2 کاتژمێر پێش ئێستا
54 جار خوێنراوەتەوە
کێشەکانی کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی راگەیاندن؛ لە ڕاگیرانی خزمەتگوزارییەوە تا دەستبەسەرداگرتنی سامانەکان
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق تۆمەتبار دەکات بە هەڵوەشاندنەوەی ناپێویست و نایاساییی گرێبەستی پاکتاوی نێوانیان و ڕایدەگەیەنێت کە ئەو کارە لە دەسەڵاتی سەرۆکی جێبەجێکاری ئەو دەستەیەدا نییە، چونکە بڕیاری پاکتاوکردنەکە لەلایەن دەسەڵاتی باڵاترەوە دراوە.
لە بەرامبەردا، کۆڕەک تیلیکۆم داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات دەستوەردان بکات بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانیان و جەخت دەکاتەوە کە لە بەرگریکردن لە مافە یاساییەکانیان بەردەوام دەبن. ئەم هەڵوێستەی کۆڕەک دوای ئەوە هات کە ڕایگەیاند بەگوێرەی ڕاسپاردەی لیژنەیەکی حکومی کە سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٥ ڕەزامەندی لەسەر داوە، بڕیار بوو پاکتاوکردن لەنێوانیان بێتە ئاراوە و لەبەرامبەردا گرێبەستی کارکردن بە خزمەتگوزاریی نەوەی چوارەمیان پێ بدرێت.
بەڵام تاوەکو ٢ی حوزەیرانی ئەمساڵ چەندین نووسراو لەنێوانیان ئاڵوگۆڕ کراوە بەبێ ئەوەی بەربەستەکانی بەرپێی واژۆکردنی گرێبەستی کارپێکردن بە خزمەتگوزارییەکە چارەسەر ببن، کە دەرئەنجام بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی پاکتاوکردنەکە لەلایەن دەستەکەوە.
لە بەرامبەردا، دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق بە فەرمی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند بەهۆی کۆتاییهاتنی گرێبەستی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی پاکتاوکردن لەگەڵیدا، زنجیرەیەک ڕێکاری یاسایی، دارایی و کارگێڕییان بەرامبەر کۆمپانیاکە گرتووەتەبەر.
دەستەکە ئاشکرای کرد کە دەستی بەسەر سەرجەم سامانە گوازراوە و نەگوازراوەکانی کۆڕەکدا گرتووە لەپێناو ڕێکخستنەوەی کەرتی پەیوەندییەکان و پاراستنی مافی بەشداربووان. هاوکات جەختی لەسەر بەردەوامیی ڕێکارەکان کردەوە بۆ ڕاگرتنی تەواوەتی کارەکانی کۆمپانیاکە و ڕێنمایی بەشداربووانی کرد کە بەشدارییەکانیان نوێ نەکەنەوە، باڵانس پڕ نەکەنەوە و لە هیچ خزمەتگوزارییەکی نوێدا بەشدار نەبن تا تووشی زیانی ماددی نەبن. هەروەها داوای لە بەشداربووان کرد سیمکارتەکانیان لای خۆیان بپارێزن و ڕادەستی هیچ لایەنێکی نەکەن تا ڕێکاری نوێ ڕادەگەیەنرێت.
سەبارەت بە موڵک و زانیارییەکانی کۆمپانیاکە، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان داوای لە سەرجەم فەرمانبەران و هاوبەشانی گرێبەستەکانی کۆڕەک کردوو کە پارێزگاری لە کەلوپەل و زانیارییە کەسی و دارایی و یاساییەکان بڕیار بدەن و دزەیان پێ نەکەن، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە. جگە لەوەش، ڕێنمایی ئاڕاستەی خاوەن ماڵ و باڵەخانەکان کراوە کە بورجەکانی کۆڕەکیان لەسەرە، تاوەکو ڕێگە بە کارمەندانی کۆڕەک یان هیچ کۆمپانیایەکی دیکە نەدەن بچنە سەر بورجەکان یان ئامێرەکان بگوازنەوە و پارێزگاری لە کەلوپەلەکان بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، ڕەهەندە دارایی و مێژووییەکانی ئەم کێشەیە ئاڵۆزییەکی زۆریان تێدایە؛ کۆڕەک تیلیکۆم کە خاوەندارییەتییەکەی بۆ سیروان بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە، خاوەنی نزیکەی ١٠ ملیۆن بەشداربووە و بە بڕی یەک ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دۆلار قەرزاری دەوڵەتی عێراقە، کە بەهۆی نەدانی ئەم قەرزانەوە لە بەرواری ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ەوە پەیوەندییەکانی بە تۆڕەکانی ئاسیاسێڵ و زەین وەستێنراوە. ئەم سزادانە و ڕاگرتنی خزمەتگوزارییەکان گرفتی گەورەی بۆ ملیۆنان بەشداربووی هێڵەکانی کۆڕەک و تۆڕەکانی تر دروست کردووە و سەدان هەزار هاووڵاتی لە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و پەیوەندیی تەلەفۆنی بێبەش کردووە.
