2026-08-20
255 جار خوێنراوەتەوە
لە دوای هێرشەکەی ئیدلب؛ ململانێکانی ئیسرائیل و تورکیا توندتر دەبنەوە
نەتەنیاهۆ و کاتس: ڕێگە بە هیچ هێزێکی تورکیا نادەین لە سووریا
بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە توندی هۆشداریی دا کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە هیچ ئامادەبوونێکی سەربازیی تورکیا لە خاکی سووریادا نادەن کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەیان.
نەتەنیاهۆ ئاماژەی بەوە کرد کە پەیامەکەیان بە ڕوونی ئاڕاستەی ئەنقەرە کردووە و بە شێوازێکی کرداری بۆیان ڕوون کردوونەتەوە تا تێبگەن. هاوکات نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوە کرد کە ئیسرائیل و سووریا گەیشتبوونه لێکتێگەیشتن لەسەر دۆخی ئاسایش، بەڵام دیمەشق هەوڵی داوە ئهو رێککەوتنە بشکێنێت لە ڕێگەی ڕێگەدان بە بڵاوبوونەوەی هێزەکانی تورکیا و جێگیربوونیان لە بنکەیەکی ئاسمانیی نزیک حەلەب.

لە لایەکی دیکەوە، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هێرشی توندی کردە سەر سەرۆکی تورکیا و ڕایگەیاند کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وڵاتەکەی دەکێشێتە ناو سەرکێشییەکی مەترسیدارەوە لە سووریا. کاتس لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی، باشترە ئەردۆغان لەبری تاقیکردنەوەی پێداگریی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی، بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی وتارە پووچ و چەواشەکارەکانی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی، چونکە ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات هیچ لایەنێک ئاسایشی سنوورەکانی بخاتە مەترسییەوە.
ئەم لێدوانە توندانەی سەرکردایەتیی ئیسرائیل هاوکت بوون لەگەڵ سەردانی ئیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بۆ باشووری سووریا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەفسەرە باڵاکان، کە تێیدا جەختی کردەوە ڕێگە بە جێگیربوونی هیچ هێزێکی دووژمن لە نزیک سنوورەکانیان نادەن. ئەم پێشهاتانەش ڕاستەوخۆ دوای ئەوە هاتن کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ڕێگەی هەشت هێرشی ئاسمانییەوە بەرەبەیانی سێشەممە ڕێڕەوی فڕینی فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبو زهوریان لە ڕۆژهەڵاتی ئیدلب بۆردومان کرد، کە پیشتر وەفدێکی سەربازیی تورکیا سەردانیان کردبوو.

ئەم کردەوە سەربازییەی ئیسرائیل کاردانەوەی توندی نێودەوڵەتی و هەرێمیی لێکەوتەوە. ئەمریکا بە ئاشکرا ڕەخنەی لە ئیسرائیل گرت؛ تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سهرۆكی ئهمریكا بۆ کاروباری عێراق و سووریا، ڕایگەیاند واشنتۆن دوودڵیی قووڵی هەیە بەرامبەر ئەم هێرشانە و بە ئاڵۆزکردنێکی ناپێویست و بێپاساوی دەزانێت، و داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد پەنا بۆ گفتوگۆ ببەن.
لای خۆشیەوە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا هێرشەکەی بە دوژمنکاری دژی سەروەریی خاکی سووریا ئەژمار کرد و ڕایگەیاند کە دیمەشق دان بەخۆیدا دەگرێت بۆ ڕێگری لە ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە، هاوکات داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد ئیدانەی هەڵوێستەکانی ئیسرائیل بکات.
هەروەها ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، بۆ ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" ڕوونی کردەوە کە هیچ بوونێک یان ئامانجێکی سەربازیی تورکیا لە بنکەی ئەبو زهور نەبووە و ناوچەکە خاڵی بووە، و پێشتریش ئەم ڕاستییەی بە ئیسرائیل ڕاگەیاندووە. ئاکسیۆس ئاشکراشی کرد کە ڕۆمان گۆفمان، سەرۆکی مۆساد، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شەیبانی تاوتوێی ئەم پرسەی کردووە، کە بە بەرزترین ئاستی پەیوەندیی هەردوولا دادەنرێت لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد.

لە وەڵامدا، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا تەواوی قسەکانی نەتەنیاهۆی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند بەڵگە و بانگەشەکانی ئیسرائیل بێبنەمان و تەنها بۆ پاساوهێنانەوەیە بۆ هێرشە نایاساییەکانی. ئەنقەرە جەختی کردەوە کە ڕێگە بە تێکدانی سەقامگیریی سووریا نادات و بەردەوام دەبێت لە هاوکاریی حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە.
شایەنی باسە، فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبو زهور کە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی ئیدلب و حەما و حەلەب، لە ساڵی ٢٠١٢وە لە خزمەت کەوتووە. دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە کۆنترۆڵ کرا و لە ٢٠١٨ کەوتەوە دەست ڕژێمی پێشوو، لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤دا جارێکی تر کەوتەوە دەست هێزەکانی دەسەڵاتی نوێ لە سووریا.
-
هەژماری من کێشەی دابەشکردنی مووچەی چارەسەرکرد یان گەورەتری کرد؟
|
-
لە دوای هێرشەکەی ئیدلب؛ ململانێکانی ئیسرائیل و تورکیا توندتر دەبنەوە
|
-
سەرۆکی حکومەت هۆشداری لە کشانەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا دەدات و داوای پاراستنی ژێرخانی هەرێم دەکات
|
-
ئاڵۆزبوونی کێشەکانی کۆڕەک تیلیکۆم؛ بەغدا هۆشداری دەدات و سیروان بارزانیش بڕیارەکان بە نایاسایی دەزانێت
|
-
ئەو بومەلەرزە سیاسییەی تورکیای هەژاندووە چییە؟
|
-
قەیرانی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە ئەڵمانیا؛ چین جێگەی براندە جیهانییەکان دەگرێتەوە
|
-
ئیسرائیل دواى زیاتر له چوار دهیه تهرمى سهربازێكى دهگهڕێنێتهوه
|
-
لە نێوان فشاری میلیشیاکان و وادەی ڕادەستکردنی چەکدا؛ ئایا زەیدی دەتوانێت بەرەنگاری هەژموونی ئێران ببێتەوە؟
|
-
گورزێك دواى جوڵهى توركیا؛ ئهمریكا به گرژییهكى ناپێویست ئیسرائیل تۆمهتبار دهكات
|
|
|
|