1 کاتژمێر پێش ئێستا
47 جار خوێنراوەتەوە
ڕێککەوتنی سەربازیی تورکیا، سعودیە و پاکستان لە مەککە؛ بەربەستێک لە بەرامبەر نەخشەی نوێی ئەمریکا و ئیسرائیل
دروستکردنی قەڵغانی سێقۆڵی و ئاشتی لەگەڵ کورد؛ ستراتیژیی نوێی ئەنقەرە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل
ڕێککەوتنی بەرگریی سێقۆڵی لە نێوان هەرسێ دەوڵەتی تورکیا، سعودیە و پاکستان کە لە ٧ی ئابدا لە شاری مەککە واژۆ کرا، نوێنەرایەتی دەستپێشخەرییەکی ئەمنیی نوێ و خێرا دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە ڕواڵەتدا ئەم ڕێککەوتنە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیە کە بەهۆی پاشەکشەی سیاسی و سەربازیی ئێران لە ناوچەکەدا دروست بووە، بەڵام لە کرۆکدا هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ دروستکردنی قەڵغانێک لە بەرامبەر گەورەترین مەترسیی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بریتییە لە زیادبوونی هێز، قورسایی و ڕکابەریی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
سەرەڕای ئەوەی ئێران بە هێزێکی سەربازیی کاریگەر و ناوچەیی دەژمێردرێت، بەڵام شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە سنووری تواناکانی تارانیان دەرخست، بەتایبەت لە نەبوونی باڵادەستیی ئاسمانی و بێتوانایی لە بەرپەرچدانەوەی هێرشە ئاسمانییەکاندا.
ئەم دۆخە بووەتە مایەی دروستبوونی پرسیارێکی ستراتیژی لای داڕێژەرانی سیاسەتی تورکیا و سعودیە، ئەویش ئەوەیە: ئەگەر پاشەکشە بە ئێران بکرێت و هەژموونی کەم ببێتەوە، کێ ئەو بۆشاییە جیۆپۆلیتیکییە پڕ دەکاتەوە؟ بۆ دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە، گەیشتنی ئیسرائیل بە باڵادەستیی هەمیشەیی—کە پاڵپشتیکراوە بە هەژموونی ئاسمانی، توانای هەواڵگریی بەهێز، هێرشی دوورمەودا و چەکی ئەتۆمی—تەواوی هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێکدەدات. لەگەڵ ئەوەشدا، لێدوانە یەک لەدوای یەکەکانی بەرپرسانی ئیسرائیلی لە پێشتریشدا و بەردەوامیی پێدانی هۆشداری و لێدانی زەنگی شەڕی داهاتوو ڕوو لە تورکیا بەوەی کە "ڕەنگە تورکیا ئامانجی داهاتوو بێت"، ئەو ترسەی ناوخۆی ئەنقەرەی زیاتر کردووە و ناچاری کردوون بە شێوەیەکی کرداری بەدوای هاوپەیمانی نوێ و هێزی هاوسەنگەردا بگەڕێن.

پاڵنەرێکی دیکەی بەهێز بۆ بەستنی ئەم ڕێککەوتنە سێ قۆڵییە، تێگەیشتنی تەواوە لە سیاسەتی چەسپاو و بێگۆڕانی واشنتۆن لە پاراستنی ئیسرائیل و باڵادەستکردنی لە ناوچەکەدا. هاوکات بێئومێدبوونی ڕیاز لە پاراستنی ئەمریکی بۆ ئاسایشی کەنداو و چارەسەرنەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تورکیا لەگەڵ واشنتۆن—بە تایبەت لە پرسی دوورخستنەوەی لە بەرنامەی فڕۆکەی F-35—و بەردەوامیی یاریپێکردنی ئەمریکا بە بەرژەوەندییەکانی تورکیا، هۆکاری سەرەکی بوون بۆ دەرچوونی ئەم وڵاتانە لە ژێر سێبەری بڕیاری ئەمریکی.
