17 کاتژمێر پێش ئێستا
223 جار خوێنراوەتەوە
سەردەشت عوسمان؛ ئەو رۆژنامەنوسەی لەسەر خەیاڵەكانی تیرۆر كرا
ناوەندی هەواڵ
"ئەوەی ئێمە دەترسێنێت بەردەوامیی ئەم رۆژگارەی ئێستایە"، سەردەشت عوسمان ئەو قەڵەمەی 16 ساڵ لەمەوبەر شێوازی مردنەكەی هەڵبژارد.
سەردەشت یەكێك لەو رۆژنامەنوسانەی لە هەرێمی كوردستان تیرۆركردنەكەی زۆرترین دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، لە رۆژی 4-5-2010 لە هەولێر رفێنرا و دوو رۆژ دواتر تەرمەكەی لەسەر رێگای موسڵ دۆزرایەوە.

سەندیكای رۆژنامەنوسان بە تیرۆر تۆماری نەكردووە
سەندیكای رۆژنامەنوسان كوژرانی سەردەشت عوسمانی بە تیرۆر تۆمار نەكردووە، تائێستاش كەسوكارەكەی و چالاكوانان داوای بە سزاگەیاندنی بكوژانی دەكەن و پێیان وایە لەسەر چەند وتارێك تیرۆر كراوە.
هەرچەندە سەنتەری میترۆ وەك رۆژنامەنوسێكی تیرۆر كراو هەژماری كردووە. بەڵام قسەی بەرپرسانی ئەمنیی ئەوكاتی هەولێر ئەوەبوو كە ڕووداوەكە كارێكی تیرۆریستی بووە.
چۆن تیرۆر کرا؟
سەردەشت عوسمان لە 25 ی كانوونی یەكەمی 1987 لە هەولێر لەدایكبووە، خوێندكاری بەشی زمانی ئینگلیزی بوو لە كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدین، لە كاتژمێر هەشتی بەیانیی چواری ئایاری 2010 لەبەردەم زانكۆی سەڵاحەدین لەلایەن چەند چەكدارێكەوە ڕفێنرا، دوای دوو رۆژ لە دیارنەمانی لە شەوی 6 ی ئایاری 2010 تەرمەكەی لە دەوروبەری موسڵ بە قۆڵبەستكراوی دۆزرایەوە.

بابەتەكانی ڕەخنەگرانەبوو بەرامبەر حكومەت و دەسەڵات
سەردەشت بەوە ناسراوبوو بابەتەكانی ڕەخنەگرانەبوو بەرامبەر حكومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان، ئەو پێش مردنی ئاماژەی بەوەكردبوو چەندین جار لایەنی پەیوەندیداری لەو هەڕەشانە ئاگادار كردووەتەوە كە لێی كراون، پێش تیرۆركردنیشی بابەتێكی بڵاوكردەوە و داوا لە بكوژانی دەكات مەرگێكی شایستە بە ژیانەكەی پێببەخشن، دەڵێت "دووعا دەكەم مردنێكی تراژیدیام پێ ببەخشن كە شایستەی ژیانە تراژیدیاییەكەم بێت، ئەوەی ئێمە دەترسێنێت بەردەوامی ئەم رۆژگارەی ئێستایە بۆ نەوەی داهاتوو، نەك مردنی خۆمان، كاری منیش خۆشبەختی برا بچوكەكانمە نەك خۆم".

"خۆشحاڵم، كە هەمیشە شتێكم هەیە بۆ وتن"
سەردەشت عوسمان هەروەها دەشڵێت "خۆشحاڵم، كە هەمیشە شتێكم هەیە بۆ وتن و كەسانێك نایانەوێت بیبیستن، بەڵام هەركاتێك ئێمە بە چرپە قسە دەكەین ئەوا ئەوان گوێچكەكانیان نائارام دەبن، تا ئەو شوێنەی كە ماوین دەبێت قسەبكەین".

چەندین ڕۆژنامەنووسی دیكە تیرۆركراون
جگە لە سەردەشت عوسمان چەندین ڕۆژنامەنووسی دیكە تیرۆركراون وەك (سۆرانی مامە حەمە، كاوە گەرمیانی،مامۆستا عبدالستار، ئەركان شەریف، وەدات حسێن) نمونەی زەقی ئەو قوربانیانەن،كە بكەران یان پلانداڕێژەری ئەم تاوانانە، نەناسراون یان ناسراون و بە ئازادانە لەناوماندان و دەسەڵاتی یاسا لەبەردەمیان لاوازە و تۆمەتباران بە سزای یاسایی خۆیان ناگەیەنرێن.

ئاماری تیرۆری رۆژنامەنوسان
بەپێی ئامارێكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، لە نێوان ساڵانی 1999 تا 2019 واتە لەماوەی 10 ساڵدا 39 رۆژنامەنوس تیرۆر کراون یاخود لە كاتی روماڵدا گیانیان لەدەستداوە، لە ساڵی 1999ەوە تا ساڵی 2025 لە هەرێمی كوردستان 42 رۆژنامەنوس تیرۆر کراون.
رۆژی سێی ئایار، لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە لە ساڵی 1993 ەوە وەك رۆژی جیهانیی ئازادی رۆژنامەوانی دیاریكراوە.واتە رۆژێك پێش رفاندن و پاشان تیرۆركردنی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان.

پێشێلكردنی ئازادییەكان بەردەوامە
بەگوێرەی راپۆرتەكانی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان، تەنها لە ساڵی ڕابردوودا 315 پێشێلكاری بەرامبەر بە 252 رۆژنامەنوس لە هەرێمی كوردستان تۆماركراوە، ئەوەش لەكاتێكدایە ساڵی 2026 یش پێشێلكردنی ئازادییەكان بەردەوامە و دوو كەناڵ لە هەرێمی كوردستان داخراون و دوو رۆژنامەنوسیش بەناوەكانی شێروان شێروانی و قارەمان شوكری لە زینداندان.
-
ئاشتی لە نێوان گومانی كورد و دڵنیاییەكانی حكومەتی توركیادا
|
-
ململانێی وەزارەت؛ ئەركی سەرۆكوەزیرانە راسپێردراوەكەی عێراق قورس دەكات
|
-
سەردەشت عوسمان؛ ئەو رۆژنامەنوسەی لەسەر خەیاڵەكانی تیرۆر كرا
|
-
داتای 2026؛ ئازادی رۆژنامەوانی لەسەر ئاستی جیهان دابەزیوە
|
-
پێشنیارە 14 خاڵییەکەی ئێران بۆ ئەمریکا؛ کۆتایی بە ململانێ دەهێنێت؟
|
-
بۆچی پاسپۆرتی عێراقی قورسایی نەماوە؟
|
-
ئابڵوقە شوێنی بۆردومان دەگرێتەوە؛ ئەمریكا هەوڵی هاوپەیمانییەك بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز دەدات
|
-
لە دواین دیداری دەوڵەتی تورکیا و ئۆجەلان چی روویدا؟؛ موراد قەرەیلان:دەوڵەت پرۆسەی ئاشتی ڕاگرتووە
|
-
بەرپرسانی هەرێم گوێیان بە فشار و داواكاریەكان نەدا و بودجەی پێشمەرگەیان بە بڕیندا
|
|
|
|