12   کاتژمێر پێش ئێستا 88 جار خوێنراوەتەوە

فشارە سیاسییەکان هەڵمەتی دژە گەندەڵی لە عێراق سست دەکەنەوە

ئاشکراکردنی پارە و موڵکی زەبەلاح لە ڕێگەی دەستگیرکردنی ژمارەیەک تۆمەتبار بە گەندەڵی—لەوانەش عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە—دۆسیەی گەندەڵی کردەوە بە جێی باسی سەرەکی. ئەمە لەکاتێکدا بوو، داوا دەکرا هەڵمەتەکە بەرپرسانی هەرە باڵا بگرێتەوە و لە بەرپرسە بچووکەکاندا نەوەستێت، تاوەکو "حوتەکانی گەندەڵی" بگرێتەوە کە تێوەگلاون لە دۆسیە گەورەکانی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، بەڵام لە ئێستادا، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەژێر فشاردایە بۆ ڕاگرتنی هەڵمەتەکە؛ بە کرداریش هەڵمەتەکە سست بووەتەوە و خۆی لە سەرە گەورەکان دەبوێرێت.

لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا، شەوی شەممە سەر بە بەرەبەیانی یەکشەممە لەلایەن هاووڵاتییانی عێراقەوە وەک "شەوی ڕاوکردنی دزەکان" ناوبرا، چونکە هەڵمەتێکی فراوانی دژە گەندەڵی دەستیپێکرد. لەو کاتەوە زیاتر لە ۲۰٠ بەرپرس، پەرلەمانتار، بازرگان و کەسایەتی دەستگیرکراون، تاوەکو ئێستاش سەدان ملیار دینار و دەیان موڵک لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەستیان بەسەردا گیراوە.

ڕۆژنامەی "الشرق الاوسط" لە زاری سەرچاوە عێراقییە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە کە هێزە سیاسییە زەرەرمەندەکان لە هەڵمەتی "بەرەبەیان"، کەوتوونەتە جووڵە بە ئامانجی فشارکردن لە حکومەتی عەلی زەیدی تا ئەو ڕێوشوێنانە ڕابگرێت کە لە دوو مانگی ڕابردوودا دژ بە دەستبەسەرکراوەکان گیراونەتەبەر، هەروەها پاشگەزی بکەنەوە لە ڕەوتی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکان.

 ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە، ئەو هێزانە پێیان وایە بە لەبەرچاوگرتنی گرژییە ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە، دۆخی سەرۆکوەزیران ناجێگیرتر بووە و چڕکردنەوەی فشارەکان لەسەری لەم قۆناغەدا دەتوانێت توانای بەردەوامبوونی سنووردار بکات.

لە بەرامبەردا، سەرچاوەیەکی حکومی ئەو ڕاپۆرتە میدیاییانەی ڕەت کردەوە کە سەبارەت بە ئەگەری دەستلەکارکێشانەوەی زەیدی بڵاو ببوونەوە، و دووپاتی کردەوە ئەو ڕاپۆرتانە دوورن لە ڕاستییەوە و ئامانجیان شێواندنی دۆخی سیاسی و لاوازکردنی پێگەی سەرۆکوەزیرانە. ئەم ڕەتکردنەوەیە دوای ئەوە هات کە سەرچاوەکانی نزیک لە "چوارچێوەی هەماهەنگی" دەنگۆی ئەوەیان بڵاو کردبۆوە کە زەیدی هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کردووە، بەهۆی هاوکاری نەکردنی هێزە سیاسییەکان لەگەڵ هەڵوێستەکانیدا.

شایەنی باسە، عێراق لە ڕووی شەفافییەتەوە لە ڕیزبەندی ۱۳٦ـەمینی جیهاندایە (لە کۆی ۱۸۲ دەوڵەت بۆ ساڵی ۲۰۲٥)، و لەسەر ئاستی دەوڵەتانی عەرەبیش لە ڕیزبەندی هەشتەمدایە؛ واتە یەکێکە لەو دەوڵەتانەی زۆرترین کاریگەریی گەندەڵی لەسەرە.

  • موجتەبا خامنەیی زیندووە؛ ئەمریکا و ئیسرائیل بۆچی نەیانتوانیوە شوێنی بدۆزنەوە؟

  • عێراق سەرەڕای کەمبوونەوەی داهاتیی نەوتیی چۆن توانیویەتی بەردەوام بێت لە دابەشکردنی مووچە؟

  • فشارە سیاسییەکان هەڵمەتی دژە گەندەڵی لە عێراق سست دەکەنەوە

  • لە نێوان ئیرادەی چارەسەر و مەرجە توندەکانی دەسەڵاتدا؛ مشتوموڕ لەسەر گەڕانەوەی گەریلا و داهاتووی پرۆسەی ئاشتی گەرمتر دەبێت

  • ئارامییەکی هۆشدارانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ گفتوگۆی پاش هەڕەشە

  • سێ مانگی پڕ لە تراژیدیا و ٤٣ ساڵ لە چاوەڕوانی؛ چیرۆکی ئەنفالی هەشت هەزار بارزانیی

  • لە مەغریب چی ڕوودەدات؟ هەزاران كەس وڵاتەكەیان جێدەهێڵن و ڕوودەكەنە ئیسپانیا

  • ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان ناوەکەی دەگۆڕێت یان هەڵدەوەشێتەوە؟

  • پزیشکان هۆشداری دەدەن؛ ژمارەی ڕاستەقینەی تووشبووانی شەکرە لە سلێمانی دوو هێندەی ئامارە فەرمییەکانە

سەرەکی