18   کاتژمێر پێش ئێستا 328 جار خوێنراوەتەوە

هۆشداری ئێران و هەڕەشەکانی ئەنقەرە؛ زانیاریی نوێ لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکی ترەمپ بۆ بارزانی و تاڵەبانی ئاشکرا دەبێت

هەر دوای تەلەفۆنەکەی ترەمپ؛ وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندی بە بارزانی و تاڵەبانییەوە دەکات

لەگەڵ تەقینەوەی جەنگی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی توانیویەتی پیلانێکی فرەڕەهەند بۆ دابەشکردنی ئێران و ڕوخاندنی ڕژێم پووچەڵ بکاتەوە.

عێراقچی ڕایگەیاند کە لە چوارەمین ڕۆژی جەنگدا، بە ئاگاداربوونی جموجوڵەکانی ئەمریکا، ڕاستەوخۆ پەیوەندیی تەلەفۆنی بە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کردووە. وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە هۆشدارییەکی ڕاشکاو و توندی داوەتە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان و پێی وتووە «ئەگەر بچووکترین هەڕەشە لە کوردستانی عێراقەوە ئاڕاستەی ئێمە بکرێت، وەڵام دەدەینەوە؛ وا مەزانن ئێمە لە شوێنێکی تر سەرقاڵین». عێراقچی ئاماژەی بەوەش دا کە هەندێک لایەن، لەوانە ڕەزا پەهلەوی، هەوڵیان داوە لەگەڵ ئیسرائیل ڕێککەوتن بکەن بۆ پارچەکردنی ئێران، بەڵام هاوکارییەکان و ڕۆڵی چالاکانەی تورکیا لە پێشگرتن بەم پیلانەدا کاریگەر بوون.

ئەم هۆشدارییە توندەی تاران لە کاتێکدایە کە پێشتر پێگەی «ئاکسیۆس»ی ئەمریکی لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشکرای کردبوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، تەنها دوو ڕۆژ دوای دەستپێکردنی هێرشە سەربازییەکانیان بۆ سەر ئێران، پەیوەندیی تەلەفۆنی هەستیاری لەگەڵ مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی ئەنجام داوە. کارۆلین لیفیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، بە بێ خستنەڕووی وردەکاری، پەیوەندییەکانی ترەمپی لەگەڵ هاوپەیمانانی ناوچەکە پشتڕاست کردەوە. بەپێی شیکارییەکانی ئاکسیۆس، بوونی هەزاران شەڕکەری ڕاهێنراوی کورد لە سنورەکان و پەیوەندیی قوڵیان لەگەڵ کوردانی ئێران، وەک کارتێکی گوشاری ستراتیژی بۆ واشنتن سەیر دەکرێت.

هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختیان لەوە کردەوە، ناوچەکە بەرەو ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی دەچێت و داوایان لە خەڵک و هێزە چەکدارەکان کرد ئامادەباشیی خۆیان بپارێزن و بنکە ئیدارییەکان بپارێزن. بەپێی سەرچاوە هەواڵگرییەکان، بەشێک لە ئامادەکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵات بە ئاگاداری ئەمریکا بووە، بەڵام بەهۆی بەهێزیی ئێران لەسەر زەوی و نەبوونی گڵۆپی سەوزی نێودەوڵەتی، جووڵەی سەربازیی کراوەیان ئەنجام نەداوە.

لە بەرامبەردا، هەڵوێستی تورکیا هێڵێکی سووری نوێی لە هاوکێشەکەدا کێشا. وەزارەتی بەرگریی تورکیا و میدیاکانی ئەو وڵاتە هۆشداریی توندیان دا لە بەرامبەر هەر جووڵەیەکی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات، بەتایبەت پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک). بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئەنقەرە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ترەمپ جەختی کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەن «گرووپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان» ببنە بەشێک لە جەنگی دژ بە ئێران.

ئەنقەرە هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە لە حاڵەتی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی ئەم هێزانەدا، دەستێوەردانی سەربازی هاوشێوەی ئەوەی سووریا ئەنجام دەدات. چاودێران پێیان وایە ترسی مێژوویی تورکیا لە بەدەستهێنانی مافی خۆبەڕێوەبەری لەلایەن کوردانی ڕۆژهەڵات و کاریگەریی لەسەر کوردانی باکوور، هۆکاری سەرەکیی ئەم هەڵوێستە توندەی ئەنقەرەیە؛ تەنانەت ترەمپیش بە ئاشکرا ستایشی هەڵوێستەکانی ئەردۆغانی کردووە کاتێک وتی «تورکیا لەوە باستر بوو کە داوامان لێکردبوون»، کە شیکەرەوان وەک ڕێگریی تورکیا لە تێکچوونی هاوسەنگییە هەرێمییەکان لێکی دەدەنەوە.

  • جووڵەی نوێ لە دۆسیەی ئیمراڵی؛ کوردانی باکور داوای کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی ئۆجەلان دەکەن

  • هۆشداری ئێران و هەڕەشەکانی ئەنقەرە؛ زانیاریی نوێ لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکی ترەمپ بۆ بارزانی و تاڵەبانی ئاشکرا دەبێت

  • لە محەمەدی حاجی مەحمودەوە بۆ ترەمپ؛ چۆن سیاسەت باڵی بەسەر وەرزشدا کێشاوە

  • سندوقی تریلیۆن دۆلاریی عێراق و ئەمریکا؛ کۆمپانیا نەوتییەکان پشتیان لە هەرێم کرد؟

  • موجته‌بام نه‌بینیوه‌؛ عێراقچی گومان له‌ مردنى خامنه‌یى ده‌كات

  • بارینی درۆن و مووشەک لە ئاسمانی کوردستان؛ هێرشەکانی تاران چۆن بەرەی هەڵوێستی نیشتمانیی یەکخست سنورێکی بۆ بێدەنگی دانا؟

  • بەکارهێنانی ئەحمەدی نەژاد؛ ڕاستە یاخود وەرزێکی نوێی جەنگی زانیاریی نێوان ئێران و ئیسرائیلە؟

  • لە نێوان قۆرغکاریی ناوخۆ و جەنگی گەرووی هورمزدا؛ بۆچی نرخی بەنزین لە کوردستان و ئەمریکا هاوشێوەن؟

  • کۆتاییهاتنی قۆناغی دانوستان و دەستپێکی هێرشە چڕەکان؛ هۆکارەکانی بێدەنگیی ئیسرائیل و کێشانی نەخشەی نوێی شەڕ لەلایەن ئەمریکاوە

سەرەکی