2 کاتژمێر پێش ئێستا
32 جار خوێنراوەتەوە
لە دواین دیداری دەوڵەتی تورکیا و ئۆجەلان چی روویدا؟؛ موراد قەرەیلان:دەوڵەت پرۆسەی ئاشتی ڕاگرتووە
ناوەندی هەواڵ
موراد قەرەیلان، فەرماندەی هێزەكانی پەكەكە ڕایگەیاند، دەوڵەت پڕۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیكی ڕاوەستاندووە، دەشڵێت دیاریكردنی پێگەی عەبدوڵا ئۆجەلان و هەنگاوە یاساییەكان مەرجن بۆ ئەوەی پرۆسەكە بەرەو پێشەوە بچێت.
موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل سەبارەت بە چارەنووسی "پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك"، ڕایگەیاند: ئێستا پڕۆسەكە هەڵپەسێردراوە و ڕایانوەستاندووە، بە ئاشكرا دیارە كە لەژێر كاریگەری ڕووداوە هەرێمییەكان و هەندێك قۆناغی ناوخۆیی، هێزە بڕیاردەرەكانی پڕۆسەكە، ئەمەیان بە گونجاو زانیوە، بۆیە هەنگاونانیان ڕاوەستاندووە یان دوایان خستووە، وێڕای ڕاپۆرتی رەسمی كە لە ئەنجامی كاری مانگانەی كۆمسیۆنەكە لە پەرلەمان ئامادە كراوە، بەرەوپێش نەبردنی پڕۆسەكە هیچ ڕوونكردنەوەیەك هەڵناگرێت.

نەبوونی دیدار لەگەڵ ئۆجەلان لەم مانگەدا شتێكی ئاسایی نییە
موراد قەرەیلان وتیشی: نەبوونی كۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان لەم مانگەدا شتێكی ئاسایی نییە، هەروەها نیشانەیەكی مەترسیدارە بۆ داهاتووی پرۆسەكە.
ئەو فەرماندەیەی پەكەكە دەڵێت: لەم دواییانەدا، لە 27ی ئادارا، وەفدێكی دەوڵەت و شاندێكی دەم پارتی، كۆبوونەوەیەكی هەمەلایەنەیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجامدا، كە چاوەڕوانییەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام ئەوەندەی تێ بگەین، ئەو تەوەرانەی لە كۆبوونەوەكاندا باسكراون ئەنجامێكی وەهای لێ كەوتەوە كە دەسەڵات و دەوڵەت ئەم پرۆسەیە هەڵپەسێرێت و بیوەستێنێت.
"پاش ئەم گفتوگۆیە، هەروەها بە كاریگەریی ڕووداوە هەرێمییەكان و هەندێك پرۆسەی ناوخۆیی، هێزە بڕیاربەدەستەكان بە گونجاویان زانیوە كە هەنگاوەكان بوەستێنن یان دوای بخەن، بە هەبوونی ئەو ڕاپۆرتە رەسمییەی بەرئەنجامی كاری چەندین مانگی كۆمیسیۆنەكەی پەرلەمان، بەرەوپێش نەچوونی پرۆسەكە، جگە لەمە هیچ لێكدانەوەیەكی تر هەڵناگرێت." موراد قەرەیلان وای وت.
ئەو فەرماندەیەی پەكەكە لە كۆتایدا دەڵێت: سەیر بكەن، 30 هەڤاڵمان چەكەكانیان سووتاند و ڕایانگەیاند كە بۆ گەڕانەوە ئامادەن. توانیان بچنە هیچ شوێنێك؟ نەخێر. هەر بۆیە لە پێناو سەلامەتی ناچار بوون جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ ناوچەی ئێمە. لە دۆخێكی لەم شێوەیەدا داخوازیی دانانی هەموو چەكەكان و چۆڵكردنی هەموو سەنگەرەكان كە گوایە دوای ئەنجامدانی ئەمە، بڕیارە یاساییەكان دەدرێن، بە مانای گاڵتەكردن بە عەقڵی خەڵك و ڕاستییە مەیدانییەكان دێت .

دەم پارتی هۆشداری دایە دەوڵەتی تورکیا
دوێنێ تولای هاتەم ئۆغوڵاری، هاوسەرۆكی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان(دەم پارتی) لە كۆبوونەوەی گشتی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا ڕایگەیاند: ئێمە ئەمە قبووڵ ناكەین، لەم پڕۆسەیەدا كە باسی ئاشتی دەكەین، ئەمجۆرە ئۆپەراسیۆنانە جێگەی قبووڵكردن نین و لەگەڵ ڕۆحی پڕۆسەكەدا ناگونجێن. هاوسەرۆكی دەم پارتی ئاماژەی بەوەدا، بانگەوازی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك ڕێگایەكی نوێی بۆ توركیا كردوەتەوە و لەم پڕۆسەیەدا پەكەكە پێش هەموو شتێك كۆتایی بە كار و چالاكییەكانی و شەڕی چەكداری هێنا، بۆیە پێویستە بۆ بەدیهاتنی ئاشتی، هەموو كارێك لەسەر بنەمای هەنگاوی یاسایی بەرەو پێش بچێت، بەڵام لە دۆخێكی وادا حكومەت بە ترسنۆكییەوە مامەڵە دەكات ئەم هەڵوێستە پڕۆسەكە دوادەخات.
هەر لە درێژەی قسەكانیدا تولای هاتەم ئۆغوڵاری وتی: ئەگەر هەنگاو نەنرێت دەستی ئەوانەی دژایەتی پرۆسەكە دەكەن بەهێزتر دەبێت، بۆیە بە دەسەڵات دەڵێین؛ ئەوانەی ئاشتییان ناوێت دڵخۆشن بەوەی هەنگاو نانرێت لە پرۆسەكە.
"پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیارە، ئاشتی لە نێو ئەم پێشهاتانەدا پێویستییەكی گەورەیە، پێویستە دەسەڵات واز لە گریمانە و پشتڕاستكردنەوە بهێنێت و بۆ دەركردنی یاسا هەنگاو بنێت". هاوسەرۆكی دەم پارتی وای وت.

