8   کاتژمێر پێش ئێستا 106 جار خوێنراوەتەوە

کەیسی شەهید غەزال مەولان سەرهەڵدەداتەوە؛ پێنج کارمەندی نەخۆشخانەی بەخشین ڕەوانەی دادگا کران

ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای دەکات؛ وەستاندنی نەخۆش بە ناوی مۆڵەتی ئیدارییەوە لە حاڵەتی فریاگوزاریدا پێچەوانەی یاسایە، داواکاری بۆ لێپرسینەوە لە کەمتەرخەمییەکان لە کاتێکدایە کە کەسوکاری غەزال هێشتا نەگەڕاونەتەوە تاوەکو سکاڵای فەرمی تۆمار بکەن.

دوای تێپەڕبوونی چوار مانگ بەسەر شەهیدبوونی کچە پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (غەزال مەولان) بەهۆی هێرشی درۆنیی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر کەمپی سورداش، دۆسییەکە گەیشتە وێستگەیەکی نوێ.

بە وتەی پارێزەری ڕاوێژکار عەتا عوسمان، لیژنەی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی تەندروستی ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی لەسەر کەیسەکە تەواو کردووە و لە هەشتـی تەمووزدا ئاڕاستەی دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی کردووە. لە ئەنجامدا، پێنج کارمەندی نەخۆشخانەی بەخشین، لەوانە بەڕێوەبەر، کارگێڕی و دوو کارمەندی بەشی چاودێری ورد (ICU)، بە تۆمەتی کەمتەرخەمی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی دادوەری دەبنەوە.

چیرۆکی کەمتەرخەمییەکە و پاساوی نەخۆشخانەکان

بەپێی زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکە و گێڕانەوەی هاوڕێی غەزال، کاتێک ناوبراو بە سەختی بریندار دەبێت، بۆ وەرگرتنی چارەسەر دەگەیەنرێتە چەند نەخۆشخانەیەک، بەڵام لە بەشێکیان بەهۆی ترسی ئەمنیی، نەبوونی مۆڵەت و بیانووی جۆراوجۆرەوە رەتدەکرێتەوە.

لە نەخۆشخانەی بەخشیندا، بریندارەکە بۆ ماوەی 15 بۆ 20 خولەک تەنها لەبەر ئەوەی چاوەڕێی مۆڵەتی ئیداری کراوە، لە بەردەم بەشی چاودێری ورددا وەستێنراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپێی یاسای ئەرك و مافەکانی نەخۆش ژمارە 4ی ساڵی 2020، وەرگرتنی چارەسەر مافێکی بنەڕەتی و بێ مەرجە و لە حاڵەتی لەناکاودا پێویست بە وەرگرتنی مۆڵەت ناکات.

ڕەهەندە یاساییەکان و هەڵوێستی لایەنە پەیوەندیدارەکان

پارێزەری ڕاوێژکار ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە نەخۆشخانەی شۆڕشیش کراوە و داوا لە دەزگای تەندروستی پێشمەرگە کراوە لیژنە دروست بکات بۆ ئەوەی هۆکاری نەکردنی چارەسەری سەرەتایی و نەدانی وەرەقەی ئیحالە ڕوون بکەنەوە.

ئەگەر تاوان و کەمتەرخەمی لەسەر ئەو کەسانە یەکلا ببێتەوە، بەپێی ماددەی 411ـی سزادان ڕەنگە ڕووبەڕووی سزای تا پێنج ساڵ زیندانیکردن ببنەوە. هاوکات، لە لایەنی یاساییەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی نەبوونی سکاڵاکار لە کوردستان (لەبەر نەبوونی کەسوکار یان گرێبەستی فەرمی هاوسەرگیری هاوژینەکەی)، سکاڵای فەرمی تۆمار نەکراوە، بەڵام دەرگا کراوەیە بۆ ئەوەی هەرکاتێک کەسوکاری گەیشتن، ڕێکارە یاساییەکان تەواو بکەن.

کاردانەوەکانی ڕای گشتی و مرۆیی

شەهیدبوونی غەزال مەولان لە تەمەنی 20 ساڵیدا، شەپۆلێکی گەورەی نیگەرانی و کاردانەوەی لای ڕای گشتی، رێکخراوەکان (وەک سەنتەری میترۆ) و بەرپرسان دروست کرد. ڕەخنەی توند ئاراستەی ئەو ڕێکارە توند و تابلۆیە ئەمنییانە کرا کە لە هەندێک لە نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەتدا دەگیرێنەبەر و گیانی مرۆڤ دەخەنە مەترسییەوە. جەخت لەوە کرایەوە کە لە کاتی قەیران و حاڵەتی جەنگیدا، پاراستنی ژیانی ئینسان پێش هەموو ڕێسا و ڕێنماییەکی ئیداری و ئەمنی دەكەوێت.

  • سیناریۆکانی واشنتۆن و تەلئەبیب دژی تاران؛ لە شکستی مانگی ئادارەوە تا گەڕانەوەی ئاماژەکانی ترەمپ بۆ بەکارهێنانی "کارتی کوردی"

  • چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێمی کوردستان؛ لە نێوان دەستپێشخەرییەکان و مەترسیی دیفاکتۆبوونی حکومەتی کاربەڕێکەردا

  • کەیسی شەهید غەزال مەولان سەرهەڵدەداتەوە؛ پێنج کارمەندی نەخۆشخانەی بەخشین ڕەوانەی دادگا کران

  • له‌ حه‌سه‌كه‌ی رۆژئاوای كوردستان چی ڕووده‌دات؟

  • ئێران هێرشەکانی بۆسەر حزبەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان چڕ کردووەتەوە

  • لە چەکدانانی پەکەکەوە تا دادگاییکردنی ئەندامانی؛ وردەکاریی پڕۆژەیاسای نوێی ئاشتی لە تورکیا

  • لە دڵنیایی مووچەی هەرێمەوە تا ململانێ لەگەڵ واشنتن و تاران؛ جووڵەکانی زەیدی ئایندەی عێراق بە کوێ دەگەیەنێت؟

  • ململانێی واشنتن و تاران لەسەر "چیای قۆڵنگ"؛ ترەمپ هەڕەشەی لێدان دەکات و ئێران ڕەتی دەکاتەوە

  • شەوی ڕابردوو لە گۆیژە چی ڕوویدا؟

سەرەکی