لە هەمان کاتدا، سوریا و لوبنان بوونەتە گۆڕەپانی بەریەککەوتنی حەتمی لە نێوان لایەنەکاندا. پەرەسەندنی بوونی سەربازیی تورکیا لە سوریا و ئەگەری ڕۆڵبینینی زیاتری لە داڕشتنەوەی پێکهاتەی ئاسایشی لوبناندا، ڕاستەوخۆ بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیلی خستووەتە مەترسییەوە، بە جۆرێک تەلئەبیب بە ئاشکرا دروستکردنی بنکەی سەربازیی تورکیا لە ناوچەکەدا بە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ دەزانێت.

بەم پێیە، ئەگەر چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەی مەککە فراوانتر بێت و وڵاتانی دیکەی وەک سوریا یان قەتەر بگرێتەوە، ئەوا گۆڕەپانی شام دەبێتە خاڵی ڕووبەڕووبوونەوەی حەتمی و ستراتیژیی نێوان ئەنقەرە و تەلئەبیب. هەر ئەم پێشهاتە چاوەڕوانکراوانەش وایکرد تورکیا بە زیرەکانە لە ناوخۆدا دەست بۆ پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد ببات (لە ڕێگەی دەستپێشخەری و تەوقەکەی باخچەلییەوە) و لە دەرەوەش زۆر بە خێرایی هاوپەیمانییەکی ئەمنیی وەک ڕێککەوتنی مەککە بونیاد بنێت، تا بتوانێت لانی کەم دەستی ئیسرائیل و پەلهاوێشتنی لە ناوچەکەدا کورت و سنووردار بکات و ئەو بۆشاییەی لە ئەنجامی پاشەکشەی سیاسی و سەربازیی ئێران دروست دەبێت خۆیان پڕی بکەنەوە، نەک بخرێتە دەست ئەمریکا و ئیسرائیل.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڵوێستی خۆی لەبارەی ڕێککەوتنی مەککە دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە ئەو ڕێککەوتنە جێگەی ترسی ئەوان نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی گۆڕانکاریی دیدگای ئەو وڵاتانەیە بۆ ناوچەکە بە ئاراستەی سیاسەتەکانی ئەمریکا.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کە وڵاتانی ناوچەکە درکیان بەوە کردووە ئاسایش شتێک نییە لەوانە بکڕدرێت کە بەڵێنی درۆ دەدەن، وەک ئاماژەیەک بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختیشی کردۆتەوە کە هر پلانێک پشت بە ڕاستیی جیۆسیاسی و مێژوویی ناوچەکە ببەستێت، گشتگیر بێت و دوژمن بە ڕاستی و ڕاستەوخۆ دیاری بکات، دەکرێت بەشدار بێت لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و ڕێگری لە تێکدانی ئاسایش و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی.
-
ڕێککەوتنی سەربازیی تورکیا، سعودیە و پاکستان لە مەککە؛ بەربەستێک لە بەرامبەر نەخشەی نوێی ئەمریکا و ئیسرائیل
|
-
کێشەکانی کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی راگەیاندن؛ لە ڕاگیرانی خزمەتگوزارییەوە تا دەستبەسەرداگرتنی سامانەکان
|
-
عێراق بۆ رزگاربوون لە هورمز؛ دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت هەمەجۆر دەکات
|
-
تەڤگەری ئازادی مەرجەکانی بۆ "یاسای چوارچێوە" ڕادەگەیەنێت؛ ئازادیی ئۆجالان و کۆتاییهێنان بە زمانی سەپاندن
|
-
تەڵەی میدیایی ئێران؛ راستیی ئەو ڤیدیۆیەی بەناوی "دەرکەوتنی نوێی" موجتەبا خامنەیی بڵاوکرایەوە
|
-
ئێران گەرووی هورمزی کردووەتە مەیدانی جەنگ؛ گەرووەکە ناکاتەوە تا ئەمریکا مەرجەکانی جێبەجێ نەکات
|
-
"بەنزین گڕی بەرداوەتە گیرفانی هاووڵاتیان؛ حکومەت نەیتوانی نرخەکەی کۆنترۆڵ بکات و کۆمپانیا مامەڵەی پێوەدەکات"
|
-
یاسای چارەسەری کلیلێک بۆ ئاشتی، بەڵام بەبێ دانپێدانان بە ناسنامەی کورد
|
-
هەرێمی كوردستان نزیکە لەوەی ببێتە خاوەن ڕیكۆردی بەرزترین نرخی بەنزین لە جیهاندا
|
|
|
|