7   کاتژمێر پێش ئێستا 193 جار خوێنراوەتەوە

له‌ قه‌ندیل دۆخه‌كه‌ چۆنه‌؟؛ سه‌ركرده‌یه‌كى كه‌جه‌كه‌: تاكه‌ ئامانجى توركیا بێچه‌ككردنى ته‌ڤگه‌ره‌كه‌مانه‌

ناوەندی هەواڵ

 سەبری ئۆک، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە چاوپێكه‌وتنێكى لەگەڵ ڕۆژنامەی (Avvenire)ـی ئیتاڵی کردووە، ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ى كه‌جه‌كه‌ ده‌ڵێت "هێشتا بوونی پرسەکە قبووڵنەکراوە و ناوی پرۆسەکەش بە شێوەیەکی دروست دیاریناکرێت. تاکە ئامانجیان بریتییە لە بێچەککردنی تەڤگەرەکەی ئێمە".

له‌ وه‌ڵامى پرسیارى هۆکاری گەیشتنە بنبەست و چەقبەستنی پرۆسەی ئاشتی چییە؟ سه‌برى ئۆك ده‌ڵێت "سەبارەت بە پرۆسەکە لایەنەکان، واتا چ تەڤگەرەکەی ئێمە و چ دەوڵەتی تورک پێناسەیەکی لەم شێوەیەمان نییە. ڕێبەر ئاپۆ لە بانگەوازی 27ـی شوباتی 2025ـدا گوتوویەتی، پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک. دەوڵەتی تورک هێشتا باسی ‌تیرۆر‌ دەکات، هەندێک جاریش دەڵێت ‌یەکێتیی نەتەوەیی و خوشک-برایەتی‌. ئەمە لەبەرئەوە دەڵێن؛ لە بیر و زیهنییەتی دەوڵەتی تورکدا هێشتا بوونی پرسەکە قبووڵنەکراوە و ناوی پرۆسەکەش بە شێوەیەکی دروست دیاریناکرێت. تاکە ئامانجیان، وەک چۆن هەموو ڕۆژێک دەیڵێن، بریتییە لە بێچەککردنی تەڤگەرەکەی ئێمە. هەر بۆیە لەبری پرۆسەی ئاشتی یاخود چارەسەری ناوی ‌تورکیای بێ تیرۆر‌ بەکاردەهێنن. بێگومان ئەمە لە ڕووی مێژووییەوە دەرئەنجام و نیشانەیەکە لە زیهنییەتی نکۆڵی و ڕەتکردنەوەی بوونی گەلی کوردە".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى كۆنسه‌ى كه‌جه‌كه‌ ده‌شڵێت" مامەڵەی لایەنەکان لەگەڵ پرۆسەکە و پرسەکە، زۆر لە یەکەوە دوورن. لە ڕاستیدا دەوڵەتی تورک مامەڵەیەکی جددی و بەرپرسیارانە بەرانبەر ئەم پرۆسە گەورە و مێژووییە نیشاننادات. هەر بۆیە پرۆسەکە نەگەیشتووەتە بنبەست، بەڵام ئاستەنگی لەبەردەمە و بە دۆخێکی دژواردا تێدەپەڕێت".

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێكى تردا "کێ دەبێتە ڕێگر لە بەردەم پرۆسەی ئاشتیدا؟ سه‌برى ئۆك ڕایگه‌یاندووه‌"ئەوانەی بوونی پرسەکە قبووڵناکەن و پێناسەی ناکەن، ئەوانەی دیموکراتیکبوونیان ناوێت لە تورکیا، ئەوانەی 100 ساڵە گەلی کورد بە نەبوو لە قەڵەم دەدەن و دان بە مافی گەلبوونیدا نانێن؛ کەس، دامەزراوە، ڕێخکراو و لایەنی شۆڤێنیستی توندڕەوی نەتەوەپەرست، هەوڵدەدەن ببنە ئاستەنگ".

"هێزە نێونەتەوەییەکانیش بەرپرسیارێتیی گەورەیان دەکەوێتە ئەستۆ کە بە درێژایی مێژوو پرسی کوردیان نەبینی، لەوەش زیاتر خۆیان پرسەکەیان خوڵقاند، کوردستانیان دابەشکرد و بێ ستاتۆیان کرد. هێشتاش لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان پاڵپشتی لە دەوڵەتی تورک دەکەن و مامەڵەیەکی ئەرێنی بە ئاڕاستەی چارەسەریی پرسەکە نیشان نادەن".