سەبارەت بە کێشەی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی کۆڕەک، کۆمپانیاکانی ئەجێلێتی کوەیتی و ئۆرنج پێشتر ٤٤٪ی پشکەکانی کۆڕەکیان بەدەستەوە بوو. بەپێی سەرچاوەیەک لە کۆڕەک تیلیکۆمەوە، لە سەرەتای هاوبەشیکردنی ئەجێلێتی، بەهۆی پابەندندەنەبوونیان بە مەرجەکان و گوێنەدان بە ئاگادارکردنەوەکانی حکومەت، دەستەی گەیاندن بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هاوبەشییەکەی دا. دواتر ئەجێلێتی لە دادگای نێودەوڵەتیی (ICSID) لە ئەمریکا داوای یاسایی تۆمار کرد بەڵام کەیسەکەی دۆڕاند.

دوابەدوای هاتنی داعش و قەیرانی دارایی، ئەجێلێتی و ئۆرنج داوایان کرد ٧٪ی دیکەی پشکەکان بکڕن، بەڵام دوای هێنانی کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی بۆ نرخاندن، کۆڕەک بە ١١٠ ملیۆن دۆلار خەمڵێنرا. ئەمەش وایکرد کۆمپانیای ئەجێلێتی داوایەکی تر لە دەستەی دادگەری (هیئة تحکیم) لە دوبەی تۆمار بکات و دادگای ناوبراو بڕیاری سزادانی کۆڕەکی بە بڕی یەک ملیار و ٦٥٠ ملیۆن دۆلار دەرکرد، کە لە ئێستادا ئەو بڕیارە لە قۆناغی تێهەڵچوونەوەدایە.
-
ڕێککەوتنی سەربازیی تورکیا، سعودیە و پاکستان لە مەککە؛ بەربەستێک لە بەرامبەر نەخشەی نوێی ئەمریکا و ئیسرائیل
|
-
کێشەکانی کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی راگەیاندن؛ لە ڕاگیرانی خزمەتگوزارییەوە تا دەستبەسەرداگرتنی سامانەکان
|
-
عێراق بۆ رزگاربوون لە هورمز؛ دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت هەمەجۆر دەکات
|
-
تەڤگەری ئازادی مەرجەکانی بۆ "یاسای چوارچێوە" ڕادەگەیەنێت؛ ئازادیی ئۆجالان و کۆتاییهێنان بە زمانی سەپاندن
|
-
تەڵەی میدیایی ئێران؛ راستیی ئەو ڤیدیۆیەی بەناوی "دەرکەوتنی نوێی" موجتەبا خامنەیی بڵاوکرایەوە
|
-
ئێران گەرووی هورمزی کردووەتە مەیدانی جەنگ؛ گەرووەکە ناکاتەوە تا ئەمریکا مەرجەکانی جێبەجێ نەکات
|
-
"بەنزین گڕی بەرداوەتە گیرفانی هاووڵاتیان؛ حکومەت نەیتوانی نرخەکەی کۆنترۆڵ بکات و کۆمپانیا مامەڵەی پێوەدەکات"
|
-
یاسای چارەسەری کلیلێک بۆ ئاشتی، بەڵام بەبێ دانپێدانان بە ناسنامەی کورد
|
-
هەرێمی كوردستان نزیکە لەوەی ببێتە خاوەن ڕیكۆردی بەرزترین نرخی بەنزین لە جیهاندا
|
|
|
|