بۆ ئێمە ئاشتیی بابەتی بازرگانیکردن نییە
توڵای هاوكات ئەوەی خستەڕوو، پێویستە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەكی شكۆمەندانە لەم وڵاتەدا هەنگاو بنرێت و وتی: چی دەبێت با ببێت ئاشتی بنیات دەنین، بۆ ئێمە ئاشتیی بابەتی بازرگانیکردن نییە، بابەتی شەرەفە، پەكەكە بە بانگەوازی عەبدوڵا ئۆجالان دەستبەرداری خەباتی چەكداری بوو و دەیەوێت سیاسەتی دیموكراتیك دەستپێ بكات، ئایا ئێوە چی دەكەن؟ بە ساڵانە دەڵێن با چەك دابنێن و بەشداری كاری سیاسەت بن، ئێستا چاوەڕێی چی دەكەن؟هاوسەرۆكی دەم پارتی جەختیكردەوە، دانانی یاسا دەبێتە بناغەی كۆماری دیموكراتیك و ئێستا دەرفەتێكی مێژوویی لەبەردەمدایە، نابێت ئەم دەرفەتە بەفیڕۆ بدرێت،دەشڵێت ئێمە باوەڕمان بە ئاشتییەكی شكۆمەندانە هەیە، بۆیە بۆ ئاشتییەكی شكۆمەندانە بەردەوام دەبین لە هەوڵ و تێكۆشانەكانمان.
هەر لە قسەكانیدا توڵای جەختیكردەوە، ئەوان وەك دەم پارتی بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بگاتە ئەنجامێكی سەركەوتوو هەموو هەوڵێكی خۆیان دەدەن و ئەم ئەرك و ڕەنجە لە ئەستۆ دەگرن.
ئۆجەلان لە دواین پەیامیدا چی وتووە؟
عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانكراوی پەكەكە لە دواین بانگەوازیدا لە زیندانی ئیمراڵییەوە ڕایگەیاندووە، درێژەدان بە هەبوونی گەلێك، ڕاستەوخۆ گرێدراوە بە هێزی گۆڕانكاریی بە گوێرەی سەردەم، هەر بونیادێكی كۆمەڵایەتی كە نەتوانێت دینامیكی ناوخۆیی خۆی بگۆڕێت و لەسەر بنەمایەكی دیموكراتیك بنیاتی بنێتەوە، ناتوانێت درێژە بە مانەوەی بدات.ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستە لە پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەكاندا، چارەسەری دیموكراتیك و دانوستان بەبنەما بگرین، لە پەیوەندییە ناوخۆییەكانیشدا، لە بری توندوتیژی، سیاسەتی دیموكراتیك و یاسا بەبنەما بگرین، ڕێگەی یەكێتی دیموكراتیك، بە دانوستانی دیموكراتیكدا تێدەپەڕێت.
لە كۆتایی پەیامەكەشیدا عەبدوڵا ئۆجەلان دەڵێت: ئەم قۆناغەی بەردەممان، بۆ گەلی كورد قۆناغی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەیە، بناغەی ئەم بنیاتنانەش یەكێتیی دیموكراتیك و سیاسەتی دیموكراتیك و دانوستانی دیموكراتیكە، هەر هەنگاوێك لەسەر ئەم بناغەیە بنرێت، ئاییندەی هاوبەشمان بنیات دەنێت.

-
بۆچی پاسپۆرتی عێراقی قورسایی نەماوە؟
|
-
ئابڵوقە شوێنی بۆردومان دەگرێتەوە؛ ئەمریكا هەوڵی هاوپەیمانییەك بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز دەدات
|
-
لە دواین دیداری دەوڵەتی تورکیا و ئۆجەلان چی روویدا؟؛ موراد قەرەیلان:دەوڵەت پرۆسەی ئاشتی ڕاگرتووە
|
-
بەرپرسانی هەرێم گوێیان بە فشار و داواكاریەكان نەدا و بودجەی پێشمەرگەیان بە بڕیندا
|
-
عێراق لێخۆشبوون بۆ رۆژنامەنوسان دەردەكات؛ حكومەتی هەرێمیش بێ بەڵگە رۆژنامەنوسانی كردووەتە كونجی زیندان
|
-
سێ قۆناغ؛ وردەكاری پێشنیارە نوێیەكەی ئێران كە ئەمریكا ڕەتیكردەوە
|
-
با پێكەوە ئەم گرێیە بكەینەوە؛ هۆکاری پێكنەهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان چییە؟
|
-
حكومەت بە ترسەوە هەنگاو دەنێت؛ دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی هۆشداری دەدات
|
-
بەهۆی جەنگ لەگەڵ ئێران وەزیری بەرگریی ئەمریكا بانگهێشتی كۆنگرێس دەكرێت
|
|
|
|