"دەیان ساڵە ئێمە و دەوڵەتی تورک دژی یەکتر شەڕ دەکەین. دووەم گەورەترین هێزی ناتۆیە. دەوڵەتی تورک بە بەکارهێنانی هەموو هێزی ئابووری، سیاسی، سەربازی و دیپلۆماسیی خۆی ویستی تەڤگەرەکەمان لێکبترازێنێت، تەسفیەی بکات. بۆ ئەم مەبەستەش بە ڕاستی هەموو شتێکی کرد. شەڕێکی بێ پێوەر، بێ ئەخلاقانە و قێزەونی کرد. بەڵام نەیتوانی بگاتە ئەنجام. لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی ‌بەهاری عەرەبی‌ـدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرد لەسەر بەرد نەمایەوە و بە تایبەتی دوای غەززە ڕووداوی گریمانەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدەن. لە بەردەم ئەم ڕووداوە گریمانەییانەدا عەقڵی دەوڵەتی تورک کەوتە کار. سەرۆکی ئەو پارتەی کە بەتوندترین شێوە دژمان دەوەستایەوە، دەوڵەت باخچەلی گوتی، ‌کێشەی هەمیشەییبوون‌ و پرۆسەکەی دەستپێکرد. ئەمە نیشانەی گرنگی و جددیەتی بابەتەکە نیشاندەدات". سه‌برى ئۆك وا ده‌ڵێت.

لە ناوچەکانی پێکداداندا (هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا) دۆخەکە چۆنە؟ له‌ وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌دا ئه‌ندامه‌كه‌ى كۆنسه‌ى كه‌جه‌كه‌ ده‌ڵێت "بۆ دەستپێکردنی پرۆسەکە، ئەگەر سێ بۆ چوار مانگی سەرەتا هەژمار نەکەین، لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەتوانرێت باسی ئاگربەستێکی دوولایەنە بکرێت. ئێمە دەزانین کە دەوڵەتی تورک سات بە سات هێز لە هەندێک ناوچە جێگیر دەکات، لە هەندێک شوێن ئاڵوگۆڕی هێز دەکات و کارێکی بەرفراوانی هەواڵگری ئەنجام دەدات، بەڵام وەک گوتم، لەم پرۆسەیەدا لە نێوان هێزەکانی گەریلامان و هێزەکانی سوپای تورکدا، ئەگەر لە ئاستی ئاوارتەش هەندێک شەڕ یان ئۆپەراسیۆنیش ڕوویدابێت، بە گشتی دەتوانرێت باسی دۆخێکی بێ‌شەڕ بکرێت".

پەیمانی پرۆسەی ئاشتی بۆ ئەوەی لەلایەن پەکەکەوە قبووڵ بکرێت، دەبێت خاوەنی چ خاڵێک بێت؟

سه‌برى ئۆك له‌ وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌دا ده‌ڵێت "بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی، بەر لە هەر شتێک وەک چۆن بەڕێوەبەریی تەڤگەرەکەمان چەندین جار ڕایگەیاندووە، دەبێت ڕێبەر ئاپۆ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە وەک دانوستانکاری سەرەکی و بەردەنگ قبووڵ بکرێت. بۆ ئەمەش دەبێت خاوەن دەرفەتی کارکردن و ژیانێکی ئازاد بێت، تا بتوانێت ڕۆڵی خۆی وەک دانوستانکاری سەرەکی بگێڕێت. تا ئەمە نەبێت، مرۆڤ ناتوانێت باسی بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە بکات".

"هەروەها بۆ پرۆسەکە، زەمینەیەکی یاسایی گشتگیر و پێویست، وەک گەرەنتییەکی یاسایی و سیاسی بۆ تێکۆشان و سیاسەتی دیموکراتیک خوازراوە. بە کورتی، چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ناو سنوورەکانی تورکیادا لەسەر بنەمای دیموکراسیی خۆجێیی گرنگە. ئەگەر کورد هەیە، ئەوا مافەکانیشی دەبێت هەبن. ژیانێکی دیموکراتیک و ئازاد، بە هەبوونی کورد لە ناو سیستەمەکەدا بە کەلتوور، ناسنامەی خۆیەوە دەبێت و ڕاستەکەش هەر ئەمەیە". ئه‌و ئه‌ندامه‌ى كۆنسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌ریی كه‌جه‌كه‌ وا ده‌ڵێت.

