13   کاتژمێر پێش ئێستا 382 جار خوێنراوەتەوە

ئاشتی لە نێوان گومانی كورد و دڵنیاییەكانی حكومەتی توركیادا

ئەنقەرە جەخت لە چەكدانانی پەكەكە دەكاتەوە، پەكەكەش حكومەتی توركیا بە سڕكردنی پرۆسەكە تۆمەتبار دەكات

ناوەندی هەواڵ

پرۆسەی ئاشتی لە توركیا كە دەوڵەت بە ناوی "توركیای بێ تیرۆر" و كورد بە ناوی "پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك " ناوی دەبات دوای زیاتر لە ساڵ و نیوێك پاش دەستپێكردنی چەقی بەستووە و پەكەكە گومانی هەیە لەوەی ئەو پرۆسەیە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە ڕاگیراوە، حكومەتیش جەخت دەكاتەوە پرۆسەكە بە بێ ئاستەنگ تێدەپەڕێت و پێویستە ئەو حزبە چەكەكانی ڕادەست بكات.

سەركردە باڵاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە قەندیلەوە هۆشداری دەدەن كە پرۆسەی ئاشتی لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە ڕاگیراوە و داواكاریەكانی كورد وەك پێویست هەنگاوی بۆ نانرێت، ئەمەش ئەو پرۆسەیەی لە توركیا پێش ساڵ و نیوێك دەستیپێكرد تووشی شكست كردووە، لەكاتێكدا لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی ئەو حزبە، پەكەكە پرۆسەی چەك سوتاندنی ئەنجامدا و خۆی هەڵوەشاندەوە.

دژیەكی هەڵوێستەكان

موراد قەرەیلان كە فەرماندەی ناوەندی نەپەگەیە و سەركردەی باڵای سەربازیی پەكەكەیە، لە نوێترین لێدوانیدا دەڵێت"پەكەكە هەنگاوی گەورەی ناوە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا، لەوانەش ئاگربەست و كۆتایی هێنان بە خەباتی چەكداری و چەك سوتاندن، جگە لەوەش كشانەوە لەناو خاكی باكوری كوردستان و توركیا". بەڵام دەشڵێت "ئەوەی تێبینیمان كردووە و ئاگادارین حكومەت پرۆسەكەی سڕكردووە".

قەرەیلان بەڵگەی ئەوە بۆ قسەكانی دەهێنێتەوە، بەرپرسانی توركیا مانگی چواریان دیاریكردبوو بۆ پێشكەشكردنی پرۆژەیاسای پرۆسەی ئاشتی بۆ پەرلەمان، بەڵام ئەو كاتە تێپەڕی بەبێ ئەوەی هیچ پرۆژەیەك پێشكەش بكرێت.

ئەو سەركردە باڵا سەربازییەی پەكەكە، حكومەتی توركیا بەوە تۆمەتبار دەكات هەنگاوە بنەڕەتیەكان كە لیژنەی پەرلەمانی توركیا داوایان دەكات، جێبەجێ ناكات، لەوانەش ئازادكردنی گیراوە سیاسیەكان و چالاكوانان لە زیندان.

جگە لەوەی قەرەیلان باس لەوەدەكات، نزیكەی مانگێكە وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی نەچووە بۆ بینینی عەبدوڵا ئۆجەلان، ئەمەش بە ئاماژەیەكی مەترسیدار لەسەر پرۆسەكە وەسف دەكات.

دەم پارتی چی دەڵێت؟

ئەو وتانەی قەرەیلان كاردانەوەی لێكەوتەوە، تولای هاتیمۆغولاری هاوسەرۆكی دەم پارتی ڕایگەیاند، هێشتا پەیوەندییە سیاسیەكان تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لەنێوان دەوڵەت و ئیمراڵی بەردەوامن، كە 27 ساڵە ئۆجەلان تێیدا زیندانی كراوە.

هاوسەرۆكی دەم پارتی ڕەخنەی ئەوەشی گرت، ئەو وتانە لەگەڵ رۆحی پرۆسەكە یەكناگرنەوە و ناكرێت دۆخەكە بە چەقبەستوو وەسف بكرێت.

ئەردۆغان رەخنەكان ڕەتدەكاتەوە

پاش چەند رۆژێكی كەم وتانەی سەركردەكەی پەكەكە و هاوسەرۆكی دەم پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی نەتەوەیی توركیا (لە 22 ی تشرینی یەكەمی 2024 بە دەستپێشخەری ئەو پرۆسەی ئاشتی دەستیپێكرد) یەكتریان بینی و پێكەوە باسیان لە "پرۆسەی توركیای بێ تیرۆر و پرسی ناوخۆیی و دەرەكی كردووە".

باخچەلی داوای لە ئەردۆغان كردووە پەلە بكەن لە هەنگاوەكانی بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی و مشتومڕەكان لەو بارەیەوە كۆتایی پێبهێنن، وەك ئازادكردنی ژمارەیەك سیاسی و زیندانیكراو، لەگەڵ گێڕانەوەی بەشێك لە سەرۆك شارەوانییە كوردەكان كە لە شوێنەكانیان لابراون.

