1     کاتژمێر پێش ئێستا 43 جار خوێنراوەتەوە

قەیرانی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە ئەڵمانیا؛ چین جێگەی براندە جیهانییەکان دەگرێتەوە

زیاتر لە 150 ساڵە پیشەسازیی ئۆتۆمبێل، وێنەیەکی جوان و بەڕەونەقی بۆ ئەڵمانیا دروست کردووە؛ بەو هۆیەشەوە بووەتە ناوەندێکی تەکنەلۆژیای ئاستبەرز و یەکێک لە بەناوبانگترین براندەکانی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا.

کۆمپانیاکانی وەک (مێرسیدس-بێنز، بی-ئێم-دەبلیو، ڤۆڵکسواگن، پۆرشە و ئاودی) ئەو پێشەنگییە لە بواری ئەندازیاری، داهێنان و تۆکمەییدا وێنا دەکەن و پیشەسازییەکەشی کەرتێکی زەبەلاحی ئابوورییە و دوای چین و ئەمریکا، ئەڵمانیا سێیەم وڵاتە لە ریزی پڕبەرهەمترین وڵاتانی دروستکردنی ئۆتۆمبێلدا.

بە پێی ئەو داتایانەی کە بڵاوکراونەتەوە، ئەڵمانیا لە ساڵی 2023دا داهاتی ئەو کەرتەی 564 ملیار یۆرۆ بووە و نزیکەی ملیۆنێک کەس لەو کەرتەدا کار دەکەن. ساڵانە زیاتر لە چوار ملیۆن ئۆتۆمبێل لە کۆمپانیاکانی ناو خاکی خۆیدا بەرهەم دەهێنێت کە سێ بەشیان هەناردەی دەرەوە دەکات، هەروەها نۆ ملیۆنیش لە کۆمپانیاکانی دەرەوەی وڵاتەکەی دروست دەکات. بەڵام ئەو ژمارانە هی ڕابردوون؛ چونکە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی ٪24 کەمیان کردووە. لەبەر ئەوەش دەیان هەزار کرێکار و کاسبکار نێردراونەتەوە ماڵەوە. چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی دەرکراوەکان بگاتە 100 هەزار کەس و ڕەنگە ئەو ژمارەیەش لە ساڵانی داهاتوودا ببێتە دوو هێندە.

پەتای کۆرۆنا، جەنگی سێ ساڵەی ڕوسیا و ئۆکرانیا، ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەککەوتنی هاتوچۆی کەشتیوانی، هۆکاری سەرەکین کە بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی وزەوە بۆ کارگەکان، قەیرانێکی وەهایان دروستکردووە کە لە مێژووی ئەڵمانیادا وێنەی نەبووە، بە جۆرێک کۆمپانیاکان بەرەو مایەپووچبوون و داڕمان دەچن.

لە بەرامبەردا، بەرهەمەکانی چین بەهۆی تێچووی کەم و هەرزانیی نرخەکانیانەوە، جێیان بە بەرهەمەکانی ئەڵمانیا لەق کردووە و ڕەواجیان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە؛ بۆیە بەرهەمی چینی لە سەرتاسەری جیهاندا بازاڕێکی باشی پەیدا کردووە. لە ساڵی ڕابردوودا، چین زیاتر لە 30 ملیۆن ئۆتۆمبێلی دروست کردووە و بەرهەمەکەی لەچاو ساڵانی پێشوودا زیادی کردووە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی حوزەیران، چین 15 ملیۆن ئۆتۆمبێلی بەرهەم هێناوە و پێنج ملیۆنیشی بۆ دەرەوە هەناردە کردووە. بە گشتی مانگانە زیاتر لە ملیۆنێک ئۆتۆمبێل دروست دەکات و لە ناوخۆ و دەرەوەدا ساغیان دەکاتەوە.

ئەوەی جێی سەرنجە، فرۆشی ئۆتۆمبێلی چینی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زۆر زیاتر بووە لە فرۆشی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی، ئەوروپی و ژاپۆنی، هەر لەبەر ئەمەشە ٪80ی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان دەیانەوێت جۆری بەرهەمەکانیان بگۆڕن بۆ کاڵای تر، لە کاتێکدا ٪25یان کارەکانیان فراوانتر دەکەن بۆ پیشەسازیی سەربازی و بەرگری؛ چونکە ئێستا لە هەموو جیهاندا فرۆشی چەک لە برەودایە و شەڕەکان لە چەند بەرەیەکەوە گەرمتر دەبن. ئەڵمانیاش لە دروستکردنی چەکدا متمانەیەکی جیهانیی بەهێزی هەیە و هەمیشە کڕیاریشی هەیە. هەندێکی دیکەشیان دەچنە ناو کەرتەکانی وزە، فڕۆکەوانی، تەکنۆلۆژیای پزیشکی و هێڵی ئاسنین. بەو پێیەش بێت، چین لە پیشەسازیی دروستکردن و ساغکردنەوەی ئۆتۆمبێلدا بە تەواوی جێی بە ئەڵمانیا لەق کردووە.

  • قەیرانی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە ئەڵمانیا؛ چین جێگەی براندە جیهانییەکان دەگرێتەوە

  • ئیسرائیل دواى زیاتر له‌ چوار ده‌یه‌ ته‌رمى سه‌ربازێكى ده‌گه‌ڕێنێته‌وه

  • لە نێوان فشاری میلیشیاکان و وادەی ڕادەستکردنی چەکدا؛ ئایا زەیدی دەتوانێت بەرەنگاری هەژموونی ئێران ببێتەوە؟

  • گورزێك دواى جوڵه‌ى توركیا؛ ئه‌مریكا به‌ گرژییه‌كى ناپێویست ئیسرائیل تۆمه‌تبار ده‌كات

  • ئایا تره‌مپ زه‌مینه‌سازیی بۆ كۆتاییهێنان به‌جه‌نگی ئێران ده‌كات؟

  • یاسای چوارچێوە لەلایەن سەرۆک کۆماری تورکیاوە پەسەندکرا و رۆژنامەی تورکیا بڵاویکردەوە

  • گرووپە چەکدارەکان هەڕەشە لە زەیدی دەکەن و داوای هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگە دەکەن

  • میدیایەکەی سعودی جەخت لە نێوەندگیری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا و ئێران دەکاتەوە

  • سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق پەشیمان بوونەوە: پاش كشانەوەی هاوپەیمانان چەك لە دەستی دەوڵەت كۆدەكرێـتەوە

سەرەکی