15   کاتژمێر پێش ئێستا 223 جار خوێنراوەتەوە

ململانێی وەزارەت؛ ئەركی سەرۆكوەزیرانە راسپێردراوەكەی عێراق قورس دەكات

ناوەندی هەواڵ

لەكاتێكدا عەلی زەیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت، سەرقاڵی دروستكردنی كابینەكەیەتی، بە پشت بەستن بە پشتیوانی ئەمریكا و ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، یەكەم دۆسیە كە وەكو ئاستەنگ ڕوبەڕووی سەرۆكوەزیرانە نوێیەكە دەبێتەوە ململانێی وەرگرتنی وەزارەتە لەنێوان لایەنە سیاسیەكاندا.

هەریەك لە كوتلە و لایەنە سیاسیەكان بە داواكارییەكانیان بۆ وەرگرتنی وەزارەت، گەمارۆی عەلی زەیدییان داوە، ئەوان ئەو وەزارەتانە هەڵدەبژێرن كە پێیان وایە لە بەرژەوەندییاندایە، تا زۆرترین بەرپرس و كادریان بخەنە ئەو وەزارەت و پۆستە حكومیانە، تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتیشی نەبێت.

ئەگەر لایەنەكان سوربن لەسەر مەرجەكانیان چی روودەدات؟

بە وتەی چاودێرانی سیاسی، ئەگەر لایەنەكان سوربن لەسەر مەرجەكانیان، رەنگە ببێتە سەرەتای درزی نێوانیان لەگەڵ عەلی زەیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، ئەمەش هەڵاوسان لە پۆستەكان دروست بكات و لە ئەنجامدا دەبێتەهۆی ناكارایی حكومەت و پڕكردنەوەی بەرژەوەندی لایەنە سیاسیەكان.

ئەم هەوڵانە لەكاتێكدان، قسەی زۆر لەبارەی ئەوە دەكرێت گوایە زەیدی دەیەوێت گۆڕانكاری لە جەوهەری پێكهێنانی حكومەتدا بكات، بەڵام پێناچێت ئەم هەوڵانەی لایەنە سیاسیەكان ڕێگەخۆشكەر بن.

حكومەتی داهاتوو شتی چاوەڕوان نەكراوی تێدا دەبێت

بەشێك لە چاودێرانیش دەڵێن، حكومەتی داهاتوو شتی چاوەڕوان نەكراوی تێدا دەبێت، لەسەر ئاستی ناو و شێوازی هەڵبژاردنی پۆستەكان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری دوورخستنەوەی زۆربەی وەزیرەكانی ئەم كابینەیە هەیە بە ئامانجی ئەوەی بە كەسانی گەنج و تەكنۆكرات بگۆڕدرێن.

ئامڕازی دابەشكردنی وەزارەت و پۆستەكانی حكومەت چۆنە؟

ئامڕازی دابەشكردنی وەزارەت و پۆستەكانی حكومەتی عێراق لەسەر بنەمای خاڵە، بەشێوەیەك وەزارەتێكی سیادی 15 خاڵ و وەزارەتێكی نا سیادی 10 خاڵی پێویستە، هەر خاڵێكیش بەرامبەرە بە كورسییەكی پەرلەمانی عێراق.

ئەم سیستمە وا لە لایەنە سیاسیەكان دەكات بۆ ئەوەی وەزارەتیان بەربكەوێت پەنا بۆ هاوپەیمانی ببەن، تا خاڵی زیاتر بەدەست بهێنن بۆ بەدەستهێنانی وەزارەت و پۆستەكان لە حكومەتی داهاتووی عێراق.

لایەنەكان ئەوەندە داوای وەزارەتیان كردووە ڕەنگە هەڵاوسان لە پۆستە وەزارییەكان دروست بكات و ژمارەی وەزیرەكانی ئەم كابینەیە 20 وەزارەت تێپەڕێنێت، بۆ چارەسەری ئەمەش پێشنیاری ئەوە كراوە سەرۆكوەزیران چوار جێگری هەبێت بەڵام جێگرەكان وەزارەتیان نەبێت، هەرچەندە وەزارەتە سیادییەكانی نەوت و دارایی و دەرەوە و بەرگریی و ناوخۆ ناكۆكی زۆریان لەسەر دروست دەبێت.

 

  • ئاشتی لە نێوان گومانی كورد و دڵنیاییەكانی حكومەتی توركیادا

  • ململانێی وەزارەت؛ ئەركی سەرۆكوەزیرانە راسپێردراوەكەی عێراق قورس دەكات

  • سەردەشت عوسمان؛ ئەو رۆژنامەنوسەی لەسەر خەیاڵەكانی تیرۆر كرا

  • داتای 2026؛ ئازادی رۆژنامەوانی لەسەر ئاستی جیهان دابەزیوە

  • پێشنیارە 14 خاڵییەکەی ئێران بۆ ئەمریکا؛ کۆتایی بە ململانێ دەهێنێت؟

  • بۆچی پاسپۆرتی عێراقی قورسایی نەماوە؟

  • ئابڵوقە شوێنی بۆردومان دەگرێتەوە؛ ئەمریكا هەوڵی هاوپەیمانییەك بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز دەدات

  • لە دواین دیداری دەوڵەتی تورکیا و ئۆجەلان چی روویدا؟؛ موراد قەرەیلان:دەوڵەت پرۆسەی ئاشتی ڕاگرتووە

  • بەرپرسانی هەرێم گوێیان بە فشار و داواكاریەكان نەدا و بودجەی پێشمەرگەیان بە بڕیندا

سەرەکی