هاوسەرۆكی دەم پارتی ڕەخنەی توندی لە حكومەتی توركیا گرت

پێش ئەو وتانەی باخچەلی، هاوسەرۆكی دەم پارتی ڕەخنەی توندی لە حكومەتی توركیا گرت و وتی "بە ترسەوە لە پرۆسەی ئاشتیدا هەنگاو دەنێت". ڕەنگە هەڕەشەكەی قەرەیلان و هۆشداری و ڕەخنەكەی هاوسەرۆكەی دەم پارتی بووبێتنە هۆكار كە باخچەلی و ئەردۆغان بە زوویی كۆببنەوە.

لە بەرامبەردا ئەردۆغان لە پەرلەمانی توركیاوە وەڵامی ڕەخنەكانی دایەوە و ڕایگەیاند "كەشێكی ئەرێنی هەیە و پرۆسەكە بە رێكوپێكی بەڕێوەدەچێت، ئەوانەی لەسەر پرۆسەكە دەدوێن لە وەهمدان و ئەو شتانە ڕاستی نین".

سەبارەت بە ڕەزامەندیدان لەسەر ڕاپۆرتی لیژنەكەی پەرلەمانی توركیا تایبەت بە پرۆسەی "توركیای بێ تیرۆر" كە لە 18 ی شوباتەوە پێشكەش كراوە و هێشتا لە پەرلەمان دانیشتنی لەبارەوە نەكراوە، ئەردۆغان وتی "پێشنیارەكە پێویستی بەوەیە زیاتر بە وردی كاری بۆ بكرێت، هاوپەیمانی گەل دەیەوێت بە پشتیوانی لایەنەكانی تر ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت".

جوڵەكان بە ئاڕاستەی هەنگاوە یاساییەكان

لەكاتێكدا ئەم گۆڕانكاریانە هەن، میدیاكانی توركیا و بەتایبەت ئەوانەی نزیك لە حكومەت و ئاكپارتین، باس لەوە دەكەن لەمیانی دانیشتنێكی حزبیدا ئیبراهیم كاڵن سەرۆكی هەواڵگری توركیا "میت" باسی لە چارەنوسی ئەو ئەندامانەی پەكەكە كردووە كە ئامادەن چەك دابنێن و بگەڕێنەوە بۆ توركیا.

بەوتەی سەرچاوەكان، بەرپرسانی ئاكپارتی و حكومەتی توركیا "دەیانەوێت لە ڕادەستكردنی چەك دڵنیا بنەوە پێش ئەوەی هەر هەنگاوێكی یاسایی بنێن سەبارەت بە ئەندامان و سەركردەكانی پەكەكە".

ئەوەش لەكاتێكدایە، بەشێك لە میدیاكان دەڵێن، دەم پارتی و ئۆجەلان داوای چوارچێوەیەكی یاسایی دەكەن كە هەموان تێیدا سودمەند بن، ئەو ئەندامانەی پەكەكە یاخود ئەو چالاكوانانەی لەژێر لێكۆڵینەوەشدان یاخود لەلایەن حكومەتی توركیاوە داواكراون، كە سەركردە پلە یەكەكانی پەكەكەش دەگرێتەوە.

راپۆرتی لیژنەكەی پەرلەمانی توركیا، باس لەوەدەكات پێویستە ئەو ئەندامانەی پەكەكە و سەركردەكانیان، كە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ توركیا، لە رێگەی ئامرازێكی دیاریكراوەوە بێت و وردبینی و تەئكید بوونەوەیان بۆ بكرێت، ئەم پرۆسەیەش لەلایەن نوێنەرانی هەواڵگری و وەزارەتەكانی بەرگریی و ناوخۆوە ئەنجام بدرێت.

سەرچاوە سیاسیەكانیش باس لەوەدەكەن، لە پشتی پەردەوە لە نێوان پارتی دادوگەشەپێدان و پارتی دیوكراسی و یەكسانی گەلان، كۆبوونەوە كراوە و لەسەر ئەوە رێككەوتوون، كە پرۆژە یاساكەی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك كە دەوڵەت هێشتا بە "توركیای بێ تیرۆر" ناوی دەبات، پێش 15 ی تەموز پێشكەشی پەرلەمانی توركیا بكرێت.

  • ئاشتی لە نێوان گومانی كورد و دڵنیاییەكانی حكومەتی توركیادا

  • ململانێی وەزارەت؛ ئەركی سەرۆكوەزیرانە راسپێردراوەكەی عێراق قورس دەكات

  • سەردەشت عوسمان؛ ئەو رۆژنامەنوسەی لەسەر خەیاڵەكانی تیرۆر كرا

  • داتای 2026؛ ئازادی رۆژنامەوانی لەسەر ئاستی جیهان دابەزیوە

  • پێشنیارە 14 خاڵییەکەی ئێران بۆ ئەمریکا؛ کۆتایی بە ململانێ دەهێنێت؟

  • بۆچی پاسپۆرتی عێراقی قورسایی نەماوە؟

  • ئابڵوقە شوێنی بۆردومان دەگرێتەوە؛ ئەمریكا هەوڵی هاوپەیمانییەك بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز دەدات

  • لە دواین دیداری دەوڵەتی تورکیا و ئۆجەلان چی روویدا؟؛ موراد قەرەیلان:دەوڵەت پرۆسەی ئاشتی ڕاگرتووە

  • بەرپرسانی هەرێم گوێیان بە فشار و داواكاریەكان نەدا و بودجەی پێشمەرگەیان بە بڕیندا

سەرەکی