دۆخی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە بەخێرایی دەگۆڕێت، بۆچوونتان چییە؟ ئایا ناوچەکە بەرەو کوێ دەچێت؟ لێرەدا ڕۆڵ و ئامانجی تورکیا چییە؟ پەکەکە کام هەڵوێست نیشاندەدات، گەلی کورد وەکو بەشێک لە تورکیایەکی دیموکراتیکتر لە مژاری پەیوەندییەکانی دەرەوەدا پێویستە ئامانجی چی بێت؟

سه‌برى ئۆك له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت " لە ئێستادا بە شێوەیەکی زۆر ئاڵۆز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەنگی جیهانیی سێیەم ڕوودەدات. سیستەمی سیاسیی سەدەی 20 لەناودەبرێت، خواستی بنیادنانی سیستەمی سیاسیی سەدەی 21 لە ئارادایە. شەڕ و تێکۆشانی سیاسی، سەربازی، ئابووری و تەکنەلۆژی هەمووی بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامدەدرێت. لە هەمان کاتدا شەڕێکی وزە و بازرگانیش بوونی هەیە. هەروەها پرسی ئاساییشی ئیسرائیلیش مژارێکی سەرەکییە. مەحاڵە شەڕی ئێستای ئیسرائیل-ئەمریکا و ئێران لە دەرەوەی ئەمە ببینرێت و هەڵبسەنگێنرێت".

"ڕوونە کە نە ئوممەتپەرستی، نە نەتەوەپەرستیی بەعسیانە و نە چەپگەرایی کلاسیک ناتوانن کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر بکەن. هەر بۆیە ستراتیژیی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ زۆر گرنگە. تاکە چارەسەری هەموو کێشەکان بریتییە لە نەتەوەی دیموکراتیک، تێکۆشانی بڕیاردارانە بۆ یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئاشکرایە کە تورکیا بەرهەڵستیی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، هەوڵدەدات بەرەنگاری بکات. سیاسەتێکی ستاتۆپارێز پەیڕەودەکات. لەبەرئەوەی گۆڕانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مانای گۆڕانی ناچارانەی دەوڵەتی تورک دێت. هەر بۆیە دەوڵەتی تورک پێداگرە لەسەر سیاسەتی دەوڵەت-نەتەوەپەرستی".

له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانیدا سه‌برى ئۆك ده‌ڵێت " ئامانجمان بریتییە لە چارەسەریی دیموکراتیکی پرسی کورد. لەسەر ئەم بنەمایە گرنگە کە هەموو جۆرە کارێکی دیپلۆماسی ئەنجامدار و بەرهەمدار بێت. بە تایبەتی پێویستە کورد لەم پرۆسەیەدا بەرەی خۆی بەهێز بکات، یەکێتیی نەتەوەیی خۆی پێکبهێنێت. وەکو تەڤگەر ئێمە کار بۆ ئەم مەبەستە دەکەین. هەروەها دەمانەوێت لەگەڵ هەموو ئەو ڕێکخراو، پارتی و هێزە نێونەتەوەییانەدا کە لایەنگری دیموکراسی، ئازادی و سۆسیالیزمن، بە دیدگای ئەنتەرناسیۆنالیزمێکی نوێ پەیوەندیمان بەهێز بکەین و بیگەیەنینە ئاستێکی گرنگ".

له‌ وه‌ڵامى پرسیارى "ئێوە دۆخی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ده‌ڵێت "لە ڕاستیدا دوای گۆڕانی ئەم سیاسەتەی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان، هێزەکانی دیمەشق-هەتەشە بە پاڵپشتی دەوڵەتی تورک لە حەلەب-شێخ مەقسوود لە دژی کورد دەستیان بە هێرش کرد و کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا. لەبەر ئەمەش سەیر نییە ئەگەر بڵێین کورد لە هەمبەر ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان زۆر تووڕە و نادڵنیایە. ئێستا کورد بە هێزی خۆی هەوڵ دەدات دەستکەوتەکانی بپارێزێت. لەگەڵ دیمەشقدا لە پرۆسەی ئینتێگراسیۆن و دانوستاندندان. کورد تا کۆتایی بەرگری لە دەستکەوتەکان و مافەکانی خۆی وەک گەل دەکات. ئەوەی پێویستە ڕووبدات ئەمەیە؛ لە سەرووی هەمووشیانەوە ژنان و مرۆڤایەتی؛ دەوڵەتانی ئەورووپا، ئەمریکا، هێزە لایەنگرەکانی دیموکراسی و ئازادی و هەر کەسێک پێویستە خاوەندارێتی لە کورد بکەن کە لە پێناو مرۆڤایەتیدا بەرگرییان کرد. پێویستە پاڵپشتی کورد بکەن. کورد لە چاوەڕوانییەکی ئاوا ڕەوادایە، بەڵام بەر لە هەر شتێک بە هێزی خۆی و بە باوەڕبوون بە تێکۆشانی ڕەوای خۆی، دەستکەوتەکانی دەپارێزێت و بە دڵنیاییەوە لەمەدا سەر دەکەوێت".

کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نابنە ئامرازی جەنگی هیچ لایەنێک و هۆشیارە لەم دۆخە

سەبارەت بە دۆخی کوردانی ڕۆژهەڵات سه‌برى ئۆك ده‌ڵێت " دەتوانم بە کورتی ئەمە بڵێم؛ بە شەڕی ئەمریکا-ئیسرائیل-ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سەرووی هەمووشیانەوە لە ئێران-ڕۆژهەڵات دۆخێکی نوێ هاتە ئاراوە. گەلانی ئێران، کۆمەڵگە لایەنگرەکانی دیموکراسی و ئازادی پێویستە بۆ ئێرانێکی دیموکراتی کە دان بە ناسنامە و باوەڕەکاندا بنێت، تێکۆشان بکەن. ئێران ناچارە دیموکراتیزە بێت. ئایا ڕژێمی ئێستا دەتوانێت گۆڕانکارییەکی دیموکراتی ئاوا گرنگ، بنەڕەتی و جددی پێکبهێنێت؟ ئەمە جێگای پرسیارە. دیارە کە ئەم ئەگەرە زۆر لاوازە. ئەو کاتە پێویستە هەموو گەلان و باوەڕەکان بۆ ئێرانێکی دیموکرات یەکبگرن و تێکۆشان بکەن. ئێران ئێستا لە قۆناغێکی ئاوادایە. لەمەشدا بێگومان کورد هێزێکی کاریگەر و هەرە گرنگە. بەڵام کورد نابێتە ئامرازێک لە دەستی کەسدا".

عەبدوڵا ئۆجه‌لان لە پەیامەکەی خۆیدا ڕایگەیاند تێکۆشانی چەکداری کۆتایی هاتووە. بەڵام گەر دۆخە ناهەموار بووەوە، داخۆ ئێوە جارێکی دیکە شەڕ دەستپێکەنەوە؟

سەبری ئۆک، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ده‌ڵێت "ڕاستە، ڕێبەر ئاپۆ کۆتایی بە ستراتیژی چەکداری هێناوە، کە گۆڕانکارییەکە لە پارادایمدا؛ لە بری ستراتیژی شەڕی ڕزگاری نەتەوەیی ستراتیژی سیاسەتی دیموکراتیک بە بنەما دەگیرێت، گەر ئەمە نەڕەخسێت ئەوا ئینتێگراسیۆنیش ناڕەخسێت، وازهێنان لە تێکۆشانی چەکداری و ستراتیژەکەی، نابێت بەو مانایە بێت کە ئێمە خۆمان ناپارێزین، هاوکات مەبەست لە خۆپاراستنیش نابێت هەر بە مانای تێکۆشانی چەکداری بێت. پێویستە لە دەرەوەی تێکۆشانی چەکداری، تێکۆشانی ڕێکخستنیی کۆمەڵگە لە هەموو ئاستەکاندا تێبگەین. ئەگەر گەلی کورد بەبێ گەرەنتییکردنی مافەکانی وەک کۆمەڵگەیەکی دیموکرات دەست لە خۆپاراستن هەڵبگرێت، ئەمە بە مانای قبووڵکردنی مردن دێت".

  • له‌ قه‌ندیل دۆخه‌كه‌ چۆنه‌؟؛ سه‌ركرده‌یه‌كى كه‌جه‌كه‌: تاكه‌ ئامانجى توركیا بێچه‌ككردنى ته‌ڤگه‌ره‌كه‌مانه‌

  • ڕێككه‌وتنى تاران و واشنتۆن؛ به‌ند و ڕێساكانى قۆناغى نوێ

  • چی روودەدات؟؛ رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران؛ ئاڵنگارییەکان و هەڵوێستی ئیسرائیل

  • چیرۆکی شانەیەکی زاواکەی سەدام؛ بەعسییەکان لە خۆشاردنەوە بۆ خۆڕێکخستنەوە و تیرۆرکردن

  • خۆپیشاندان لە تاران و مەشهەد؛ ڕەخنە لە عێراقچی و قاڵیباف دەگیرێت

  • دۆخەکە چارەنوسسازە؛ چی بۆ کورد لە ناوچەکە بەڕێوەیە؟

  • خامنه‌یى دواى زیاتر له‌ چوار مانگ به‌ خاك ده‌سپێردرێت

  • قەرەیلان : وەرن با واژۆی حەرامکردنی شەڕی ناوخۆ و سیخوڕی کردن بەسەر یەکەوە بکەین

  • ئەنجومەنی وەزیران: داهاتی مانگانەی هەرێم بە ڕێژەی زیاتر لە 70٪ دابەزیوە

سەرەکی