1     کاتژمێر پێش ئێستا 52 جار خوێنراوەتەوە

جووڵە سیاسییەکان و سکاڵا یاساییەکان؛ پارتی و یەکێتی لە ڕێککەوتندان و نەوەی نوێش لە چاوەڕوانیدا

لە کاتێکدا دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، چاوی لایەنە سیاسییەکان لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتە، لەم چوارچێوەیەشدا دادگای فیدراڵی بڕیاریدا دانیشتنە چاوەڕوانکراوەکە بۆ مانگی داهاتوو دوابخات.

دواخستنی دانیشتنی دادگای فیدراڵی

ڕۆژی 20ی ئەیلول، دادگای فیدراڵیی عێراق سێ سکاڵای پەیوەندیدار بە ماوەی یاسایی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانی تاوتوێ کرد، بەڵام بڕیاریدا دانیشتنەکە بۆ ڕێککەوتی 26ی تشرینی یەکەم (10/26) دوابخات.  

 سکاڵای یەکەم، لەلایەن رێبوار ئەورەحمان، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێوە لەسەر سەرۆکی حکومەت تۆمار کراوە، تیایدا داوا دەکرێت حکومەتی هەرێم لە 7/10/2023ەوە ماوەکەی بەسەرچووە و بە کاربەڕێکەر ئەژمار بکرێت، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی.

سکاڵای دووەم و سێیەم، لەلایەن عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێستەوە تۆمار کراون؛ یەکێکیان لەسەر سەرۆکایەتیی تەمەنی پەرلەمانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمان، و ئەوی تریان لەسەر سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە سەبارەت بە تەواوبوونی تەمەنی قانونیی حکومەت و دیاریکردنی سنووری دەسەڵاتەکانی بە شێوازێکی کاربەڕێکەر.

لێکنزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی و گرژییەکانی پێکهێنانی حکومەت

لە ئاستی نێوخۆیی حزبی و پێکهێنانی کابینەی نوێدا، لە هەنگاوێک بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە هەولێر کۆبوونەوەیەکی دووبەدوویان ئەنجامدا. سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچووە و لێکتێگەیشتنی باش لەسەر پرسە ناکۆکەکان دروست بووە.

هاوکات، ڕۆژی سێشەممە قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی بەریتانیا کۆبووەوە و جەختی لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە کردەوە.

بەپێی زانیارییەکانی پێگەی عێراقی "عالەم جەدید" بەهۆی گوشارە نێودەوڵەتییەکانەوە، پارتی و یەکێتی گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی نیمچە کۆتایی؛ بە جۆرێک کە سەرۆکایەتیی حکومەت لە دوو ساڵی یەکەمدا بۆ یەکێتی (قوباد تاڵەبانی) و لە خولی دووەمدا بۆ پارتی (مەسرور بارزانی) دەبێت، لە بەرامبەردا پۆستە سیادییەکان دابەش دەکرێن، هەرچەندە تاوەکو ئێستا فەرمی لەلایەن هەردوولاوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

هەڵوێستی لایەنەکانی تر و ڕونکردنەوەی نەوەی نوێ

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی جەخت دەکاتەوە، دانوستانەکان لە پشت کامێراکانەوە بەردەوامن و هەوڵی جدی بۆ لابردنی ئاستەنگەکان دەدرێت و لەم ڕۆژانەدا هەواڵی خۆش دەبیسترێت.

سەرەڕای واژۆکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی لە سەرەتای تەممووزی 2026دا، بەڵام سەرەتا هیمداد شاهین، وتەبێژی جووڵانەوەکە ڕایگەیاند کە بەشداریی حکومەت ناکەن. لە دوایین پێشھاتیشدا، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە لێدوانێکدا ڕوونکردنەوەی زیاتری دا و ڕایگەیاند "هاوپه‌یمانیی ئێمه‌و یه‌كێتیی ماوه‌، مه‌سه‌له‌ی چونه‌ ناو حكومه‌ت هیچ مه‌وزوع نییه‌".

شاسوار عەبدولواحید وتیشی " ئەگەر تێڕوانینی جیاوازیشمان هەبێت دوو حزبی جیاوازین، یەکێتی حزبێکە ڕەنگە 50 ساڵە وا هێنابێتی، ئێستا وا ئاسان نییە جەماعتێکی تازە بچین و من هەموو ڕۆژێک بە ڕەئیسی یەکێتی بڵێم با وا بکەین؛ ئەوانیش مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتییان هەیە و ڕەنگە کاتیان بووێت بێنە سەر ئەم تێڕوانینەی ئێمە، نیگەرانیش نییم لە کاک قوباد و شتەکەش شەخسی نییە و خوا هەڵناگرێت ئەوانیش روونکردنەوەیاندا وتیان باسی پێکهێنانی حکومەتمان نەکردووە."

جێی باسە، نزیکەی دوو ساڵ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت (کە لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 ئەنجام درا و تێیدا پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی و لایەنەکانی تریش کورسیی تریان بەدەستهێنا)، کەچی تاوەکو ئێستا پەرلەمان کارا نەکراوەتەوە و کابینەی دەیەمی حکومەتیش پێکنەهێنراوە.

  • ساڵی نوێی خوێندن لەگەڵ کێشەی دوو دەوامی و سێ دەوامی دەستیپێکردەوە

  • پانێڵ و لوتکە ئابوورییەکان لە هەرێمی کوردستان؛ کاتێک قسەکان لە هۆڵەکاندا دەمێننەوە و گەنجیش چاوەڕێی کارە

  • جووڵە سیاسییەکان و سکاڵا یاساییەکان؛ پارتی و یەکێتی لە ڕێککەوتندان و نەوەی نوێش لە چاوەڕوانیدا

  • لە بابولمەندەبەوە تا مەککە و مەدینە

  • لە هەوڵی کودەتاوە بۆ پاراستن؛ لە دانیشتنی دادگایی لاهور شێخ جەنگیدا چی وترا؟

  • یەکێتی؛ هونەری تواندنەوەی ڕکابەر و گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکان

  • گڵۆپەکەی نەوەی نوێ لە ڕووناککردنەوەی شەقامەوە بۆ تەمومژی هاوپەیمانیی دەسەڵات

  • سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئێران؛ جیاوازی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان و میدیای ئێرانی

  • قەیرانی گەرووەکان و هەڵاوسانی بێوێنە؛ هەرێمی کوردستان بێ ستراتیژ بەدیار گرانی و داڕمانی ئابورییەوە

سەرەکی