11   کاتژمێر پێش ئێستا 79 جار خوێنراوەتەوە

عێراق سەرەڕای کەمبوونەوەی داهاتیی نەوتیی چۆن توانیویەتی بەردەوام بێت لە دابەشکردنی مووچە؟

لە کاتێکدا پاشەکشەی گەورە لە داهاتی نەوتیی ڕوویداوە، بەڵام چوار مانگە عێراق توانیویەتی مووچە دابەش بکات، هەرچەندە پارەی مووچە زیاتر لە حەوت ترلیۆن دیناری مانگانەیە بە مووچەی هەرێمی کوردستانیشەوە.ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی مەدای عێراقی، هەرچەندە بەشێک لە هەناردەی نەوتی لە رێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" ەوە دەستیپێکردووەتەوە، ئەمەش درزی نێوان داهات و خەرجییەکانی کەم کردووەتەوە، بەڵام کارەکتەری یەکلاکەرەوەی بەردەوامیی خەرجییە حکومییەکان پەیوەندی بە بانکی ناوەندیی عێراقەوە هەیە، لە ساڵانی رابردوودا بانکی ناوەندیی زیاتر لە ٤٣ ترلیۆن دیناری خستووەتە بازاڕەوە ئەویش لە رێگەی نەختینە و کەمکردنەوەی بەشێک لە یەدەگە کەڵەکەبووەکانی.

بەپێی داتاکانی سۆمۆ و وەزارەتی نەوت، داهاتی نەوت لە مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی ٢٠٢٦ بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو دابەزیوە، بەشێوەیەک کۆی داهات لەماوەی ٦١ رۆژدا دوو ملیار و ٣٣٠ ملیۆن دۆلار بووە، لە کاتێکدا بە تەنها مانگی شوباتی رابردوو لە ماوەی ٢٨ رۆژدا داهاتی نەوتی عێراق گەیشتووەتە شەش ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار.

لەو داهاتەش کە لە مانگی ئایار و حوزەیراندا هەبووە، لەنێوان ١٧ بۆ ٢٤ لە سەدی دەستهەقی کۆمپانیا بیانیەکانە کە لە کەرتی نەوتی عێراق کار دەکەن، بە کوردییەکەی واتە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی عێراق دوو ترلیۆن و نیو دیناری تێنەپەڕاندووە، لە کاتێکدا خەرجی مانگانە زیاتر لە حەوت هێندە بووە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، قەبارەی خەرجیی حکومەت لە پێنج مانگی یەکەمی ٢٠٢٦ دا، زیاتر لە ٤٦ ترلیۆن و ٦٩ ملیار دینار بووە، پێشبینیش دەکرێت لە کۆتایی نیوەی دووەمی ئەمساڵ بگاتە زیاتر لە ٥٥ ترلیۆن دینار، ئەمەش هەمان خەرجیی ساڵی ٢٠٢٥ ە کە ٥٦ ترلیۆنی تێپەڕاند.

لە بەرامبەردا داهات بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٥ دا ٦٢ ترلیۆن دیناری تێپەڕاند، کە ٥٧ ترلیۆنی داهاتی نەوت و پێنج ترلیۆنیشی داهاتی نانەوتیی بوو، بەڵام لە هەمان ماوەی ٢٠٢٦ دابەزیوە بۆ ٣٥ ترلیۆن و ٥٦ ملیار دینار، ئەمەش نزیکەی نیوەی داهاتی ساڵی رابردووە.

سەرەڕای ئەم ژمارانەش، حکومەتی عێراق بە چەند هۆکارێک توانیویەتی بە دواکەوتنەوە مووچە دابەش بکات، کە دیارترینیان دەستبردنە بۆ ڕاکێشانی پارەی یەدەگی بیانی، رێگایەکی تریش کە پسۆڕان هۆشدارییان لە بارەوە داوە چاپکردنی پارەیە، لەگەڵ کەمکردنەوەی خەرجیی بەکاربردن و وەبەرهێنان، ئەمە جگە لە گێڕانەوەی ئەو پارەیەی لە چەندین دۆسیەی گەندەڵی بەهەدەر دراون.

سەرەڕای زیادبوونی خستنەڕووی نەختینەی دینار بەڵام بەهاکەی لەماوەی رابردوودا بەرزبوەوە، ئەمەش پەیوەندی بە سروشتی بازاڕی پارەوە هەیە، کە بەپێی ئامرازە کارپێکراوەکانی بازاڕی دراویی جیهانی ناڕوات بەرێوە، بانکی ناوەندیی تاکە لایەنە نرخی دینار و دۆلار دیاری دەکات، بەڵام گەورە بازرگان و سەرمایەدارەکانیش رۆڵێکی گەورەیان هەیە لە بازاڕدا، واتە بە تەنها خواست و خستنەڕوو لە بازاڕی عێراق رۆڵ نابینێت.

بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندیی عێراق، چاپکردنی دینار لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥، ٩٩ ترلیۆن و ٧٩ ملیار دینار بووە، بەڵام تا کۆتایی ئایاری ٢٠٢٦ بەرزبووەتەوە بۆ ١١٣ ترلیۆن و ٥٦ ملیار دینار، واتە زیاتر لە ١٣ ترلیۆن دینار لەماوەی پێنج مانگدا زیادیکردووە، بەڵام بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک لە ١٥٧ هەزار دینارەوە دابەزیوە بۆ خوار ١٥٠ هەزار دینار.

لە ساڵی ٢٠٢٣ یەدەگی دراوی بیانی لە عێراق نزیکەی ١٥٠ ترلیۆن دینار بووە، بەڵام لە تەموزی ٢٠٢٦ دا دابەزیوە بۆ ١٠٢ ترلیۆن دینار، ئەمەش دەریدەخات پارەیەکی زۆری یەدەگ بۆ خەرجیی حکومەت راکێشراوە، بە بێ ئەوەی سەقامگیری دارایی و نەختینەیی هەبێت کە ئەمەش بە وتەی پسپۆڕان مەترسییەکی گەورەیە.

 

  • موجتەبا خامنەیی زیندووە؛ ئەمریکا و ئیسرائیل بۆچی نەیانتوانیوە شوێنی بدۆزنەوە؟

  • عێراق سەرەڕای کەمبوونەوەی داهاتیی نەوتیی چۆن توانیویەتی بەردەوام بێت لە دابەشکردنی مووچە؟

  • فشارە سیاسییەکان هەڵمەتی دژە گەندەڵی لە عێراق سست دەکەنەوە

  • لە نێوان ئیرادەی چارەسەر و مەرجە توندەکانی دەسەڵاتدا؛ مشتوموڕ لەسەر گەڕانەوەی گەریلا و داهاتووی پرۆسەی ئاشتی گەرمتر دەبێت

  • ئارامییەکی هۆشدارانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ گفتوگۆی پاش هەڕەشە

  • سێ مانگی پڕ لە تراژیدیا و ٤٣ ساڵ لە چاوەڕوانی؛ چیرۆکی ئەنفالی هەشت هەزار بارزانیی

  • لە مەغریب چی ڕوودەدات؟ هەزاران كەس وڵاتەكەیان جێدەهێڵن و ڕوودەكەنە ئیسپانیا

  • ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان ناوەکەی دەگۆڕێت یان هەڵدەوەشێتەوە؟

  • پزیشکان هۆشداری دەدەن؛ ژمارەی ڕاستەقینەی تووشبووانی شەکرە لە سلێمانی دوو هێندەی ئامارە فەرمییەکانە

سەرەکی