3   کاتژمێر پێش ئێستا 114 جار خوێنراوەتەوە

ئەنجومەنی وەزیران: داهاتی مانگانەی هەرێم بە ڕێژەی زیاتر لە 70٪ دابەزیوە

ناوەندی هەواڵ

ئەنجومەنی وەزیرانى هه‌رێمى كوردستان دواى چوار مانگ كۆبوه‌وه‌، داوا دەکات لە نزیکترین دەرفەتدا، ئەنجومەنی وەزاریی فیدڕاڵ بۆ کاروباری ئابووری، ئەو لەیەکترتێگەیشتنە بەراییە پەسەند بکات کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ لەنێوان هەردوولا تایبەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا واژۆ کراوە. ده‌شڵێت" داهاتی مانگانەی هەرێم بە ڕێژەی زیاتر لە 70٪ دابەزیوە".

ڕۆژى چوارشەممە 10ی حوزەیرانی 2026، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

بەردەوامیدان بە دانوستان لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان

وه‌ك له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌،"لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، سەرۆکوەزیران تیشکی خستە سەر دوایین سەردانەکەی بۆ بەغداد و ئاماژەی بە گرنگیی گەڵاڵەکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ بەردەوامیدان بە دانوستان لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرد، لەمبارەیەوە پێشنیاری هێنانەکایەی دەسەتەیەکی باڵای وەزاریی هه‌ماهه‌نگى هەمیشەیی بە ئەندامیەتیی وەزیر و بەرپرسانی پەیوەندیدار لە هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کرد".

پاشان جێگری سەرۆک وەزیران، "باسی لە گرنگیی هێنانەکایەی دەستەکە کرد و ئاماژەی دا کە ئەمە هەنگاوێکە بۆ بە دامەزراوەییکردنی شێوازی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کە ڕۆڵی ئەرێنی دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا".

"ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەبارەی وردەکاری و میکانیزمی پێکهێنانی دەستەکە، پێشنیارەکەی پەسەند کرد و بڕیار درا ئاراستەی حکومەتی فیدڕاڵ بکرێت بۆ بڕیاری هاوبەشی هەردوو حکومەت".

هه‌ر به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، "لە بڕگەی دووەمدا، دوا پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و دەرئەنجامی دوا کۆبوونەوەی وه‌فدى هەرێم و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ سەرۆک وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ خرایە ڕوو، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و ئەندامانی شاندی دانوستانکار، وردەکاریی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو".

هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی فیدڕاڵ

"ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ، جەختی کردەوە لەسەر هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی فیدڕاڵ بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، بۆ بەرەنگاربوونەوە و چارەسەری ئەو ئاڵنگارییە داراییانەی کە ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە بەهۆی بارودۆخی ئەم دواییەی ناوچەکە. بۆ ئەو مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران وەزیری سامانە سروشتییەکان و وه‌فدى دانوستانی ڕاسپارد کە ڕێکارەکان خێراتر بکەن تاوەکوو هەر چی زووە لە ڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، بەرزترین ئاستی هەناردەکردن بۆ بازاڕی جیهانی ئەنجام بدرێت و داهاتی بەدەستهاتووش بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵ، هەروەها بەردەوامیدان بە کاری هاوبەش و پێکەوەیی بۆ سەرخستنی هەموو ئەو هەوڵ و دەرفەتانەی دەبنە هۆی زیادکردنی داهاتی فیدڕاڵ".

دەبێت کۆمپانیا نەوتییەکان دەست بە هەناردەکردن بکەنەوە

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیشی کردەوە، "ئەرکی کۆمپانیا نەوتییەکانیشە، دوای دڵنیاییدانی حکومەتی فیدڕاڵ بە پاراستنی ئاسایشیی کەرتی نەوت و وزەی هەرێم و قەرەبووکردنەوەی زیانی هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوەکانی کەرتی وزەی هەرێم وەک سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ جەختی لێ کردەوە ، دەبێت کۆمپانیا نەوتییەکان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، دەست بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی بکەنەوە".

پاشان ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی لەبارەی دۆسیەی داهاتە ناوخۆییەکان و بابەتی جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی سیستەمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان و خشتەی داهاتەکان و کاریگەرییەکانی دۆخی ناوچەکە و ئەسیکۆدا لە سەر کەمبوونەوەی بەرچاوی داهاتی گشتی لە هەرێمی کوردستان و کاریگەری لەسەر مووچە کرد.

حكومه‌تى هه‌رێم داواى كه‌مكردنه‌وه‌ى 120 ملیاره‌كه‌ ده‌كات

لەمبارەیەوە، وه‌ك ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ باسیكردووه‌،" وەزیری دارایی و ئابووری، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا، وردەکاریی داهاتە گشتییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2026 بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو، کە بەراورد بە ساڵی 2025 دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، وەک لە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ڕوونکراوەتەوە و لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی داراییی فیدڕاڵ و هەرێم وردبینی دەکرێت. بۆیە داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ کرا کە پێداچوونەوەی پێویست بکات بە بڕی 120 ملیار دیناری دیاریکراو وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ، چونکە بەهۆی جەنگ و بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و یەکلایینەبوونەوەی دۆسیەی ئەسیکۆدا، داهاتی مانگانەی هەرێم بە ڕێژەی زیاتر لە 70٪ دابەزیوە".

ئه‌سیكۆدا

سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەسیکۆداش لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە "پێویستە لە نزیکترین دەرفەتدا، ئەنجومەنی وەزاریی فیدڕاڵ بۆ کاروباری ئابووری، لە کۆبوونەوەیەکدا، ئەو لەیەکترگەیشتنە بەراییە پەسەند بکات کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ لەنێوان هەردوولا تایبەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆ کراوە. بە چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیەش، داهاتی دەروازە سنوورییەکان زیاد دەکات و جوڵەی بازرگانی بەهێز و چالاک دەبێتەوە و بازاڕ دەبووژێتەوە، کە ئەمەش لە ئەنجامدا لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراقدایە".

 

  • ئەنجومەنی وەزیران: داهاتی مانگانەی هەرێم بە ڕێژەی زیاتر لە 70٪ دابەزیوە

  • له‌نێوان هه‌ڕه‌شه‌ى تره‌مپ و ملنه‌دانى ئێران؛ ئایا ڕێككه‌وتن ده‌كرێت؟

  • کەنەکە کارنامەی مێژوویی خۆی ڕاگەیاند

  • تره‌مپ بیرۆكه‌ى هه‌یه‌ و ئێران گفتوگۆ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى ناكات

  • نمایشێكى سه‌ربازیی له‌ چین به‌ ئاماده‌بوونى سه‌رۆكى ڕووسیا و كۆریا؛ سه‌رۆكى ئه‌مریكا توڕه‌ ده‌كات

  • تره‌مپ خۆى بێلایه‌ن ده‌كات؛ ئێران به‌رپرسیارێتى دووباره‌بوونه‌وه‌ى هێرشه‌كانى ئیسرائیل ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى ئه‌مریكا

  • لە بارەی كەیسی پێشمەرگەكەی پارتییه‌وه‌؛ ئاسۆ حاجى له‌سه‌ر چى كوژرا؟

  • پێشنیارە سێ ڕەهەندییەکەی ئۆجالان

  • کارەبا 24 کاتژمێریەکەی حکومەت بە پشتی مۆلیدە ئەهلییەکان بەردەوام دەبێت

سەرەکی