8   کاتژمێر پێش ئێستا 100 جار خوێنراوەتەوە

ترەمپ لە دووڕیانی جەنگ یان ئاگربەست؛ گرژییەکانی گەرووی هورمز بازاڕی وزەی جیهان دەهەژێنێت

لە دواین پێشهاتە سەربازییەکاندا، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) کۆتاییهاتنی شەپۆلێکی نوێی بۆردومانەکانی بۆ سەر ناوەندەکانی فەرماندەیی ئێران، توانا دەریاییەکانی، سیستەمی بەرگری ئاسمانی و پێگەكانی هەڵدانی مووشەک و درۆن ڕاگەیاند بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی نێودەوڵەتی. لە بەرامبەردا و لەسەر ئاستی دیپلۆماسی، گوشارەکان بۆ بەدیهێنانی ئاگربەستێکی کاتی دەستیپێکردووە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئێرانییەوە ئاشکرایکردووە پێشنیازێک هەروەها خستنەڕووی ئاگربەستێکی 10ڕۆژی تا دوو هەفتەیی هەیە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز دراوەتە موجتەبا خامنەیی ڕابەری ئێران و چاوەڕێی وەڵام دەکرێت، هاوکات سەرچاوەکان لە وەزارەتی ناوخۆی پاکستان ئاماژەیان بە سەردانی ئەسکەندەر موئمینی وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ ئیسلام ئاباد کردووە کە ئەگەری هەیە پەیوەست بێت بە هەوڵەکانی نێوەندگیری.

لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی ئاکیۆس بڵاویکردووەتەوە کە دۆنالد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە دووڕیانێکی یەکلایکەرەوەدایە لە نێوان قبووڵکردنی ئاگربەستێکی 10 ڕۆژی یان دەستپێکردنی هەڵمەتێکی سەربازی سەرتاسەری و هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ناچارکردنی تاران بە ڕادەستبوون. ترەمپ جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئێران دەبێت باجی کوژرانی سەربازانی ئەمریکا بدات و سەرنجی لەسەر سزادانی تارانە، هەرچەندە مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە داوە کە دەرگای گفتوگۆ کراوەیە ئەگەر ڕەفتارەکانی ئێران بگۆڕێن. وەزارەتی دەرەوەی ئێران و سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتەش ڕایانگیاندووە بەردەوامن لە هەردوو ڕێڕەوی جەنگ و دیپلۆماسی و خۆیان بۆ سیناریۆکانی ئەمریکا ئامادە کردووە.

لە ڕووی مەیدانییەوە، سوپای پاسدارانی ئێران لە تۆڵەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوەکانی، لە ڕێگەی ئۆپراسیۆنی نەسر دووەوە بە چەندین مووشەکی کروز ژێرخانی ناوەندیی داتاکانی کۆمپانیای ئەمازۆنی لە بەحرەین کردووەتە ئامانج، سەرباری ئەوەی ئاژانسی فارس لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە گواستوویەتییەوە کە تا دوژمنکارییەکانی ئەمریکا بەردەوام بێت کۆنترۆڵی تەواوی گەرووی هورمز لە دەستی ئێراندایە و ڕێگە بە تێپەڕبوونی کەشتییەکان نادەن. هەروەها سوپای پاسداران بەرپرسیارێتی تەقاندنەوەی دوو کەشتی نەوتهەڵگر و هێرشکردنە سەر کەشتییەک بە ئاڵای مالتا لە گەرووی هورمز لە ئەستۆ گرتووە.

لە قۆناغە سەرەتاییترەکانی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا، سوپای پاسداران لە ڕێگەی شەپۆلەکانی پێشتری ئۆپراسیۆنی نەسر دوو و بە بەکارهێنانی مووشەکی سووتەمەنی ڕەق و شلی وەک خەیبەرشکێن، فاتیح، زولفەقار و عیماد، عەمبارەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە فڕۆکەخانەی سەخیر لە بەحرەین، بەندەری سەلمان، و پایەگای عەریفجانی لە کوەیت بۆردومان کردبوو. ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدان کە سێنتکۆم ڕایگەیاندووە لە سەرەتای مانگی ئایارەوە ئاسانکارییان بۆ تێپەڕاندنی نزیکەی 900 کەشتی بازرگانی و 450 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو کردووە، بەڵام بەردەوامی گرژییەکان بازاڕی جیهانی وزەی خستووەتە ژێر مەترسییەوە.

 

  • رێز لە هەستیاری یەکتر بگرێت؛ ئۆجەلان: کاتی ئەوە هاتووە چوارچێوەیەکی یاسایی دروستبکرێت

  • خوشکی سۆران مامە حەمە بۆ ئیرادە: ڕێکەوتنی نهێنیمان ڕەتکردەوە و سازش لەسەر خوێنی سۆران ناکەین

  • بڕیارى حكومه‌ت بۆ دابه‌زاندنى نرخى به‌نزین له‌ به‌شێك له‌ به‌نزینخانه‌كان جێبه‌جێ ناكرێت

  • ترەمپ لە دووڕیانی جەنگ یان ئاگربەست؛ گرژییەکانی گەرووی هورمز بازاڕی وزەی جیهان دەهەژێنێت

  • جووڵەی نوێ لە دۆسیەی ئیمراڵی؛ کوردانی باکور داوای کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی ئۆجەلان دەکەن

  • هۆشداری ئێران و هەڕەشەکانی ئەنقەرە؛ زانیاریی نوێ لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکی ترەمپ بۆ بارزانی و تاڵەبانی ئاشکرا دەبێت

  • لە محەمەدی حاجی مەحمودەوە بۆ ترەمپ؛ چۆن سیاسەت باڵی بەسەر وەرزشدا کێشاوە

  • سندوقی تریلیۆن دۆلاریی عێراق و ئەمریکا؛ کۆمپانیا نەوتییەکان پشتیان لە هەرێم کرد؟

  • موجته‌بام نه‌بینیوه‌؛ عێراقچی گومان له‌ مردنى خامنه‌یى ده‌كات

سەرەکی