆف و كۆشنەر بۆ بینینی عێراقچی دەنێرێت

سەرەکی