1 کاتژمێر پێش ئێستا
59 جار خوێنراوەتەوە
ئابڵوقە شوێنی بۆردومان دەگرێتەوە؛ ئەمریكا هەوڵی هاوپەیمانییەك بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز دەدات
ناوەندی هەواڵ
لە نێوان خستنەڕووی پێشنیار و ڕەتكردنەوەی و بەردەوامیدان بە دۆخی نە شەڕ و نە ئاشتی، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە گشتیی چاوەڕێی دوا پەیامەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران دەكەن. رێبەری ئێرانیش لە پەیامێکدا باس لە گۆڕینی هاوکێشەکان لە گەرووی هورمز دەکات.
ئەو دۆخەی لە گەرووی هورمز هەیە هەر رۆژێك درێژەكێشانی زیانەكانی لەسەر ئابوری زیاتر دەكات و نرخی وزەش بەرزتر دەكاتەوە.

ئێران پێشنیاری كردبوو كۆتایی هاتنی جەنگ و كردنەوەی هورمز پێكەوە بن،قسەكردنیش لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی بخرێتە قۆناغی داهاتوو، بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە هیچ شێوەیەك بەم پێشنیارە ڕازی نییە.بۆیە بڕیاری داوە درێژە بە ئابڵوقەی دەریایی سەر ئێران بدات.
بەپێی میدیای ئەمریكا، ترەمپ فەرمانی بە یاریدەدەرەكانی كردووە ئامادەبن بۆ ئابڵوقەی درێژخایەنی سەر ئێران، تا ئێران ناچار بێت لە بەرنامە ئەتۆمیەكەی پاشەكشە بكات و خۆی بدات بە دەستەوە.
بەڵام رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشكرایكردووە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هانی وڵاتان دەدات پەیوەندی بە هاوپەیمانییەكی نوێی نێودەوڵەتییەوە بكەن كە كار بۆ پاراستنی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز دەكات.
وەك ئەو رۆژنامەیە باسی كردووە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دیپلۆماتكارانی ئەمریكای لە كونسوڵخانە و باڵیۆزخانەكان ئاگاداركردووەتەوە فشار لە وڵاتان بكەن پەیوەندی بەو هاوپەیمانییە نوێیەوە بكەن.
ئەو داوایەی ئەمریكا دوای لێدوانێكی چەند هەفتە لەمەوبەری ترەمپ دێت، كە وتی گەرووی هورمز كراوەتەوە و ئامادەیە بۆ كاركردن.

لە چەند رۆژی رابردوودا ترەمپ لەگەڵ لێپرسراوانی ئیدارەكەی بژاردەی درێژەدان بە گوشاری سەر كەرتی ئابوری و هەناردەی نەوتی ئێرانی هەڵبژاردووە، ئەویش لە رێی ئابڵوقەی دەریاییەوە كە ناهێڵن جموجوڵی بازرگانیی هەبێت نە كەشتی بچێتە بەندەرەكانی ئێران و نە كەشتیی لێیانەوە بڕوات.ئەمەش بەلای سەرۆكی ئەمریكاوە لە بژاردەی دەستپێكردنەوەی جەنگ و بۆردومان یاخود كشانەوە لە ململانێكە باشترە.
ئەم دۆخەی گەرووی هورمز و نێوانی ئەمریكا و ئێران، كاریگەری لەسەر ناوچەكەو جیهانیش جێهێشتووە، نرخی وزە تادێت بەرزدەبێتەوە، بەڵام پێدەچێت ئەم دۆخە بەردەوام بێت تا دۆخێكی نوێ دێتە ئاراوە و نەخشەی داهاتووی ناوچەكە دەكێشرێتەوە.ئەوەش لەكاتێكدایە دوای 40 رۆژ لە جەنگ كە 28 ی شوباتی ئەمساڵ دەستیپێكرد، ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە هەشتی نیسان چوونە ئاگربەستەوە كە تائێستاش درێژەی هەیە.

رێبەری ئێران پەیامی هەیە
موجتەبا خامنەیی، لە پەیامێکدا بەبۆنەی "رۆژی نیشتمانیی کەنداوی فارس" لە ئێران، نەخشەڕێگەیەکی سیاسی و ئەمنی نوێی بۆ ناوچەکە ڕاگەیاند و جەختی لەسەر گۆڕینی هاوکێشەکان لە گەرووی هورمز کردەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە، دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر ئەوەی بە "گەورەترین لەشکرکێشی و دەستدرێژی زۆردارانی جیهان" وەسف کراوە، ئێستا وەرزێکی نوێ لە کەنداوی فارس و گەرووی هورمز دەستی پێکردووە کە تێیدا ئەمریکا تووشی شکستێکی "شەرمەزارانە" بووە.
لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، داهاتووی ناوچەکە "داهاتوویەکی بێ ئەمریکا" دەبێت و بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە توانای پاراستنی ئاسایشی خۆیشیان نییە.
خامنەیی لە پەیامەکەیدا باس لە چەسپاندنی بەڕێوەبردنی نوێی گەرووی هورمز دەکات، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو بابەتەی کە ئەو بە خراپ بەکارهێنانی گەرووی هورمز لەلایەن "دوژمنی شەڕخواز" ناوی بردووە.
موجتەبا خامنەیی جەخت دەکاتەوە، ئەم سەرکەوتنانەی لە گەرووی هورمز بەدەستیان هێناوە دەستپێکی سیستمێکی نوێی ناوچەیی و جیهانییە کە لە سایەی "ستراتیژی ئێرانی بەهێز" بەدی هاتووە.
-
بۆچی پاسپۆرتی عێراقی قورسایی نەماوە؟
|
-
ئابڵوقە شوێنی بۆردومان دەگرێتەوە؛ ئەمریكا هەوڵی هاوپەیمانییەك بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز دەدات
|
-
لە دواین دیداری دەوڵەتی تورکیا و ئۆجەلان چی روویدا؟؛ موراد قەرەیلان:دەوڵەت پرۆسەی ئاشتی ڕاگرتووە
|
-
بەرپرسانی هەرێم گوێیان بە فشار و داواكاریەكان نەدا و بودجەی پێشمەرگەیان بە بڕیندا
|
-
عێراق لێخۆشبوون بۆ رۆژنامەنوسان دەردەكات؛ حكومەتی هەرێمیش بێ بەڵگە رۆژنامەنوسانی كردووەتە كونجی زیندان
|
-
سێ قۆناغ؛ وردەكاری پێشنیارە نوێیەكەی ئێران كە ئەمریكا ڕەتیكردەوە
|
-
با پێكەوە ئەم گرێیە بكەینەوە؛ هۆکاری پێكنەهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان چییە؟
|
-
حكومەت بە ترسەوە هەنگاو دەنێت؛ دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی هۆشداری دەدات
|
-
بەهۆی جەنگ لەگەڵ ئێران وەزیری بەرگریی ئەمریكا بانگهێشتی كۆنگرێس دەكرێت
|
|
|
|